تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

ڕێکەوتن لەسەر پیتەکوردیەکان و کۆدەکانیان

aras

Aras

بڵاوکراوەتەوە

2013/11/15

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔42۔ )

 

لە ڕێکەوتی (١٣/١١/٢٠١٣)دا، لەسەر میوانداریی ئەکادیمیای کوردی و بە ئامادەبوونی دەستەیەک لە ئەندامانی کوردئایتیگرووپ، زانستپەروەرانی کورد، چاوگ، فەرمانگەی ئایتی، مامۆستایانی زانکۆ و چەند زمانەوانێک، کۆبوونەوەیەک ساز کرا.
گفتوگۆکان لەسەر شیکارێک بۆ نواندنی پیتە کوردییەکان و گرفتەکانیان لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا بەڕێوە چوو. گفتوگۆیەکی زانستییانە و شیتەڵکارییانە خامەی چەندین هەنگاوی گرووپی ئایتی و ئەکادیمیای کوردیی لە چەند بڕیارێکدا کۆ کردەوە کە لە ڕێنووسی نوێی زمانی کوردیدا جێگیر دەبێت و بەزوویی بە چاپکراویش بڵاو دەبێتەوە.


تەختەکلیلی کوردی هەندێ کێشەی هەبوو و بڕیار درا کە ئەو کێشانە بەم شێوانە چارەسەر بکرێن:
١. هەموو نووسینێکی کوردی دەبێ بەتەواوەتی بە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد بنووسرێت کە لە سایتەکانی (www.kurditgroup.org) و (www.chawg.org)دا بەخۆڕایی دانراون. هەروەها مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و ئوبونتوو و شوێنەکانی تریش هەر کەڵک لەوانە وەردەگرن و لە سیستەمە نوێیەکانی خۆیاندا، بۆ نموونە لە ویندۆزی ٨ بۆ سەرەوە دانراون.
٢. هیچ نووسینێک نابێت بە تەختەکلیل و فۆنتی نایونیکۆدی وەکوو (فۆنتی عەلی، دیلان و هتد) بنووسرێت.
٣. لە سیستەمی جیهانیی یونیکۆددا هەر پیتێک یەک کۆدی هەیە، ئێمەش لە تەختەکلیلی کوردی بۆ هەر پیتێک یەک دوگمەمان هەیە و پیتێکی وەکوو (وو)ش بە دوو جار نووسینەوە دەنووسین.
٤. ئەگەر بمانەوێ دەنگی (H) بە شێوەی (هـ) لە کۆتایی وشەیەکی وەکوو (ما‌هـ)دا بنووسین کەڵک لە (ه H + شیفت + M) وەردەگرین کە وای لێ دێت: (هـ) و، هەوڵ نادەین بە یەک دوگمە بینووسین، چونکوو لە سیستەمی زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی دەچینە دەرەوە و ئەوە دەبێتە کێشە لە دواییدا.
٥. دوو جۆر (ک/ ك) لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیدا هەن، ئێمە بۆ ئەوەی تووشی دوودەستەیی نەبین و بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت و (بنکەدراوە database)ەکاندا کێشەمان بۆ ساز نەبێت، بە تەنیا و تەنیا (ک) بەکار دەبەین و بەتەواوەتی واز لە (ك) دەهێنین. هەروەها هۆکارێکی تر کە (ک)مان لە باتیی (ك) هەڵبژاردووە، ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە لە ئەلفبێی کوردیدا خۆمان لە چوکڵەکانی زمانی عەرەبی دوور خستووەتەوە، بۆیە (ک) لە (ك) گونجاوترە.
٦. ئەکادیمیای کوردی بەزوویی نامیلکەیەکی نوێی ڕێنووس بڵاو دەکاتەوە. چاوەڕێ دەکرێت هەمووان ئەوە بکەنە بنەمای نووسینەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین هەموومان بە ڕێنووسێکی یەکدەست بنووسین. تا ئەو کارە نەکەین ناتوانین زمانی کوردی ئامادە بکەین بۆ بەشدار بوون لە ڕەوتی گەشەسەندنە جیهانییەکاندا.
٧. هەوڵ دەدرێت ئەو ڕێنووسە لە دامودەزگا فەرمییەکان و قوتابخانەکانیشدا جێگیر بکرێت و هەوڵ دەدرێت بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی تابلۆکانی شارەکان بۆ ئەوەی لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی پاقژ بکرێنەوە.
٨. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنی تەختەکلیلی کوردی (پیتە ئارامییەکان)، کە کوردئایتیگرووپ لەمێژە کۆدەکانی بەرامبەریانی داناوە.
٩. دروستکردنی وشەدانێک بۆ زمانی کوردی، شوێن و ئاماری بەکارهێنانی پیتەکان لەسەر تەختەکلیل، بەکارهێنانی بەرزکەرەوە (Shift) و ئامێری وەرگێڕانی خۆکار بۆ زمانی کوردی، چەند باسێکی تری کۆبوونەوەکە بوون کە دەبنە هەنگاوی داهاتوو و گرووپی ئایتی و فەرمانگەی ئایتی و زانکۆکانی کوردستان بە هاودەنگیی ئەکادیمیای کوردی توێژینەوەی لەسەر دەکەن.

بۆچوونەکان

دەستان خۆش و ماندوو نەبن کاک ئاراس,بەهیوام ئەمە دەستپێکێکی باش بێت بۆ یەک خستنی تەختە کلیلی کوردی.
هەربژین

دەستان خۆش و هەر سەرکەوتووبن

هەربژین و دەستتانخۆش، بەرەو هەنگاوی باشتر..

ماندوو نەبن و دەست و چاوتان خۆشبێت.

دەستان خۆش و گیانتان نەئێشێ

دەست و چاوتان خۆش بێت مایەى سەربەزین بۆ نەوەى کورد و بەرەو پێش بردنى ئاستى تەکنەلۆجیا بۆ گەلى کورد

سەرکەوتوو بن ئیشەڵا دەستتان خۆشبێت.

سەربەرز و سەركەوتو بن. بۆ پێشەوە >>>>>

دەستان خۆش بیت جیگای ریزلینانە بەلام من پیم خۆشە دەزگای ئای تی ئەبیت لە کوردستان تا بەهرەداران بتوانن زیاتر
خزمەت بکەن وە بتوانن زیاتر بەهرە پشکەش بکەن بەلام بە داخەوە تا ئیستا هیچ دەزگایەکی ئای تی نیە بۆ بە هرەدارەکان

دەستتان خۆش بێت ئەمە خەونی هەموومانە

دەستان خۆش بێت و ماندوو نەبن و بەرەو هەنگاوی گەورەتر. چاوەڕیی بڵاوکراوەکانین و تامەزرۆی خوێندنەوەیین.

دەستتان خۆش بێت هەردەم بەردەوام بن بژی من کەسێکم خۆش دەوێت کە خزمەت بە بواری ئایتی بکات هەزاری وەکو هێزە سیاسیەکان بەقوربان تان بێت ئەگەر سیاسەت بایە ئیستا ئەوەندەیان پێش دەخست تا دەگەیشتە سەرمانگ بەڵام چونکە بواری ئایتیە کەس باکی پێنەکەوت وە زۆر سوپاس .

دەست خۆش. زۆر پیرۆزە.
پێشنیار: دانانی وەها شتێک بۆ فۆنتە کوردییەکان لە سەر ڕاژەی ئەم گرووپە یا ڕاژەیەکی دیکە :
http://www.google.com/fonts

سوپاس بۆ کاک دیاکۆ، هەواڵەکەم لە هەڵەی زمانەوانی پاک کردەوە و هەندێک دەستکاری ناوەڕۆکەکەیش کرا بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت لای هەموو.

دەستان خۆش بێت...

دەستی هەموو لاێک خۆش بێت ، بە ڕاستی ئەوەی لە نامەێکی تایبەتدا لە ساڵی ٢٠٠٩ دا نوسیم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و هاوکات بۆ ئای تی گرووپ یەکەم هەنگاو دانانی فۆت و کیبۆردی یۆنیکۆد بوو .. وە چەند جارێکیش وەزارەتەکانم ئاگادر کردوەتەوە لە دوور بوون لە فۆتی عەرەبی .. ئەم هەنگاوەتان جێگای و کاتی خۆیەتی و دەستان خۆش بێت.

سڵاو و ڕێزم،
زۆر گەشبینم بە خۆمان و بە جدیبونی خۆمان، لێ هەتاکو برادەرانی بەرپرس و دەزگاکانی ئەوێ، هەنگاوەکان بۆ جێگیکردنی ئەو شتانە نەسەلمێنن.
تۆپ فڕێ نادەمە سەبەتەی کەسەوە.
بژین

دەبوایە ئاماژەتان بەوەش دابوایە كە ئۆفیسی 2013 ش پشتیوانی لە فۆنتەكانی ئەلی كەی ناكات. من وەك خۆم زۆر بەم هەنگاوە دڵخۆش بووم

بە ڕاستی ئەم هەواڵە دڵی خۆش کردم . دەستان خۆش . هیوادارم ئەمە سەرەتایەکی جدی بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە . تکایە ئەم چەند پرسیارەم لێ قبوڵ بکەن:
- ئایا ئەوانەی کە بەشدار بوون خۆیان کیبۆردی کورد ئایتی گرووپ بەکار دەهێنن؟ ئەگەر ئەم پرسیارەیان بە ساویلکە دێتە پێش چاوت تکایە واز لە وەڵامەکی بێنە لەگەڵ ڕێز.
- ئایا هیچ ڕاپرسییەک کرابوو لە ناو بەکارهێنەرانی کیبۆردەکاندا بۆ زانیینی کۆمەڵە داتایەک کە پشتیان پێ ببسرێت بۆ بڕیار دان.
-ئایا لابردنی ك و دانانی ک لە بری بۆ کیبۆردێک کە هەموو پیتەکانی لە بنەڕەتدا عەرەبین ، شتێکی نامۆ نییە ؟ هەڵبەتە ئەمە تەنها کێشەی پیتی ك ک نییە بەڵکو کێشەی پیتی ی ي شە .
-ئایا هیچ دەربارەی فیلمە هیندییەکانی پرۆگرامەکانی وەگێڕ بۆ یونیکۆد تاوتوێ کرا ؟ .
- لە کۆتایدا دوو پرسیاری گرنگتر
- ئایا کیبۆردی کويرتی باشترین کیبۆردە بۆ نووسین بە زمانی کوردی ؟ هیچ تێستێک هەیە ئەمە بسەلمێنێت ؟
- ئایا کێشەی ژمارەکانی سەرەتاو و خاڵ و سمبڵەکانی کۆتاتان پێ چارەسەر دەکرێت ؟ یان وەک عەرەبەکان ئێمەش ئەبێت چاوی لێ بپۆشین .
-ئایا کوردی عێراق کاتێک ئەتوانن دەنگە ئاریاییەکان و دەنگە عەرەبییەکان بڵین ، کە کەم میللەتی تر ئەو توانایەی هەیە ، ئایا ئەوە ڕاستە کە کیبۆردەکان لەگەڵ ئەو تونایە بگونجێنین یان واز لەو توانایە بێنین لەبەر خاتری کیبۆردەکان .
دوا ووتە :
هیچ شتێکی دیار لە شەو ڕۆژێکدا درووست نابێت و ئەو خزمەتەی کیبۆردی کورد ئایتی گرووپ کردوێتی . یەکێکە لە پەڕە سپییەکانی کتێبی مێژووی تەکنەلۆجیای کوردی.
لەگەڵ ڕێزی بێ پایان...

سڵاو بەڕێز ئارام،
دێڕی یەکەم و کۆتای لێ دەرچێت، کە ڕووپەرماییە (مجاملە) ــیە. ئەودوای نقورچن :)

١. تەختەکلیل ئێمە لەوێ نەمانوت دەبێت بەم شێوەی QWERTY بنەڕەت بێت، بەڵکو وتمان سەربەستن تیپ و هێماکان لە کوێ بێت (کەی گەشتنە گشتگیرییەک، با تیمی تایبەت و پسپۆری بواری تەختەکلیل ڕێکیان بخات). بەڵام گرنگە بە یونیکۆدی دروست بنوسن. ئەمەش بۆ دروستکردنی بانکی زانیاری کوردی و دەوڵەتی ئایتی (بە قسەی خۆیان) لە گرنگ گرنگترە.
٢. یاسایەک بۆ کوردی هەیە، کە هەمیشە دەمانەوێت چوکڵەدارەکانی نەبێت. بۆیە (ك) کوردی نییە و (ک) کوردییە. ئەمە ئێمە پێشنیارمان نەکردووە، بەڵکو وتوومانە ئێوەی زمانزان و پسپۆر و بەرپرس کامیان بە دروستر دەزانن و ڕای هەموویان بووە.
٣. نازانم ژمارەی سەرەتا و کۆتا و عەرەبەکان چین؟
٤. لەوێ باسی کوردیمان کردووە بە گشتی، وە من وەکو خۆم وەکو دیوی کۆد و ئاگاداری کێشەکان لە ڕووی ئایتییەوە چووم، نەک شتی تر. وە خەڵکی پسپۆری ناوچەی بادینانیش ئامادە بوون. شێوەی تەختەکلیل و شوێنپەنجەکان (چونکە زمانی کوردی لە بنەماڵەی هیندۆئەوروپییە) خەڵک و بەکارهێنەرانی دەڵێن باشترین شتی ئەوەیە کە تیپە کوردی و ئەوانەی سەری بە دەنگ لە یەک شوێنن.
لەوێشەوە بگەڕێووە بۆ خاڵی یەکەم.

کاتێکی خۆش

سڵاو کاک سیا...
پاوڵۆ کۆیلۆ لە "ئەلیف" دا ئەڵیت: " پێویست ناکات خۆت شیکار بکەیت ، چوونکە هاوڕیکانت پێویستیان بە ڕوونکردنەوە نییە و دوژمنەکانیشت بڕوات پێ ناکەن " .
لەبەر ئەوە تاکە کۆمێنتی من ئەوەیە ، من هاوڕێتانم . زۆر دەمێکیشە هاوڕێتانم . هاوڕێی ڕاستەقینەش نە موجامەلە ئەکات ، نە نقورچیش دەگرێت .
...
زۆر سوپاس بۆ وەڵامەکانی بەڕێزت . حەزم ئەکرد کەمێک زانیاری و ڕوونکردنەوەی زیاتر وەرگرم ئەگەر گونجاو بێت بۆ ئێوە .
. “یاسایەک بۆ کوردی هەیە، کە هەمیشە دەمانەوێت چوکڵەدارەکانی نەبێت. بۆیە (ك) کوردی نییە و (ک) کوردییە. ئەمە ئێمە پێشنیارمان نەکردووە، بەڵکو وتوومانە ئێوەی زمانزان و پسپۆر و بەرپرس کامیان بە دروستر دەزانن و ڕای هەموویان بووە. "
یاسا !؟ زۆرم پێ خۆشە یاسا هەبێت . بەڵام لەو یاسایە تێنەگەیشتم ، کە ڕای هەمووشیان بووە ! . مەبەست لە چوکڵە دار چییە ؟ ئەگەر مەبەست لێی زیادکردنی سەروبۆرێکە بۆ پیتەکان . ئەوا هەموو پیتە کوردییەکان وا دروستکراون و بە چوکڵە جیا دەکرێنەوە لە عەرەبییەکان کە ئەوان خاوەنی ڕەسمە ئەصڵییەکەن و ئێمە بۆ دەنگەکانی خۆمان چوکڵەیەک یان چەند نوقطەیەکمان زیاد کردوە . ی ێ ، ل ڵ ، ر ڕ ، ک گ ، ز ژ ، هتد ... ، ئەگەر هەڵە تێگەیشتووم . تکایە ڕوونکردنەوەی بەڕیزتان .


هەڵبەتە هەردوو پیتی "ک ، ی" بوون بە کێشە بۆ من ، بۆیە مەبەستمە وەڵامێکم دەست کەوێت .


یەبڕوای من ، بەهێزترین خاڵی سەرکەوتنی کیبۆردی کوردئایتیگروپ ئەوەیە کە دەنگە کوردییەکان لەگەڵ دەنگە لاتینییەکان شوێنەکانیان یەکە .
بەڵام...
بۆ زەمەنێک کە مایکرۆسۆفت سەپۆرتی زمانی کوردی نەئەکرد و ئێمەش تەنها کیبۆردی عەرەبی و فۆنتی نایونیکۆدمان لەبەردەست بوو . ئەم کیبۆردە وەک ئەوە وایە لە بەهەشتەوە هاتبێت . تا ئێستاش باشتریینە . بەڵام کاتێک بویسترێت کیبۆردێکی ستانداردی کوردی دروستکرێت ، بە بڕوای من ئەبێت دووربینانە تر بڕوانین و هەڵسانگاندنی چڕتر بکەین . ئەبێت بڕیار بدرێت کامیان گرنگترە ، خێرایی نوسین بە درووستکردنی کیبۆردێکی تایبەت بە کورد . یان بەکارهێنانی کیبۆردی ئینگلیزی( لاتینی ) . هەر وەک لە خاڵی ژمارە نۆی هەواڵەکەدا، کاک ئاراس ئاماژەیبە ئاماری بەکارهێنانی پیتەکان کردووە کە ئەمەش ئەتوانرێت بەکار بێت بۆ دیزاینی شوێنی پیتەکان کاتێک دە پەنجە بەکاردێت لە گرنگەوە بۆ کەمتر گرنگ .
...
من دڵنیام ئێوە وەک ئایتی کێشەتان نییە و ئەتوانن هەرچییەک بکەن کە ئەوان داوای بکەن . بەڵام ئەمویست بزانم پسپۆرەکانی زمانی کوردی تا چەند درک بە کێشەکە ئەکەن لە ڕووی تەکنیکییەوە . ئایا ئەوەندە ڤیژنیان هەیە کە بۆ ٥٠ بۆ ١٠٠ساڵی تر بیربکەنەوە ، یان هێشتا لەناو تەپووتۆزی فۆنتەکانی عەلی و دیلاندا ئەخولینەوە و ئەیانەویت تەنها هەناسەیەک بەن و وا ئەزانن ئەوە کۆتا چارەسەرە.
لێت ناشارمەوە کە مەسەلەی یاسای چوکڵەکان کە بەریزت باست کرد کە بۆ تایپە نەک بە دەست نووسین لە لایەک و دژایەتی کردنی هەندێک بۆ پیتی ( ێ ) ئایدیڤیسەکان کە تەنها حەوتەکەی هێشتۆتەوە و دوو نوقطەکەی لابردووە ( کەم من زۆر بە ڕاستی ئەزانم ) لە لایەکی تر . وام لێ ئەکات کە زۆر شکم هەبێت ئەوانە بتوانن لە دەرەوەی بۆکسەکان بیربکەنەوە .
...
دوا وتە : کیبۆرد شتێک نییە هەر چەندساڵیک گۆڕانکاری تێدا بکەین ، چوونکە ئەوە کار لە خێرای بەکارهێنانی ئەکات . بۆیە زۆر گرنگە لە سەرەتاوە زۆر تۆکمەو دووربینانە دا بڕیژرێت . تا ئەو کاتەی تەکنەلۆجیاو نوسین ئەبێت بە جۆرێکی تر جیاواز لە کیبۆرد .
لەگەڵ ڕیزی بێ پایان...

زۆر چاکە...

سوپاس بۆ جدی بونتان ...

بە ئاسایی وەریگرە، من پەشیمان بووم یەکەم وەڵامم نوسی.
چونکە ئەوەی نوسیوتە وەکو کۆمەڵێکی تر لە دیواری فەیسبووکی مامۆستا دیاکۆی هێژا بریتییە لە (Polemic) یان سجال.

کاتێکی خۆش

دووبارە سڵاو ...
تێنەگەیشتم کاک سیا بۆ ئەم پرسیارانەی منت بەو ئاقارەدا برد و ئەوەی وەرم نەگرت وەڵامی پرسیارەکان بوو . بۆ دەست خۆشی بە مجامەلە و پرسیار بە نوقرچ و ڕونکردنەوە بە سجال دەبینن ؟ زۆر سەیرە ئەم هەموو ( Pre-judgment - حکم مسبق - پیش قضاوت ) ـە .
بەڵام تێگەیشتم بەڕیزت ناتوانیت یان ناتەوێت وەڵامی پرسیارەکانم بدەیتەوە .
من پرسیارەکانم ئاراستەی هەموو بەڕێزانی کورد ئای تی گروپ ئەکەم و هیوادارم وەڵامێکم دەست بکەوێت .
لە هاوڕێیەکم پرسی کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٢ کتێبی وەرگێڕدراو نووسراوی زۆر جدی هەیە لە کتێبخانەی کوردی " ئایا پیتی یان تیپی چوکڵەدار و بێ چووکڵە چییە ؟ " و ئایا یاسایەک هەیە بڵیت کوردی نابێت چووکڵەی هەبێت . ووتی ئەمە یەکەم جارمە شتی وا ئەبیستم . باشترە پرسیار لە یەکێکی پسپۆری زمانەوانی بکەیت.
بۆیە دووبارە تەنها ئەم پرسیارە سادەیە ئەکەمەوە :
جیاوازی نێوان پیتی چووكڵەدار و بێ چووکڵە چییە ؟
ئایا ( گ ، ڕ ، ێ ، ڵ ، ۆ ) چووکڵەدارن ؟
لەگەڵ ڕێز .

یەکێک لە خەسڵەتەکانی (سجال/چەلەحانی) ئەوەیە پسپۆری زمان نەبیت وەکو خۆت دەفەرمویت و پێشنیار بۆ زمانزان بکەیت! وە نەخوێننەوەی شتێک و لە تێنەگەشتنی خۆتەوە هەڵی سەنگێنیت!

٥. دوو جۆر (ک/ ك) لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیدا هەن، ئێمە بۆ ئەوەی تووشی دوودەستەیی نەبین و بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت و (بنکەدراوە database)ەکاندا کێشەمان بۆ ساز نەبێت، بە تەنیا و تەنیا (ک) بەکار دەبەین و بەتەواوەتی واز لە (ك) دەهێنین. هەروەها هۆکارێکی تر کە (ک)مان لە باتیی (ك) هەڵبژاردووە، ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە لە ئەلفبێی کوردیدا خۆمان لە چوکڵەکانی زمانی عەرەبی دوور خستووەتەوە، بۆیە (ک) لە (ك) گونجاوترە.

واتا چوکڵەی پیتی عــــــــــەرەبی وەکو
آ، ء، ؤ، إ، أ، ئ، ك، ٱ،
ئەوانەی نوسیوتە( گ ، ڕ ، ێ ، ڵ ، ۆ ) دەنگی تەواو و تیپی کوردین لە عەرەبیدا نین.

گوێ لەو هاوڕێ ٣٢ کتێبیەت بگرە و لە پسپۆری زمان بپرسە یان سەرچاوەی (جدی) زمان لێرەوە بخوێنەوە:
http://www.yageyziman.com/
تێبینی: ئەگەر پرسیارت هەیە لە بەشی زمانی کوردی یان پرسیار و وەڵام بینوسە تکایە!
کاتێکی خۆش

دەستان خۆش بۆ هەواڵەکە و کۆبوونەکەکەتان جێ پەنجەى پێوە دیارە
پرسیارێک سەبارەت بە تەختەکلیلی ستاندار ؟
ئایە ئەوەى بریارى لەسەر دراوە بۆ ستاندارکردنى کێشەکان بە نموونە هەتا وەکو ئێستا چەندان کیبۆرد دروست کرا چەندان کێشەیان هەبوو لەرووى کۆدەکان لێک جودا بوون وەک ( ک , ك ) (ە , ه+ space )
ئێوە لەبەرنامەتان داهەیە کەوا تەختەکلیلێکی نوێ دادەرێژن یاخود هەر ئەوەى هەیە تەواو

نموونە من دەمەوێ دانەیەک بۆخۆم رێکبخەم وەک هەمە و کردووەم لەسەر بنەمای کیبۆردی چاوگ دامرشتووە ( یونیکۆد و تەنها جێگۆرکێم بە شوێنەکان کردووە )
پرسیارێکى تریش من دەمەوێ هەڵمەتێکى بانگەشە بکەم بۆ بە یەکخستنى هەرسێ پارێزگاى هەولێر بۆ بەکاردنى کیبۆردى کوردى لە بەرنامەم هەیە کەوا کیبۆردی ( چاوگ و کورد ئایتى گروپ ) لەگەڵ کۆکردنەوەى فۆنتە یونیکۆدەکان وەک سەرەتایەک بۆ راهاتنى تاکى کورد لەسەر کیبۆرد و فۆنتى کوردی لەسەربنەمای یونیکۆد
دواى ئەوەى ئێوە و برادەرانى چاوگ رازی بن لەسەر ئەوەى کیبۆردى ئێرەو چاوگ بەکار بهێنرێت ئەوە هەڵمەتەکە دەستپێدەکەین هەرکەسێک لەلای خۆیەوە دەستێک بەئیشکە بگرێت دەستخۆشى لێدەکرێت و سوپاسى دەبین بۆ ئەوەى جێگرەوەیەکى خێرا ببێت و لەشوێنى ئەوەى ئێوە کیبۆردی عەربی ١٠١ لەگەڵ فۆنتەکانى ئەلی و ئەوانى تر بەکار بهێنین ئەوە کیبۆردی کوردی و فۆنتى یونیکۆد بەکار بهێنرێت
بەسوپاسەوە
برای بچووکتان

سڵاو بەڕێزان ...
کاک سیا لە وەڵامەکەیدا دەڵیت " دوو جۆر (ک/ ك) لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیدا هەن، ئێمە بۆ ئەوەی تووشی دوودەستەیی نەبین و بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت و (بنکەدراوە database)ەکاندا کێشەمان بۆ ساز نەبێت، بە تەنیا و تەنیا (ک) بەکار دەبەین و بەتەواوەتی واز لە (ك) دەهێنین. "
ئەگەر هەڵە نەبم ، مەبەست لەم کیبۆردە ئەوەیە لە دەزگاکانی کوردستانی عێراق بەکار بێت بێ کێشە . ئینجا لە شوێنەکانی تر . ئەو دەیتابەیزەی من کاری لەسەر دەکەم ، ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت لە نێوان هەموو شارەکانی عێراق . زۆربەی زۆریشی ناو و ژمارەیە ، کاتێک ئێمە ناوێکی وەک " کریم " دەنوسین وە ئەوانیش دەنوسن " كريم" ، نە ئێمە ئەوەی ئەوانمان بۆ ئەدۆزرێتەوە نە ئەوانیش ئەوەی ئێمەیان بۆ ئەدۆزرێتەوە . کێشەی ژمارەکان ئەوە با جارێ لەولاوە بوەستێت .

کاکە ئارام سڵاو
ئەمەیان کێشە نیە. یەک تۆز بچۆرەوە دەرەوەی بابەتەکە و خۆشت بیری لێ بکەرەوە. لە کاتێکدا "ستاندارد"ێک هەبوو ئیتر ئەزانین کە "کریم"ی ئێمە بە چی دەست پێ ئەکات و کەریمی ئەوانیش (ئەگەر هەیان بێت) بەچی دەست پێ ئەکات. بۆیە SQL Queryەکە دەستکاری ئەکەین کە بۆ هەردوکیان بگەڕێت نەبادا! بەڵام کاتێک منی بەکارهێنەر لە جێگایەک بۆ ناوەکەی خۆم ئەگەڕێم ئەگەر "کوردستان" بوو ئەوا بە "کەریم"ی کوردی بۆی ئەگەڕێم.
وابزانم تێبینیەکەم ڕوونە. سوپاس و تکایە دوودڵ مەبن لەوەی بە ڕای خۆتان لەسەر بابەتەکان هەموو بەشداری بکەن. ئێمەش فێر ئەبین.

تکایە بۆ بەشی پرسیار!

کاتێکی خۆش!
سیامەند

دەستان خۆش ئیشەکى باشتان کردیە.

دەست خۆشیتان لێدەکەم بۆ هەڵسان بەو کارە، کە بە ڕاستی گرنگە.
* بەڵام بەڕاستی هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت کە (ك) وەلاوە بنێین و بەتەنها (ک) بەکاربهێنین.
هەرچەندە من شارەزایی زۆرم نیە لەسە کۆد و چۆنیەتی بەکارهێنانیان...
بەڵام ئەوەندە دەزانم کە مێژوی کوردی بە هەموو بوارەکانیەوە ئەم پیتە "ك" تێدایە واتە ئێمە ناتوانین وا بە خێرایی بڕیار بدەین کە لایببەین بەڵکوو دەبێت ڕێگە چارەیەکی تری بۆ بدۆزرێتەوە:
- بۆ نمونە ئەگە بکرێت و لە توانا ببێت کە کۆدێکی تایبەتی بۆ دروست بکرێت کە "ك" وەك پیتی کۆتایی و "ک" وەک پیتی سەرەتاو ناوەڕاست بەکاربهێنرێت واتە وەک پیتی" یـ ی" لێبکرت، جا گرنگ نیە گەر لە عەرەبی و فارسیش نەچێت کۆدەکەی واتە وەک کۆدێکی تایبەت بە زمانی کوردی دروست بکرێت.... جا من نازانم ئەمە دەکرێت یان نا؟! .. بەڵام ئەگەر بکرێت زۆر باش دەبێت.
بەڵام قورسە "ك" وەلاوە بنرێت.

هیوادارم زوو ئەو کارە بکەن تا هەمووان ڕزگارمان ببێت لە کیبۆردی جۆراوجۆر......
سەرکەتووبن و لەشتان ساغ بێت

تەمەن درێژو تەندروست بن، بەڕاستی خزمەت کردن لەم بوارەدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. ئەمە کارکردنە بۆ ئایندەی ڕێنوسی کوردی. هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار زیاتر گنگی بەم بوارەبدات.

وەڵامێکی گشتی بۆ هەندێ لە پرسیارەکان
سوپاس بۆ ڕا و بۆچوونەکانی ئێوەی هێژا.
لەسەر (ک / ك): وەک کاک سیا ئاماژەی پێ کردووە، مەسەلە ئەوەیە کە ئێمە هەوڵ بدەین لەسەر ئەو کێشە گەورەیە و ئەو دوو بژاردەیە ڕێککەوتنێکمان هەبێت، ناکرێت کەسێک بنووسێت (کورد) ئەوی تر بنووسێت (كورد). ئەگەر ئەو دوو وشەیە دانە بە دانە کۆپی بکەن و لە گووگڵ بە جیا بۆیان بگەڕێین دەبینین کە دوو دەرەنجامی جیاوازمان پێ دەدات، چونکوو یەکەمیان بە (ک) نووسراوە و دووەمیان بە (ك).
بۆیە گرنگە ئێمە بە بڕیارێک لەو دوودەستەیییە دەرچین، کە بە هەڵبژاردنی (ک)، لەوە ڕزگارمان بووە، بەڵام (ك)یشمان بە یەکجارەیی فڕێ نەداوە، بەڵکوو هەر دەکرێت بە شێوەی شیفت + k بنووسرێت. پاشان چەند ساڵێک کە بەم شێوازە بڕۆینە پێشەوە و پاش ئەوەی ئەوانەمان لە سیستەمەکانی مایکرۆسۆفت و هتد جێگیر کرد دەبینن کە کەس خەم بۆ (ك) ناخوات.
جا بۆیە (ک)ی سادەمان وەک بژاردەی یەکەم هەڵبژارد چونکوو چوکڵەی هەمزەی لەسەر نییە، ئەوە جیاوازە لە چوکڵەی کوردی کە بە نیشانەی ٨ دروست کراون. چونکوو هەموو کوردییەکان بەو نیشانەیە دروست کراون و لە عەرەبیدا ئەوانە نین، بەڵام نیشانەی هەمزە بۆ عەرەبی بەکار چووە و لە کوردیدا نییە.
کاک خەبات هەرگیز شتی وا ناکرێت کە لە وشەیەکدا بۆ نووسینی پیتێک کەڵک لە دوو دوگمەی جیاواز وەربگیرێت.

لەم دوو وێنەیەی خوارەوەدا بەباشی جیاوازیی دەرەنجامی بەدواداگەڕانی وشەی (کورد)مان بۆ دەردەکەوێت کە یەکەمیان بە (ک) نووسراوە و دووەمیان بە (ك):

ئەم کاتەتان باش
لەسایەی کار و تێکۆشانی خۆبەخشانەی ئێوەوە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و ئنتەرنێت دەتوانن بێ کێشە و گرفت هەرچی دەیانەوێت لە کۆمپیوتەر و ئنتەرنێت دا بینووسن و بیخوێننەوە...
بەڵام بە ئاوڕدانەوەیک لە خوشک و برا و هاوخوێن و هاونەژاد و هاونیشتمانەکانمان لە ناوچەکانیهەورامان و گۆران و کەڵهوڕ و لەک و لوڕ بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان هێشتا لەو نیعمەتە کەمەیش بێبەشن کە ئێمە کوردانی سۆرانی و کورمانج لێی بەهرەمەند بووین. بەهۆی ئەوەی کە زاراوەی ئەوان چەند دەنگێکی زیاتر و جیاوازتر لە سۆرانی و کورمانجیی تێدایە، ناتوانن بە ڕێک و ڕەوانی ئەوەی مەبەستیانە لە ڕووپەڕەکانی ئنتەرنێت دا بە ئاسانی و ئاساییی بەشی بکەن.
داوا و پێشنیارم بۆ ئێوە سەربازانی گومناوی ئەم نیشتمانە ئەوەیە کە چاوێک بە فۆنتەکانی یونیکۆد دا بخشێننەوە ئەو دەنگ و پیتانەی کە پێویستن بۆ ئاخێوەرانی ئەم ناوچانە بە فۆنتەکانەوە زیاد بکەن و هەوڵ بدەن ڤێرژنێکی تازەی فۆنتەکان دەربچوێنن. کێشەی گەورەی خوشک و برایانی لوڕی ئێمە لەم سەردەمە پێشکەوتووەدا ئەوەیە کە هێشتا ئەلفوبێیەکی دیاریکراویان بۆ نووسین بە زمانی دایکی نییە و بە ئەلفوبێیەکی فارسیی تێکشکاو و ناتەواو جار و بارە شت دەنووسن. ئەگەر ئێوە بەڕێزان دەنگەکانی لوڕی بە فۆنتی کوردییەوە زیاد بکەن، بێگومان لە داهاتوودا ئەوانیش بەکاری دەهێنن و لێی سوودمەند دەبن. بەکارهێنانی یەک فۆنتی چونیەک هیچ شک وکومانێکی تێدا نییە کە برایەتی کورد و لوڕ بەهێزتر دەکات، برایانی لەک بە وکردبوون دڵگەرمتر دەکات، چونکە باشتر لە یەکتری تێدەگەین؛ و شانازیی ئەو کارە مەزنەش بە باڵای ئێوە خۆشەویستان دەبڕێت.

لەگەڵ ڕێزم دا

دەستتان خۆش بیت بە ڵا م خۆم و بە کارهێنە رە کان زۆر پرسیاریان هە یە لا سە ر چۆنیە تی بە کارهێنانی ام تە ختە کلیلە ناوازە یە بۆیە پێشنیار اکەم بە شی پرسیارکردن لە ماڵپەرە جوانە کە تان زیاد بکەن >>>>

ئەم کاتەتان باش
دەستان خۆش بۆ ئەم کارە گرنگە
بەڵام من تێبینیەکم هەیە کە لەکاتی نووسین بەم تەختەکلیلانە، ناتواندرێت ژمارەکان بە رێنووسی ئینگلیزی ( کە پێی دەگوترێت عەرەبی) بنووسرێت هەرچەندە لە ویندۆزیش دانانەوەکەی چاک بکەیت. ئێمە زیاتر ئەو ژمارانە بەکاردێنین هەتا لە نووسین بە ئەلفوبێی ئارامیش. جا ئایا ئەوە خەتای ئەو تەختەکلیلەیە یان شتێکی تر. بەڕای من پێویستە لە تەختەکلیلی کوردی ژمارەکان بە ئینگلیزی arabic numeral بنووسرێت.
لەگەڵ رێزمدا

سڵاو
ئەم هەواڵە دڵخۆشی کردم بۆ نموونە با تەختەکلیلەکەمان یەکگرتوو بێت!
جگە لە (ک) یان (ك) کیشەی وشەی (ی) و (ي)شمان هەیە. (ي) تایبەت بە زمانی عەرەبیەو لە رێنووسی فارسیشدا بەکار نایێت هەرچەند لە زۆربەی نەرم‌ئامێرە فارسییەکاندا لە بنکە دراوەدا (ي) پاشکەوت دەکەن(لە کاتی پاشکەوت کردنی رشتەکاندا (ی) بە (ي) دەگۆڕنەوە).
ئەو پیت و نووسەگەلەی وا ئێستاکانە بۆ نووسینی پێویست بە گرتنی (shift)ە دەتوانێ لە جێگەی کلیلی (')،(،)،(؛) و ... دابنرێن چونکوو ئەم نووسەگەلانە بە دەگمەن بەکار دێن. هەرچەند تایپی دوو قامکی کەمترەوە بکەین خێراییمان زۆرتر دەبێت.
ئاخۆ نووسینی (هـ) دەبێتە دوو کۆد یان بە یەک کۆد دێتە نووسین؟ یەک کۆد نووسین باشترە و یۆنی کۆدی تایبەت بە خۆشی هەیە.
شوێنی نووسەکان لەسەر تەختەکلیلەکە گرینگە باشترین شوێە بۆ دیاری کردنی شوێنی نووسەکان لێکۆڵینەوەی زانستییە. بەلای منەوە تەختەکلیلی فارسی دەتوانێت بنەمایێکی باش بێت بۆ تەختەکلیلی کوردی.
زۆر سپاس

سڵاو لە هەموو لایەک و دەستتان خۆشبێت، کارێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو بەلای منەوە، ئاساییە ئەگەر ئەم بابەتە لە یانە کوردییەکاندا بڵاوبکەمەوە لەژێر ناوی خۆتان؟

یەکێک لە کێشەکانی ئەو کیبۆردە یونیکۆدە کوردییە؛ شێوازی ژمارەکانە بە "هندی"، ئەو شێوازەی کە بۆ کیبۆردەکە دانراوە "هندی"یە و هیچ پەیوەندییەکی بە کوردییەوە نییە با بەکاریشی بێنین، ئەگەر لە هەموو بەرنامە بەناوبانگەکانی وەک "وێرد" و "فۆتۆشۆپ" و چەندینی تر بگەڕێین؛ دوو جۆرە شێوازی ژمارەیان تێدایە، یەکەمیان "عەرەبی" کە ئێمە بە "ئینگلیزی" تێی گەیشتووین! دووەمیان "هندی" کە ئێمە بە "عەرەبی" تێی گەیشتووین! ئەو ژمارە هندییانە کێشەی زۆریان دروستکردووە، بۆ نموونە هەر لەم (سایت)ەدا؛ لە بابەتەکان ژمارەکان شێوەیەکە و ژمارەی ڕێکەوت و چەندین شتی تر شێوەیەکە، ئەمەش ناڕێکی دروستکردووە، هەر تەنها لێرە نا؛ بەڵکو لە هەموو شوێنەکان ناڕێکی دروستکردووە، لە خوێندنگەکانیشدا لە هەموو وانەکانی "فیزیا"، "کیمیا"، "بیرکاری" شێوازی "عەرەبی" بەکار دەهێنرێ، جا تکایە بی کەنەوە "عەرەبی"یەکە...

شێوازی ژمارەکان لە بەرنامەی "مایکڕۆسۆفت وێرد"!
http://im78.gulfup.com/QYcTH2.png

دەست خۆشی لە ماندوو بونتان دەكەم
برا بەڵام من كێشەم چارەسەر نەبووە
لە كاتی نوسینی كۆد و مەسج بۆكس بە كوری لە فیژوال بەیسكی ئۆفیس ئەوا
چەند پیتیك دەبنە نیشانەی پرسیار ئەوەش كێشەم بۆ دروست دەكا
پیتەكان ۆ ێ ڤ

دەستخۆش..
من وەک کەسێک کە کار لە دروستکردنی و پرۆگرامکردنی فۆنت کاردەکەم ڕەنگە هەندێکتان کارەکانی منی بینی بێت، دوای نوسینی سەرنجەکانم لە خوارەوە لینکی پەڕەکەم لەسەر ۆردپرێس و فەیسبوک دادەنێم تا زیاتر کارەکانم ببینن و سودی هەبێت بۆ هەمووان..
سەرەتا ئەو کیبۆردە کوردییانە کە بۆ یونیکۆد دروستکراون و بەکاردەهێنرێن هەندێک کەموکوڕیان هەیە، لەوانە پیتی (ە) لە هەندێکیان و لە کیبۆردی کوردی سۆرانی Mac OS X پیتی (هـ لەگەڵ Zero Width Space Non-joiner) بەکارهاتووە. کیبۆردی یونیکۆدی کوردی لەسەر بنەمای پیتە ئینگلیزییەکانی کیبۆردی ئامێرەکان دانراوە کە باشتر بوو لەسەر بنەمای پیتە عەرەبییەکان بوایە لەبەرئەوەی تاکی کورد بەتایبەت ئەوەی لەکوردستان دەژی لەسەرەتاوە هەتا ئێستا زۆربەی کار لەسەر ئەو جۆرە کیبۆردە دەکات و فۆنتەکانی عەلی بنەمای نوسینەکانیانە.
سەرنجی دووەمم لەسەر فۆنتە یونیکۆدەکانی (KurdItGroup)ە کە هەندێک هەڵەی تێدایە بەتایبەت لە کۆدی پیتەکان بە یونیکۆد کە زۆربەی فۆنتەکانی تر دوای ئەو گورزە فۆنتەی کورد ئایتی گروپ لەسەر هەمان کڵێشە کراون بە کوردی.
لە ئێستادا کارکردنم لەسەر سکریپتێک بۆ نوسین بە یونیکۆدی کوردی لە پرۆگرامی (Adobe After Effects) تەواوبووە و هەر لەبەر ئەو کێشەیەی پێشتر باسم کرد لە فۆنتە یونیکۆدەکان فۆنتێکی تایبەتم بۆ پرۆگرام کردووە کە هەندێک لە فۆنتەکانی خۆم کردومن بە کوردی بەو کڵێشەیە کردومن.
دوا سەرنجم لە سەر پیتی (هـ) لە کۆتایی هەندێک ووشەی کوردی وەک (ئاهـ، گوناهـ،،،،، هتد) دەمەوێت لە پرۆگرامکردنی فۆنتدا ئەو کێشەیە نەهێڵم کە بە دوو پیت بنوسرێت لای خۆتانەوە هەر ووشەیەکی کوردی هەیە بەو شێوەیە تکایە بۆم بنوسن..
بەستەری پەڕەی ۆردپرێس و فەیسبوکی من بە هیوای سود بەهەموو لایەک بگەیەنم..
https://nzardesign.wordpress.com
https://www.facebook.com/nzar.design