تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

بازاڕی تەکنەلۆجیای زانیاری لە کوردستان

Bardaqani

Bardaqani

بڵاوکراوەتەوە

2012/09/13

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔8۔ )

 

لە زۆربەی وڵاتاندا و سەرتاپای جیهان و بەپێی هەموو ئامارەکان، بازاڕی تەکنەلۆجیا لە گەشەسەندندایە، هیچ جێگای سەرسوڕمانیش نییە. تا ئێستاش، تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهانیشدا، هێشتا بۆشایییەکی گەورە هەیە پێویستە پڕبکرێتەوە. زۆربەی پرۆسەکان باشتر تاقیدەکرێنەوە، تا ڕادەیەک، لەکاتی پێویست لەگەڵ‌ سیستمە دیجیتاڵەکان دەگونجێنرێن، ئەگەرنا دووبارە پرۆسەکان دەسکاریدەکرێنەوە. ڕۆژی ئەمڕۆ کە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ وێنەی سروشتی مارس وەردەگرین، لە هەمان کاتدا دەبینین لە وڵاتێکی وەک هۆڵەند، ئیمشەو دەنگی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەست دەژمێررێت، بە هەمان شێوەش وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمریکا.
هیچ شتێک ماوە لە جیهان بەدیجیتاڵ نەکرابێت؟ بەڵی زۆر ماوە. باشە ئەگەر ئێستا وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بە هەزاران پسپۆری ئەم بوارە بێت، ئەی دەبێت لە دەیەی داهاتوودا چی ڕووبدات؟ لەسەرەتای ساڵانی نۆوەدی سەدەی ڕابردوودا تا ئێستا، فێربووین کارەکانمان بنێرینە وڵاتێکی هەرزانتر. لە چینەوە تا ڕووسیای سپی. باشە ئەم بوارە ئابوورییەی لەم وڵاتانەدا ئێستا ڕەخساوە، بەهۆی ناردنی کاری ڕۆژانەمان بۆ ئەوێ، وا ناکات چینێکی ناوەندی بەهێز و گەشەسەندوو درووستبێت، کە بە مووچەی ڕۆژانەی 10 دۆلاری ڕازی نەبێت؟ ئەمەش نابێتە هۆی دروستبوونی بەربەرەکانی لە ناو ئەم بازاڕە دوورانەدا و بەرزبوونەی نرخی کرێکار؟
نموونە زۆرن، پێش 5 ساڵ زۆربەی پرۆگرامەرانی وڵاتێکی وەک ئۆکرانیا نزیکەی 700 دۆلاراییان مانگانە داوادەکرد. ئێستا بە 3000 دۆلار ڕازی نین. ڕووسیای سپی هەر بەهەمان شێوە. ئێستا بازاڕی ڕووسیا ئەوەندە گران بووە، خۆیان کاری خۆیان دەنێرنە شوێنێکی وەک کرگیزیا. ئێ باشە دوای کرگیزیا بچین بۆ کوێ؟
پێشتر، وڵاتی جۆرجیا هەموو بەربەستی ڕامیاری و باجی شکاند بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، بەڵام چۆن ئەم کارە سەرکەوتوودەبێت ئەگەر پسپۆری ناوخۆ بەشی کاری ناوخۆ نەکات؟ لەوێش نرخەکان لە هیچەوە فڕینە ئاسمانەوە.
ئەگەر سەیری بازاڕی کوردستان بکەین، لە سەرسووڕمان بەولاوە هیچی تر بەدی ناکرێت. هەرچەندە لەوانەیە زۆر پێویست بێت لە جیاتی وشەی کوردستان، کورد بەکاربێت. من خۆم هیچی لێ تێناگەم بۆیە هیوادارم تۆی خوێنەر وەڵامت لابێت.
ماوەیەک پێش ئێستا، فەرمانڕەوایەکی کوردی زۆر دەسەڵاتدار، داوای درووستکردنی سیستمێکی زۆر ئاڵۆزی لە ئێمە کردبوو. سیستمەکە ئاڵۆزە و کێشەیەکی زۆری ڕۆژانە چارەدەکات. بەڵام لەبەرئەوەی زانیارییەکی زۆری دەربارەی هاووڵاتییان تێدا هەڵدەگیرێت، بۆیە پێویستە بە ئاگاداری زۆرەوە مامڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئێمە، مەبەستم داڕێژەرانی ئەم سیستمە لەچەند دۆکومێنتێکدا ئاڵۆزییەکانمان هەڵسەنگاندن و پێشکەشمان کردن. لەوانەیە، ئەو خوێنەرانەی لە نزیکەوە ئاگاداری کاری ئێمە بووبن، بزانن کارێک ناکەین شایستەی پێشکەشکردن نەبێت. وەڵامی بەڕێزییان ئەمە بوو : " ئێوە زۆر گرانن، لە چین زۆر بە هەرزانتر بۆمان دروست دەکەن ". بەڕێزییان وادەزانێت کراس و کەوایان بەڕادان داوە.
با شیکردنەوەی سیستمێک بکەین وەک نموونە. دڵنیابە لە ڕابردوودا، بەندە سەدان ئۆفەری لەم شێوەیەی بۆ گەورە کۆمپانیاکانی ئەوروپا نووسیوە. با ماڵپەڕی kurdflora.com وەک نموونە بخەینە ڕوو:
سیستم لە پێنج بەش پێکهاتووە:
1- دامەزراندن و هەڵسەنگاندنی سێرڤەر بەپێی ئاماری چاوەڕوانکراو.
2- هەڵبژاردنی سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک بۆ کەمکردنەوەی کاتی کۆدکردن.
3- کۆدکردنی سیستم
4- دیزاین و گونجاندنی
5- تاقیکردنەوە و بڵاوکردنەوە

لێرە بە وردی باسی دابەشکردنی کارەکان ناکەین، ئەوە نەبێت چەند سەعات پێویستە بۆ تەواوکردنی هەر بەشێک.
1. 8 سەعات
2. 8 سەعات
3. 48 سەعات
4. 40 سەعات
5. 12 سەعات
سەرجەم: 116 سەعات بۆ دروستکردنی kurdflora.com، هەرچەندە لە ڕاستیدا لەوانەیە دوو ئەوەندە کاتی پێویست بووبێت.
باشە با ماڵپەڕێکی وا لە هەولێر یان سلێمانی بەڕادان بدەین. نازانم چەند کاتییان پێویستە بەڵام نرخەکەی نزیکەی 1500 دۆلارە. گریمان ئەوانیش بە 116 سەعات تەواوی دەکەن واتا یەک سەعات کۆدکردن نرخەکەی 13 دۆلارە. پارەکەش هەمووی ناچێتە گیرفانی کۆدنووسەکە، ئەی خاوەنی کۆمپانیا؟ خۆ ئەمانیش خەڵکی تر و ئۆفیس و قازانج و هیترییان لەگەڵ نرخەکە حیساب کردووە. ئایا ئەم نرخە ئاساییە؟ نازانم، بەڵام باوەڕناکەم هیچ کەسێکی پسپۆری کۆدنووس بەیانی زوو بۆ 7 دۆلار لەخەوهەڵسێت!
لەوانەیە ئەمەش سەڵماندنی ئاستی کۆدنووسی کورد بێت و پێویستناکات ناحەقی فەرمانڕەوا کوردەکە بگرم. بەمەرجێک وەستای کاشی لە کوردستان زیاتر لە 30 دۆلار لە سەعاتێک وەردەگرێت.
بزانە لە ئەوروپا و ئەمریکا، هەمان کەس لە نێوان 70 تا 150 دۆلار لە سعاتێک داوادەکات.
وەک پێشتریش باسم کرد، جێگای سەرسوڕمانە و خۆم هۆکارەکانی نازانم. بەڵام زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لە وڵاتی کوردەواری هێشتا نرخی ئەم بوارە نازانرێت. ئەمەش گەورەترین بەربەستە بەرامبەر گەشەکردنی تەکنەلۆجیا و بەڵگەی ئەو ڕاستییەیە کە خۆشت ئاگاداریت.

بۆچوونەکان

کاکە ئەگەر کەسێک ناچار نەبێت بەم نرخانە کارناکات و گشت کارەکان لەلایەن چەند گروپ و لایەنێکەوە قۆرخ کراوە,قەدری زێریش لای زێڕنگرە.
ئێمە جگە لە سەعاتی کارکردن کێشەی دیاریکردنی بوارمان ھەیە , ئەگەر لەشوێنێک کاربکەی شارەزاییت لە بواری دیزاین ھەبێ ناچن بەشێکی تایبەت بۆ دیزاین بکەنەوە و لەوێت دابنێن بەڵکو دەبێ کۆمپیوتەریشیان بۆ فۆڕمات بکەی و کێشەی نیتوۆڕکیان بۆ چارەسەربکەی و ئای دیڤایزەکان جەیل برەیک بکەی و ھتد .. ئەگەریش یەکێک لەمانە جگە لەبوارەکەی خۆت نەزانی ھەر حەیات دەچێ!

کاک بەردەقانی بەراستی لە وڵاتی ئێمە هەموو بوارەکان قۆرخ کراوە و بوار بە کەسێک نادەن کە زیرەک بێت و لە پاشەرۆژدا لە بەرژەوەندی کۆمەلێک کەسی نافام و قسە زل بدات، با بەکوردیەکەی پێت بڵێم قیمەتی تەکنەلۆژیا لە ئاستێکدایە لای ئێمە کە نوکتەمان لەسەر دروست ئەکەن( بە کابرایەکی مەسئولیان ووت ئیمەیڵەکەت چیە؟ بە پۆزێکەوە چووە ناو دەرگای سەیارەکەی وتی دوایی بە پاسەوانەکەما بۆت ئەنێرم) ئیتر ئەبێت چاوەروانی چی لەم وڵاتە بکرێت، کاکە گیان ئاسیا سێل لە بورژ و تاوەرەکانیا ئەوەندە پاوەری زیاد کردووە کە خەڵک نازانێت چوند لە رووی تەندروسیەوە زیان بەخشە ئەبێت حکومەت نەهێڵێت، کە لە پاشەرۆژدا لەوانەیە هاموومان توشتی نەخۆشی سەیر و سەمەرە ببین کەس نیە بڵێت کاکە بۆ!!!! من قسەکانی کاک هیوام بەلاوە جوانە کە ئەڵێت ( [u][b]ئەگەر لەشوێنێک کاربکەی شارەزاییت لە بواری دیزاین ھەبێ ناچن بەشێکی تایبەت بۆ دیزاین بکەنەوە و لەوێت دابنێن بەڵکو دەبێ کۆمپیوتەریشیان بۆ فۆڕمات بکەی و کێشەی نیتوۆڕکیان بۆ چارەسەربکەی و ئای دیڤایزەکان جەیل برەیک بکەی و ھتد .. ئەگەریش یەکێک لەمانە جگە لەبوارەکەی خۆت نەزانی ھەر حەیات دەچێ!)[/u][/b]
[size= 15px]ئینجا زۆر بە تەوسیشەوە بانگت ئەکەن ئا وەرە لە فلانە شت ئەزانیت؟ ئەگەر بڵێیت نا ئیتر ناوبانگ دەرەکەیت کە تۆ هیچ نازانیت ههههههههههههههههه.[/size]

کارێکی دروستە ئەگەر کەسێک لە بواری بنیاتنانی شەقام و بینا و جسر و مقاوەلات کار بکات بێت بەشە کۆمپانیایەک دابنێت، جا نازانم ئەمە ناوی گروپ ئۆف کۆمپانیسە شتێک لەو بابەتە، بە ناوی تەکنەلۆجیای زانیاری کار بکات، لێرە کارەکان وا رێچکەی گرتووە وەرن جگە لە پەنجەی دەست بژمێرن بزانن لە کوردستان کێن ئەوانی خاوەن کۆمپانیای بواری تەکنەلۆجیای زانیارین و خۆیان لە بنەچەدا هەڵگری بروانامەیەکی ئەو بوارەن یان ئەوەش نا، بگرە خاوەن خیبرەیەکی بوارەکەن؟
کێن خاوەنی هێڵی ئینتەرنێت؟ کابرای مقاولە!
کاک سەفین! من ئیزافەیەک دەخەمە سەر نوسینەکەت وەک نموونە، لێرە گەورە دەولەمەندێک بانگی کردین داوای سیستەمێکی لێکردین ئێمەش بەهەمان شێوە دۆکیمێنتمان پێشکەش کرد بەلام دواجار کە باسی نرخ کرا ووتی زۆر زۆرە! ئەم پارەیە بدەمە ئێوە رەنگە توشی کێشەش بم. دوا جار کابرا کێشەکەی بەوجۆرە چارەسەر کرد لە سەفەرێکی دوبەی سەردانی مایکرۆسۆفتی کرد و بری بیست و پێنچ دەفتەری لێ وەرگرت، ووتی خۆ مایکرۆ سۆفت بۆمی کرد! رەنگە زەرەر نەکەم، ئێستا ئەو سیستەمە کار ناکا لەگەل ناورۆکی ئەم کۆمپانیایە، خوانەخواستە نالێم مایکرۆسۆفت هەلەی کردووە، بەس نازانم کێ ئەمەی بۆ کردووە و ئەم کۆمپانیایەش چۆن داوای کردووە! (خاڵی یەکەمی بە سیستەم کردن: قۆناغی شیکردنەوە و کۆکردنەوە زانیاری).

جا ئەگەر کاتی شیکردنەوە و قسەکردن لەگەڵ موشتەری و بەڕێوەبردنی پڕۆژەش بخەیتە سەر 116، سەرجەمی کاتەکە دەگاتە 200 سەعات.

میش دڵنیام ئەگەر کۆمپانیایەکی زەبەلاحی جیهان بێتە کوردستان، هەموو خەڵک ڕووی تێدەکەن و پارەیەکی زۆر باشیش وەردەگرن.

کاتی خۆتان بەکوردستانەوە مەکوژن، لەوێ هەموو شتێ هەڕەمەکییە، هەر کەسەو بۆ خۆی حاکمێکە، پێم ناڵێن لەکام بواردا سیستەم هەیە و کوا پلان، تۆ بینیتوتە مەترێک زەوی لە قڕگە گرانتربێت لە کالیفۆڕنیا؟
کوا سیستەمی کڕین و فرۆشتن و بازاڕ کوا سیستەمی هاتووچۆ، لەهەموو خۆشتر هەفتەیەک لەمەوبەر یاسایەک دەرچوو هەرکەسێ ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەتوانێت خانەنیشن بێت.
لە نەرویج و فەرەنساش تەنیا بۆ گۆڕانکاری یەک ساڵ دەیان کۆبونەوەوی پەرلەمانی و هەراو هۆریای نایەوە.
باشە خۆ ٩٥% خەڵکی کوردستان خانەنیشنن، کوا کام چین ئەوەندەی مووچەکەی خزمەت ئەکات؟
مەلعونی وا هەیە مانگی ١ ملیۆن دۆلار قازانج ئەکات، بێ ئەوەی فلسێ باج بدات بە حکومەت. ئەی کوا سیستەمی باج؟
مۆدیلی ئۆتوۆمبیل لە ٢٠١٠ کۆنتر بۆی نییە بێتە کوردستانەوە، بەڵام مۆدیلی ئایتی مۆدێلی ١٩٨٠ یە.
ئەڵێن مۆدێلی ئایفۆن و فەیسبووکە.

کات نەک هەر گرنگی نەبوە لە فەرهەنگی ئیمەی کوردا بەڵکو حسابیشی بۆ ناکرێ بەتایبەت لە بواری کارکردندا. کلتورێکی تریشمان هەیە کە زۆر سەقەتە و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریشی گرتۆتەوە ئەویش ئەوەیە کە ستراتیژ لەبازاری کارو ژیانی ئیداری خەڵکدا هەر بونی نیە. ئێستاش کار بە شێوازی پینەو پەڕۆ ئەکەن. ئەڵێن شتێکمان بۆ دروست بکەن بەشی چەند مانگێک بکات دوایی خوا کەریمە.
جا کاک بەردەقانی لەهەموی خۆشتر ئەوەیە ئەگەر کارێکی ئایتیان بۆ ئەنجام بدەی دوایی پێت ئەڵێن (وەستا) لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ وەستاکارەکان کە ئەوانە خەڵکی زەحمەتکێشن و جێی شانازین، بەڵام وەستا لەبواری ئایتیدا وەک مەنجەڵی بی سەرقاپ وایە.
بە خۆشیتان ئەسپێرم

سڵاو هاوڕێیان،
قسەکانتان هەمووی ڕاستن. پێشینان ڕاستیان وتوە کە قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە و کاک هیواش نووسی. گرفتی ئێمە لەوێوە دەستی پێکرد کە ئەم بوارە بەهۆی کۆمەڵێک ڕێکخراوی UN و خێرخوای ترەوە، نرخی پسپۆڕەکانی بەرز کردەوە و سەدان کەسی نەشارەزا خۆی پیا هەڵواسی.. ئەوانە نەیانتوانی ڕۆشنبیریی خەڵک لە بوارەکەدا گەشە پێ بدەن.
لەوانەیە لەو وڵاتەی ئێمە پارەیەکی زۆر لە هەموو دەزگاکاندا بۆ بواری ئایتی تەرخان کرا بێت، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکی حکوومی تیمی ئایتی هەیە، زۆر شوێن بەڕێوەبەرەکانی وا دەزانن کۆمپیەتەر بۆ چاپ کردن و دروست کردنی پسوڵە و وەرگرتنی هەواڵەکانە لە ئینتەرنێتەوە.وەکو برادەران وتیان، ئەو تیمە ئەبێ وەکو جۆکەر لە دایزاین و گرافیک و نیتۆرک .. بزانن تا دەگاتە سەر داڕشتنی بەرنامە و ئەپ.. کاتێک تۆ شیکارێکی دەخەیتە بەردەست و دەڵێیت کارەکانت ڕێکدەخات و رۆتین کەم دەکاتەوە و ..هتد پێی سەیرە بۆ نیوملیۆن دۆلار؟ چونکە فێر نەبووە لە دوو دۆلار زۆرتر بدا بە بەرنامەیەک. کەناڵێکی تەلەفیزیۆن سەدان هەزار دۆلار ئەدا بە مانگانەی سەتەلایت، کەچی نەرمەواڵەی ڕاژەکارەکەی ویندۆزی کراک کراوە. سەیرە.
ئەوانەی کە ئەمڕۆ ئەو تاقی کردنەوە تاڵانەیان بینیوە، کە IP ڕوتەرەکە گۆڕاوە ئەمان ویندۆزیان فۆڕمات کردوە، ماوسەکەی ئیشی نەکردوە ئەمان ویندۆزی XP یان بۆ کردوە بە ٧.. دوو هەزار دۆلاری داوە و جوملەیان بە ١٠ دەقە بۆ دامەراندوە و هاک کراوە.. گاڵتە بە من و تۆ دەکەن شیکاری درێژ خایەنیان بۆ بخەینە بەردەست. ئیشەکەی ئەمڕۆیان بۆ بەڕێ بکرێت بە چەند دۆلارێک بەسیانە. زۆرکات هەر بۆ گیانی کوردەکانیش وان، بۆ pwc چەند ملیۆنێکی وەرگرت بۆ دانانی شیکارێک کە ئیستا خۆڵ لەسەری نیشتووە و وەکو دەرمانە بەسەرچووەکانی لێ هاتووە، کەس گوێی نەدایە؟

زۆرمان لە دڵە بەڵام با هەر لە دڵمان بێت

[b][i]قەدری زێریش لای زێڕنگرە.[/i][/b]
[b][i]ئێمە جگە لە سەعاتی کارکردن کێشەی دیاریکردنی بوارمان ھەیە , ئەگەر لەشوێنێک کاربکەی شارەزاییت لە بواری دیزاین ھەبێ ناچن بەشێکی تایبەت بۆ دیزاین بکەنەوە و لەوێت دابنێن بەڵکو دەبێ کۆمپیوتەریشیان بۆ فۆڕمات بکەی و کێشەی نیتوۆڕکیان بۆ چارەسەربکەی و ئای دیڤایزەکان جەیل برەیک بکەی و ھتد .. ئەگەریش یەکێک لەمانە جگە لەبوارەکەی خۆت نەزانی ھەر حەیات دەچێ[/i][/b]

لاى ئێمە ئەگەر کارى تایبەتیش بۆ بەرێوبەرەکەت نەکەى دێت و دەروات دەلێت تۆ هەر هیچ بۆمن ناکەی ( چوار دەورت دەلێـــت دیارە مەبەستى پێ ئیشى ناو فەرمانگەکەیە )