ویندۆز 8 و زمانی کوردی
ھەموومان وەکوو کوردزمان و بەتایبەت چالاکوانانی بواری IT بە بیستنی ھەواڵی پشتیوانی فەرمی ویندۆز 8 لە زمانی کوردی سەرسام بووین. دیارە ئاوا دەرفەتگەلێک بۆ زمانی کوردی سەرەڕای ھەموو کەم و کورتی و ھەڵەکانیشیان ھەر دەرفەتن و مەجالی زۆرتر و مەیدانێکی کراوە تر بۆ ئێمە دەرەخسێنن.
ھەر لە دوای دەرچوونی یەکەم وەشانەکانی ویندۆز 8 بۆ تاقی کردنەوەی پرۆگرامەرەکان، خاڵێکی زۆر گرینگی دڵخۆشکەر بۆ ئێمە، بینینی ناوی کوردی بوو لە نێوان زمانەکانی تر دا. میکرۆسافتیش بۆ خۆی بە شانازیەوە[url=http://blogs.msdn.com/b/b8/archive/2012/02/21/using-the-language-you-want.aspx] ڕایگەیاندبوو[/url] کە وەشانی داھاتووی ویندۆز، واتە ویندۆز 8 لە 14 زمانی نوێ پشتیوانی دەکات.
من لەگەڵ چەند دۆستم لە زانکۆ کاتی خۆی یەکەم وەشانی تاقیکاری ویندۆز 8م دابەزاند و سەیری کیبۆردە کورییەکەیمان کرد، بە داخەوە پڕ بوو لە ھەڵە، من پێم وایە کەسێک ئەو کیبۆردەی درووست کردوە کە ھیچی لە ڕێنووسی کوردی نەزانیەوە. وا ھەست دەکەم ئەو کەسە نەختێک فارسی یان عەرەبی زانیبێت پاشان ھاتوە کوردی فێر بێت بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات، لە کاتی کوردی فێربووندا پێی وتراوە "ھەموو شتێک لە کوردی دا چۆن دەخوێنرێتەوە ھەر واش دەنووسرێت". بۆیە ئاکامەکەی بووە بەمە :
o = ئۆ
a = ئا
Y = ێو
ئەم سێ نموونە ھەموو ھەڵەکان نین، شێوازی داچنینی پیتەکان نامۆیە، نە وەک کیبۆردی Qwertyە ، نە Qwertz نە وەکوو کیبۆردی عەرەبی یان تەنانەت ئوردویشە. ئەم کیبۆردە ئەوندە پڕە لە ھەڵەی جۆراوجۆر کە ئیتر دەرفەتی ئەوە بۆ خۆی ناھێڵێتەوە کە خاڵبەندیەکی ساکاری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی سەرجەم ھەڵەکانی ڕاست بکرێتەوە و ببێت بە شتێک کە شایەنی بەکارھێنان بێت. لەو کاتەدا من لە ئیمەیلێکدا ھەموو ھەڵەکان و شێوازی ڕاست کردنەوەیانم بۆ بەشی Localizationی میکرۆسافت نارد و زۆر زوو وڵامیشیان دایەوە و وتیان وێڕای سپاس ھەموو ئەو خاڵانە پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت.
چەند نموونەی تر لە ھەڵەکان :
- پیتی 'ک' بە ھەڵە دانراوە : ك
- پیتی 'ە' یان E لاتین ھەڵەیە، وەکوو کیبوردی پێشووی کوردئایتیگرووپ : ە (دوو پیتە)
- پیتی ڕ کراوە بە : ڒ
- ھ بەم شێوە نووسراوە : ه
پەڕگەیەکم لەگەڵ ئەم نووسراوە داناوە کە ھەموو پیتەکان و شێوازی داچنینیانی تێدایە.
لە ڕێکەوتی 26ی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا وەشانی فەرمی ویندۆز 8 کەوتە دەستی بەکارھێنەرانەوە و ئێمە چاوەڕێمان دەکرد کە کیبۆردە کوردیەکەی ڕاست کرابێتەوە کەچی ئەمڕۆ دوای دەست خستنی وەشانی فەرمی ویندۆز 8 واتە وەشانی GDR و بینینی زمانی کوردی دەرکەوت کە کیبۆردەکە ھیچ گۆڕانکاریەکی نەکردوە. تا کاتی نووسینی ئەم بابەتەو بەڕۆژ کردنەوەی ویندۆزەکەم دیسان کیبۆردەکە ھەر وەکوو خۆی ماوەتەوە.
ئەم کیبۆردە ھەم دەتوانێت کارەساتێکی لێ بێتەوە وەکوو فۆنتەکانی عەلی و ھەم دەشتوانێت ببێتە بنەمایەکی بەھێز بۆ ھەرچی زۆرتر بەرەو ستاندارد بردنی ڕێنووسی کوردی. بۆیە ھەرچی زووتر ھەڵەکانی بە شێوەی فەرمی ڕاست بکرێتەوە ھێشتا ھەر دێرە!


- کارەکان :
- بڕۆ ژوورەوە بۆ نووسینی بۆچوون
بۆچوونەکان
ئەوەی بەندە بەلایەوە گرنگە باسی بکات، قسەکانی کاک بۆتانە بۆ ئێن ئار تی، کاتێک بە شانازیەوە باسی زیادکردنی زمانی کوردی بۆ ویندۆز ئەکات، ئەمەیە ئەنجامەکەی!
کاک هیوا من ئەڵێم کاری خۆبەش قەت مەکەن بۆ مایکرۆسۆفت و حکومەتی هەرێم چونکە سروشتی ئەمدووانە زۆر لە یەک ئەچن، دوایی بە پۆزەوە هەندێک کەس کارەکە ئەکەن بە هی خۆیان. رێزم بۆ کاک سەفین کە لەو بابەتەی پێشتر [url=http://kurditgroup.org/n/%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%A6%D8%A7%DB%8C%D8%AA%DB%8C%DA%AF%D8%B1%D9%88%D9%88%D9%BE-%D9%BE%DB%8E%D8%AF%D8%A7%DA%86%D9%88%D9%88%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D9%85%D8%A7%DB%8C%DA%A9%D8%B1%DB%86%D8%B3%DB%86%D9%81%D8%AA-%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D8%AA%D8%9F]کورد ئایتی گروپ[/url] وروژاندی ئەڵێ باخۆمان کارەکە تەواو کەین، بەس من حەز ناکەم پارەخواردن و دەستخۆشی شاباشەکانی بچێتە گیرفانی خەڵکی ترەوە و سەربازە گومناو ەکانیش لە هیچ سوچێکی کوردستانا باسیان نەکرێت.
وەک پێشتریش باسمان کرد، هەڵەی زۆرە، داڕشتنی تەختەکلیلەکەش لەسەر بنەمانی کوردئایتیگرووپە بەسەقەتی.
پێش ڕوودانی بەزمەکە، زۆر لە نزیکەوە یارمەتی کاک بۆتانمان داوە بۆ ڕاستکردنەوە و هەموو لایەک ڕێکەوتبوون لەسەر هەڵبژاردنی شێوازی کوردئایتیگرووپ (وەشانی ئوبونتوو).
بۆ منی تاکەکەس زۆر گرنگ نییە، کێ دەیخوات، ئەگەر بە درووستی بیخوات.
ژنێکی تر کرا بەسەرۆکی بەشی ویندۆز لە مایکرۆسۆفت،ئەڵێن کوردیەکەی فولە :)
بەڵکوو ئەمە خوایە ئەمجارە ژنێک ببێ بە سەرۆکی فەرمانگەو تێری لێ بخوات..شەرت بێ منیش هیچ نەیەژم :)
hhhhhhhhhhhh یانى مایەى پێکەنیناوەیە :) !
دەم خۆش کاک هیوا
پەندێکی کوردیمان هەیە دەڵێت، ([b]حەمام بەتڕان گەرم دانایەت[/b]) کاری مایکڕۆسۆفت-یش لەگەڵ حکومەتە ساواکەی ئێمە ئاوایی لێهاتووە.
[url=https://www.youtube.com/watch?feature=player_embedded&v=CrHZce9vRx4]خۆش دێینەوە[/url].
کوردئایتیگرووپ پێم باشە هیچ ئاوڕێک لەم کاری وەرگێڕانە نەداتەوە تاوەکو خۆیان پەنا بۆ ئەم دەزگایە دەبەن.
نازانم کێ سەرسام بووە؟ هەرکەسێک کردوویەتی پارەی خۆی وەرگرتووە، (کە زۆر سەقەتیش کراوە) ئیدی سەرسامی بۆچییە؟ یەکەم کەسیش پێمان وترا بۆ بەکوردیکردنی بەڵام عەزمان نەکرد :)
نازانم بۆ کەس سەرسام نابێ کە تەختەکلیلی کوردی هەیە و زمانی کوردی لە تویتەر و نەرمەکاڵاکانی wordpress و phpbb و ..هەتا هەزار دوایی.
دەمی هەرکام لە ئەندامنی ئەم ماڵپەرە دەکەیتەوە زمانی بستێک دەردێنێت و دەست دەکات بە ڕەخنە گرتن لە کاتێکد ا ئێوە ناوتان ماڵپەری وەرگێرانی هەوالی ئینگلیزی بۆ کوردیە
ئەوەندە رەخنەیەک دەگرن کە پێویست نیە باڵتان بۆ بەکارهێنەرانی خۆتان فش بکەنەوە، بە جدیتر پەیوەندی بەو بەشانەوە بکەن کە پێوستە هەڵەکان چارەسەر بکات
یاخود ئەو برادەرە دەڵێت ئەێمە خۆمان مەیلمان لێ نەبووە، دیارە کە مەیلتان لێ نەبووە بۆیە ئەو هەڵانەی ناردوتانە بۆ کۆمپانیا حسابی تورێکیان بۆ نەکردوون
کاک [url=http://kurditgroup.org/u/hunai]Hunai[/url] هەر هیچ نەبێت ئەوەش هەر خزمەتە ئەگەر تۆ وا حالی عەرزی ئەم هەموو مرۆڤە دڵسۆزە بووبیت لە کوردئای تی گروپ و بڵێیت ئێوە تەنها هەواڵ وەرەگێرن، خۆزگە تۆزێت لە کاتی خۆتت ئەگرت و تەماشایەکی [url=http://kurditgroup.org/project]ئێرەت[/url] ئەکرد.
سوپاس
وەڵا کاک هونای ئەشهەدووبیلا خەتای کاک بەردەقانی و ئەوانە، ئەگەر لە یەکەمەوە نەک هەر کیبۆردە کوردییەکە، بەڵکو هاتنە ژوورەوەی ماڵپەرەکەش بە پارە بایە، ئەنجا ئەو خەڵکەیان فێرە کراک و مراک کردبایە، ئێستاش ئێرەش خانەکەی حاجی ئاغا دەبوو، شەرەفی لێ دەخورایەوە و شەرابمەند دەبوون.
خودا لە مردووی هەموولایەک خۆشبێت.
ئەمەم ئێستا بینی کاک [url=http://www.kurditgroup.org/u/hunai]فەنتەڵۆس[/url]
۱۲ سەنت بۆ وشەیەکیشیان داینێ، قەبوڵمان نەکرد. لە سەکۆش بانگەوازم کرد تۆی فەیلەسوف ئامادە نەبویت بیکەیت.
ئیمەیڵەکە هاوپێچە بیکە بە ....
پەح، قسە لە قوڕگی پیاو دەرئەکات ئەم نەزانە.

دەستخۆش کاک هیوا، ئەمانە بە قسەی خۆش و بە قسەی جوان وەڵامیان دەدەیەوە زیاتر بەلەسە دەبن.
ئەمەش ئەو ئیمەیڵەیە بۆ من هات پار: http://postimage.org/image/maz7o2rut/
کوڕینە سڵاو
من لەنزیکەوە ئاگادارم لە کارەکانی تیمی وەرگێڕانی Windows 8 بۆ زمانی کوردی.
ئەمکارە چل دەستی کردووە هەتا دەگاتە دەستی وەرگێڕەکان. خۆشتان دەزانن (لەگەڵ رێزمدا بۆ ئەوانەی بە فیعلی خەمخۆری زمانی کوردین) ئەوەی کەچە زمانێک دەزانێت خۆی کردووە بە وەرگێڕ!
دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لەوەی کە دوایین راوبۆچوون لەسەر تەختەکلیلی کوردی ئەوە بوو کە تەختەکلیلی یونیکورد کارپێکراو بێت بەبێ هیچ دەستکاریەک.
بەڵام مخابن هەڵەیەکی زمانەوانی زۆر لە وەرگێڕانەکەدا هەیە و نازانم چۆن ەو هەموو هەڵانە بەسەر Microsoft دا رۆیشتووە. وەڵڵاهی شتی وای تێدایە سەرت سپی دەکەیت. دەبوا لانی کەم فەرمانگەی ئای تی رەتیکردایەتەوە هەتا بە تەواوی هەڵەچن دەکرا، بەڵام لەوە دەچێت Microsoft نەیەوێت چیتر ئەم پڕۆژەیە دوابکەوێت و بەم زووانە شتێک پێشکەش بە بەکارهێنەری کوردی بکات.
من دڵنیام لەوەی Microsoft ناچار دەبێت وەشانێکی پاڵاوتەکراو دەربکاتەوە، ئەگەرناهیچ سوودێک بە کۆمەڵگای ئای تی کوردی ناگەیەنێت.
کاک بڕوا و هیوا،
کە پیاو سەیری ١٢ ساڵ تەمەنی بؤلەبۆڵمان دەکات، دوانی وەکو ئێوە دەبینێ، ئۆخەیەک دێت بە دڵیا، ئەڵێی:
نا کاکە خەڵکی بە سەلیقە و زانستخواز هەن ئۆخەی.
جا ئامۆژگارییەک لە برا گچکە وەرگرن، ئەم بچمانەی ناوێک دروست دەکەن و یەکسەر گڕ گڕ دێن بۆ یەک بابەت و لەوێشدا بە گژ هەندێکدا دەچن، ئەمانە هەمووی یەک عەقڵن گەرچی دەگمەنە چەند لەشێکیش بن. بەهەرحاڵ وەلیان کەن، چونکە وتوێژ کاتێک خۆشە، شتێک بدەیت، دوو وەرگریت.
کاک سیا وەڵاهی بەندە خەمی ئەوی نیە، خەمی ئەوانەی تریە کە ئەکرێ بێن و ئەو ئامۆژگاریەی تۆ نابینن. دەنا چەن جارێ تریش وتوتە.
بۆ گەشبینیەکەشت، بەخوای نازانم کێیە ئەڵێ بەڵام "گەورەترین کارەسات ئەوەیە گەنجێک ڕەش بین بێت" بۆیە هەرگیز ڕەش بین مەبە. ئێمەش کەمتەرخەمین. ئەگەر ئەزانی ئەم ئێوارەیە دانیشتم یەک بەیەکی وانەکانی "بەشی ئەندازیاری جەناب عالی زانکۆی سەلاحەدین"م تەماشاکرد. واوەیلا لەو Syllabus و واوەیلا لە لیستی وانەبێژەکانیان! بەڵام کوا ئێمە دامەزراوەیەکمان دروستکرد و شەو ڕۆژ قیژاندمان بەسەریاندا، ئێستا لە فەیسبوک نوسیویە ئەڵێ، ئەم بۆڵەبۆڵەتەنا بۆ نابەنە شوێنی خۆی؟ بۆ هەر لە فەیسبوک و ئەملاولا!
ئێ ڕاستەکات!
دەست بەکڵاوەکەتەوە بگرە تا با نەی بات