تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

وەرگێڕی ئنگلیزی - کوردی و سواڵکەرە ملیۆنێرەکە

Bardaqani

Bardaqani

بڵاوکراوەتەوە

2012/01/27

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔11۔ )

 

زانای ئەمریکی "وەرن ویڤەر" دەڵێت:‌ "کاتێک سەیری وتارێکی نووسراو بە زمانی ڕووسی دەکەم، دەڵێم:‌ ئەمە بە ئنگلیزی نووسراوە، بەڵام بە هەندێک هێمای سەیر کۆدکراوە، بۆیە شییان دەکەمەوە".
“When I look at an article in Russian, I say: This is really written in English, but it has been coded in some strange symbols. I will now proceed to decode.” Warren Weaver
لە وانەیە ئەم دەقە لە ساڵی 1947 نووسرابێت.
بەڕای منیش دەقی نووسراو بە هەر زمانێک دەکرێت شی بکرێتەوە بۆ زمانێکی تر. بۆ ئەم مەبەستەش دەیان ڕێگا هەن و هەزاران لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و بۆتە بەشێکی گرنگی "زیرەکیی دەستکرد" و زۆربەی زۆری زانکۆکانی جیهان گرنگی پێ دەدەن.
ئایا چەند گرنگە بۆ کارمەندێک لە CIA بتوانێت دەقی عەرەبی وەرگێڕێت؟ یان لە کاتی شەڕی سارددا دەقی ڕووسی؟ یان بۆ یەکییەتی ئەورووپا کە ساڵانە یەک ملیارد ئێورۆ خەرج دەکات بۆ وەرگێڕانی هەموو دەقەکانی بۆ زمانەکانی وڵاتانی ئەندام؟

بە کورتی دەکرێت سێ جۆری سەرەکی لە سیستمەکانی وەرگێڕان جیابکەینەوە:
1 - پشتبەستن بە یاسای ڕێزمان، واتا سیستم ڕێزمانی هەردوو زمانەکە دەزانێت و وەرگێڕان دەکات:
من: ڕاناوە
دەچم: فرمانی داهاتووە، تاکە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی یەکەم
بۆ: ئامرازی هینە، ئاڕاستە دەسنیشان دەکات
بازاڕ: بەرکار، ناوە، تاکە

I go to market
ئەی باشە ئەگەر هاتوو ویستمان بڵێین: I go to the market ؟ من دەچم بۆ بازاڕەکە. کەواتە دۆخی ناسراویش دەبێت دیاریکرابێت. ئەی:
I go to the markets ؟

لەم جۆرە سیستمانەدا، هەر وشەیەک لە هەموو حاڵەتەکانیدا پێناسە دەکرێت:
market - n/s واتا ناو و تاک
s - n/p واتا ناو و کۆ

بە هەمان شێوەش هەموو دۆخەکانی فرمان و گۆڕانکارییەکانی بەرکار. ئنجا چەند یاسایەکی سەرەکی کە گۆڕانکاری لە شوێنی وشەکان لە ڕسەتدا دەکەن.
هەندێک ئاسانکاری کراون، کە پێویست نەکات، هەموو وشەکان سەرلەنوێ بنووسرێنەوە، بۆ نموونە:
چوون: دەچم، دەچیت، دەچێت، دەچین، دەچن، دەچن
پێویستناکات "بوون" شیبکرێتەوە چونکە لەسەر هەمان یاسای "چوون" کاردەکات، بۆیە:
بوون == ب == چوون

بۆ زمانی بەرامبەریش هەر بە هەمان شێوە هەموو یاساکان دەسنیشان دەکرێن و لە پەڕگەیەکی جیاشدا وشەکان بە یەکەوە دەبەسرێنەوە:
چوون == go
بوون == be

ئەم سیستمانە بەشێوەیەکی گشتی وەرگێڕانەکانییان باشە/باشترە بەڵام: کاتی زۆری پێویستە و زۆر زیرەک نییە و توانای فێربوونی نییە و زۆر دەستکردە، بزانە:
I like you
دەبێتە: من وەک تۆم. چونکە واتای ڕستە نازانێت، ئەمەش سەقەتە.

2 - پشتبەستن بە ئامار
ئەم جۆرە سیستمانە ئێستا زۆر باون و لە سێ بەش پێکهاتوون:
دەقی ئەو زمانەی کە بۆی وەردەگێڕین monolingual
دەقی هەر دوو زمانەکە بەمەرجێک هەر ڕستەیەک لە هێڵێکدا نووسرابێت و ژمارەی هێڵ وەرگێڕانی بەرامبەرەکەی دەناسێتەوە.

ئنجا سیستم دەست دەکات بە شیکردنەوە و هەڵبژاردنی واتای گونجاو.
باشە چەند ڕستەی وەرگێڕڕاو پێویستە بۆ سیستمێکی گونجاو؟
زیاتر لە 10 ملیۆن ڕستە یا نزیکەی 250 ملیۆن وشە. هەر بۆیە، یەکییەتی ئەوروپا تیمێکی تایبەتی دەسنیشانکردووە بۆ بەبەرامبەرکردنی هەموو دەقە وەرگێڕڕاوەکانی کۆبوونەوەکانییان و بەم شێوەش ڕۆژانە هەزاران وشە و ڕستە زیاددەبێت.
جگە لە هەموو دەقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی و ژێرنووسی فیلمەکان.

ئەم سیستمە سەرئێشەی کەمترە و زۆر زیرەکانە ڕۆژانە فێری وشەی نوی دەبێت.
چۆن کار دەکات: بە قرتاندن لە دەستی ڕاستەوە
I go to the market
من دەچم بۆ بازاڕ
I go to
من دەچم بۆ
I go
من دەچم
I
من

کەواتە لە یەک دانە ڕستە، چوار ڕستەی ترمان وەرگێڕا. ئەمەش زۆر زیرەکانەیە. هەرچەندە ئەمەش کێشەی هەیە:
Ladies and gentlemen, I am here
خوشکان و برایان، من لێرەم.

I saw the ladies
من خوشکانم بینی. "ئەمەیان هەر زۆر نایابە".

یان: good evening
good ئێوارە
evening باش

هەرچەندە دەکرێت ئەم جۆرە سیستمانە یاسای پاش و پێشکردنییان بۆ زیادبکرێت لەگەڵ چەند یاسایەکی مۆرفۆلۆجی.

3 - لێکدراو
هەردووکییان بەیەکەوە. بۆ باشترین ئەنجام.

هەر کامییان بێت جیاوازی نێوان سیستمەکان لە ڕووی ئەنجامەوە زۆر گەورە نییە، چونکە وەرگێڕانی مەکینە بێ کەموکووڕی نابێت.

کامییان بۆ کورد باشترە:
سیستمی یەکەم: کات و تیمی تەرخانکراومان نییە ئەو هەموو وشەیە بنووسیتەوە.
سیستمی دووەم: تا ئێستا کورد 5 لاپەڕەشی وەرنەگێڕاوە.

تیمێکی کوردئایتیگرووپ کە پێکهاتبوو لە خۆم بە تەنیا، هەڵساین بە هەڵسەنگاندنی هەردوو سیستمەکە. دوای ماوەیەک، لەبەر کەمی کات، تەنها سیستمی دووەم. بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو چەند هەزار ڕستەیەکی وەرگێڕڕاو بدۆزینەوە، بەڵام بەداخەوە لە کتێبی ئنجیلی پیرۆز بەولاوە هیچ دەقی وەرگێڕڕاوی بەرامبەرکراومان نەدۆزییەوە. دوایی، بەدوا ژێرنووسی فیلمەکاندا گەڕاین. خۆشحاڵانە فیلمی slumdog millionaire کراوە بە "کوردی دەلالخانە" کە بە فۆرماتی srt بوو. نزیکەی 1000 ڕستەی تێدایە بەڵام وەرگێڕانەکەی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و بە عەلی فۆنت نووسراوە.
دوای چەند ڕۆژێک ئێوەش دەتوانن ئەم سیستمە تاقی بکەنەوە کە وشەکانی دیکتیۆ دەخاتە ناو ئامارەکانەوە. بۆیە، دیکتیۆ، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە داهاتووی ئەم سیستمە، بە تایبەتی ئەگەر توانیمان، بۆ هەر وشەیەکی وەرگێڕڕاو لە دیکتیۆ نموونەیەکی ڕستەش بنووسین.

لێرەوە هیوادارم، وەک یەکەم پڕۆژەی ساڵی 2012، تیمێکی چەند کەسی ئەم کارە بگرێتە ئەستۆی خۆی. هەرچەندە، من دڵنیام ئەمە کاری گرووپێکی خۆبەخش نییە. لە هەندێک وڵاتدا زیاتر لە چوار ساڵە خەریکی دامەزراندنی سیستمێکی وەرگێڕانن، بە بەشداری دەیان پسپۆڕی زانکۆ. ئەگەر مامۆستاکانی زانکۆ، کاری لێکۆڵینەوەی ئەم جۆرە سیستمانە نەکەن، کێ بیکات.

لە کۆتایی ئەم بابەتە سەرئێشێنەدا ماڵتان ئاوا

بۆچوونەکان

ماندوو نەبیت کاک سەفین،
2 - پشتبەستن بە ئامار ،ئایا ناکرێ وەرگێڕانەکانی وۆردپرێس و phpBB و ..هتد لەم جۆرەیان سوودی لێ وەربگیرێ ؟ وە من نازانم تۆ ئەوەت بە جدییە کە ژێرنووسی فیلم بەکارببرێ؟ چونکە ئەگەر وابێ ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە فیلم ژێرنووسی کوردیان بۆ ئامادەکراوە/بەردەستە. زۆر زۆریش.

ئیتر کاک سەفین گیان وەکو خۆت وتت هیچ کەس وەکو خۆبەخش ئەو کارە ناکات ،چونکە ناکرێ بە خۆبەخشی، هیمەت دەبێ لەوەدا بکرێ کە حکومەتی کوردی بێتە ناو بابەتەکە و تەنانەت ئەوانیش ڕێگاچارە و چارەکان دابنێن ئەوە کاری ئێمە نییە ،کاری ئێمە وەکو گرووپ دەبێ بۆ ئەنجامدان. بەڵام گرووپێکی چوار کەسی و پێنج کەسی نا هەر یەکێکیش بە میزاج. من هیوادارم بەڕێزتان لەگەڵ کەسێکی تری وەکو کاک ئاراس (بۆ نموونە) سەردانێک بکەن و تۆزێ ئەم حوکمەتە سەرلێشێواو بکەن.
دەستخۆش و هەربژیت.

دەستەكانت خۆش بێت كاكە بەردەی گیان.
بۆچوونێكی چكۆڵە ،مانای good evening لە وشەكان جێبەجێ بوە.

بابەتێکی بەسود بوو. وە قسە زۆر هەڵئەگرێت. ئەم تێبینیانەم هەیە بۆ تۆو هاوڕێیانیش
1. تا ئێستا ئەجیندای کۆبونەوەی سبەی شەومان نەدی. کۆبونەوەی بێ ئەجندا زۆر سەختە بەرهەمداربێت، بەڵام هەرباشترە لەوەی نەکرێت.
2. پێشتر بۆ هەموانم نوسیبوو، پرۆژەی فەرهەنگێکی کوردی پێویستی بە ئامادەکردنی زۆر هەیە. سیستمەکە ئاخر شتە ودڵنیام خۆشت ئەمە چاک ئەزانیت. بەڵکوو لە کۆبونەوەکەدا هیچ نەبێ [b]چەن میکانیزمێک[/b] موناقەشە بکەن بەڵام پێشنیاری من:
ا. هەوڵ بدەین کەسێک/کەسانێک (ئەکادیمی یان نا) کارەکە بگرێتە/بگرنە ئەستۆ، هەرچۆنێکیش پێی/پێیان خۆش بوو لەگەڵی/یان بگونجێین
ب.لەگەڵ ئەکادیمیای زمانی کورد KAN قسە بکرێ چونکە ئەوان خەریکی کۆکردنەوەی بەخشیش بوون بۆ پرۆژیەکی وا
ج. هەوڵ بدەین کۆلێژی زمانی ئینگلیزی زانکۆیەکی کوردستان یان زیاتر کارەکە بگرنە ئەستۆ (هیوادارم کەس زانکۆکانمان زەڕبی سفر نەکات، من خۆم پێش هەمووتان ڕەخنەیان لێ ئەگرم)
د. پرۆژەکە ئامادەکرێت و بنێردرێت بۆ چەن کەسێک: لەوانە د. دلاوەر عەلادین وەزیری خوێندنی باڵا و چەن وەزیرێکی تر.
3. ئەگەر هیچ چار نەما، ئەوا ئەبێ هەوڵەکان چڕتر بکەینەوە، بۆ [b]نمونە[/b] بەشی هەواڵ دابخرێت و لە بری کاتی هەموومان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ، هەموو خەریکی پرۆژەکەیەک بین تا ئەگاتە ئەنجامۆکەیەک. دروستکردنی فەرهەنگێکی کوردی بۆ تیمێکی 15 نەفەری دڵنیام کارێکی گران نیە.
ئەگەر ئەجیندایەکیش ئامادە کراوە، پێم خۆشە بیبینم.
[b]هەر ئەرکێکیش دابەشکرا بە خۆشحاڵی وەری ئەگرم، بەس من پێشتر وتبوم بۆ دیکتیۆ نەبونی 'ڕێبەرێک' style guide بۆخۆی خراپترە لەوەی کەوا وشەکە بە هەڵه وەرگێڕدرێت بۆیە وەستام لە کارکردن تیایدا.[/b]
ماندوو نەبیت و دەستت خۆش.
بابەتەکە لە فەیسبوکەکانمان دابنێین خێرخوازێک ئەبێ بیبینێت!

@ بڕوا: بەڕای من ژێرنووسی فیلم زۆر گونجاوە. دوایی قسەیەکی لەسەر دەکەین.
@ قەزوان: جێگایان نەگۆڕاوە.
@ هیوا :
1. وابزانم کاک هێمن بەڕێوەبەری کۆبوونەوەیە. کاک هێمن کوا ئەجێندا؟؟؟
2. بە بۆچوونی خۆم، هەبوونی پلاتفۆرم خۆی میکانیزم دیاری دەکات. دیکتیۆ، فەرهەنگێکی کراوەیە، لەسەر بناغەی ویکیپێیدیا دانراوە. هەر ئەم دیکتیۆیە، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، گەورەترین و باشترین فەرهەنگی کوردیی سەرهێڵە. Kurdish Open Dictionary. بۆیەش ناوی نەنراوە، The Official Kurdish Dictionary
ا. 90% ی وەرگێڕانی وشەکان پێویستییان بە کەسی ئەکادیمی نییە. ئەگەرهەرکەسێکیش کەسی ئەکادیمی دەناسێت، ئەوا من بە دڵخۆشییەوە پەیوەندی پێوە دەکەم.
ب. KAN هێشتا خەریکی نووسینی یەکگرتوون، دان بەو کوردییە نانێن کە تۆ پێی دەنووسیت.
ج. لە گەڵتام. ئایا هیچ مامۆستای زانکۆ دەناسیت کە زمانەوان بێت و لە هەمان کاتدا لە پرۆگرامکردن و ئامارەکان و ماتماتیکدا شارەزا بێت؟
د. سەیری ئەم چیڕۆکەی خوارەوە بکە.
3. کاکە هیوا، مەبەستی هەرە گرنگ لەم بابەتە و لە هەبوونی کوردئایتیگرووپ، وەک خۆت شارەزایت، پێشڕەویی کردنە. مەرج نییە دیکتیۆ یان مەکینەی وەرگێڕان سەرکەوتوو بێت. گرنگ ئەوەیە لێرە توانیمان بابەتێک بخەینە ڕوو، کە لەوانەیە خوێنەری کورد بە خەیاڵی دا نەهاتبێت. گرنگ ئەوەیە، ئێستا وا من و تۆ و هاوڕێیان باسییان دەکەین. لەوانەیە، ڕۆژێک، خوێندکارێک لە کوردستان، ئەم بابەتە بخوێنێتەوە و بیکاتە بەڵگەنامەی ماستەر.

چیڕۆکەکەی خوارەوە (-:
- هاووڵاتی: بەڕێز دەسەڵات، ئاومان نییە.
- دەسەڵات:‌ جا ئاوتان بۆ چییە؟
- هاووڵاتی:‌ تینوومانە خنکاین.
- دەسەڵات: جا باشە ئاوتان لە کوێ بۆ بێنین؟
- هاووڵاتی:‌ لەم دەریاچەیە گەورەیە.
- دەسەڵات: ئەی باشە بۆ دەمێکە قسە ناکەن، بەسەر چاو، کاری بۆ دەکەین.

بەڕای من مەکینەی وەرگێڕان، پەیوەندی بە چەند پرسیارێکی گرنگەوە هەیە:
- کام سیستم وەک بناغە بۆ زمانی کوردی باشترە؟
- سەرچاوەکانی وەرگێڕان کامانەن؟
- سەرچاوەکانی دەقی monolingual کامەن؟

دەستان خۆش

دەست خۆش
1.ویستم خۆشم بڵێم کاک هێمن هەق بوو ئەجنداکەی (ئەگەر یەک خاڵیش بێت لەگەڵ کات و درێژی ماوە) ئامادەکردایە.
2.زۆر قایل نیم لەسەر ئەوەی پلاتفۆرمەکە خۆی فەرهەنگەکە دروست بکات و دیکتیۆ خۆشی باشترین نمونەیە. من نەم ئەتوانی لەوێ نەهێڵم ئەوەی کە خۆم دەستکاریم کردوە بۆ نمونە کاک ئاراس (بەیارمەتیت کاکە ئاراس) دەستکاری نەکات، چونکە ئەزانم من هێندەی ئەو ئەڵمانی نازانم، ئەویش هێندەی من ئینگلیزی نازانێت. وەک وتم قسە زۆر هەڵ ئەگرێت.
آ:point well taken
ب:سوپاس
ج: وەکوو خۆم هەوڵمداوەو هەوڵیش ئەدەم. بەڵام گرنگ ئەوەی کەسانی تریش بزانن و هاواریان لێ بکەین، ئێمە کوێخای ئەو دێیەش بین هەر باشە!
د: مەبەست تەنها داواکردنی بودجە بوو بۆ حاڵەتی 3
3. ئەگەر د. سەرکەوتوو نەبوو تەنها دوو ڕێگا هەیە: چۆن هاتوە وابڕوات یان وەک وتم ئەبێ کاتەکانی خۆمان کۆ بکەینەوە.
دڵنیام لەوەی لە داهاتوو وەک سەرچاوە باس ئەکرێت. تۆڕی زانیاری و توێژینەوەی کوردی گەر بە لە دایک بوونی زانکۆکانیش وەریگرین 50 ساڵێک نابێت.

بۆ کۆبوونەوە گلەیی لە کاک هێمن مەکەن ،چەند جارێک دووبارەی کردەوە کاکە کەی بوارتان هەیە و کاتەکە چۆن بێت ،کەس وەڵامی نەدا.
ئێستاش نەچووە بچێ ،کۆبوونەوەکە ڕەوتی کوردئایتیگرووپ و ئەم بابەتەش بە تایبەت زۆر پێشدەخات.

بۆ هەر پرسیارێکی تەکنیکی بڕۆ بۆ پڕۆژەی مووخا:
http://www.kurditgroup.org/node/14160

کاکە هەڵۆ گلەیی نیە، کات دیاری کراوە سبەی. مەبەست ئەجندایە برام. ناوی بنێ بیرخستنەوە

بەخوای کاک سەفیین من سەرم لەم هەموو پرۆژانە دەرناچێت .
ئێستا جارێ با یەک پرۆژە تەواو بکەین نەک ئەم هەموو پێشنیارانە.

بژین،

منیش لەگەڵتام کاکە جوتیار، بەڵام دیارە دەیکتیۆ و موخا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

باشە بەڵام ئێستا میخا ئیشی چیە و چێ بکەین بۆی؟

بژین،