تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

11 ساڵ کوردئایتیگرووپ

Bardaqani

Bardaqani

بڵاوکراوەتەوە

2012/01/21

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔18۔ )

 

پیرۆزبایی لە هەموو ئەندام و چالاکان و میوانانی ئەم گرووپە دەکەم. جێگای ئەوپەڕی دڵخۆشی و سەربەرزییە.
زۆرجار باس لە مێژووی گرووپ و هتد کراوە، بۆیە واباشترە کەمێک باس لە داهاتوو بکرێت.
تەکنەلۆجیای زانیاری، ئایا بەڕای تۆ ئەم تەکنەلۆجیایە چییە؟ درووستکردنی پرۆگرامێکی کۆمپیوتەرە، نەرمەکاڵا؟ چۆنییەتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەرێکی ماڵەوەیە؟ یان نووسینی کوردییە لە مۆبایلەکان؟

ئەگەر گەلی کوردیش دەیەوێت بگاتە ئاستی گەلانی تر، پێویستە دوو خاڵی گرنگ ئەنجام بدرێن:‌ 1. دەسنیشانکردنی پڕۆسەکان 2. بەدیجیتالکردنییان
هەر دوو خاڵەکەش هەڵبەتە ئاڵۆزن و دەکرێت بۆ هەزاران خاڵ وردبکرێنەوە.
ئەگەر من هیچ پرۆسەیەکم دەسنیشان نەکردووە، ئایا سوودی کۆمپیوتەر چییە؟ هیچ ...

نموونە 1: ناردنی نامەیەک لە کوردستانەوە بۆ دەرەوە
دەچیتە ماڵپەڕی پۆستی کوردستان، خۆت تۆمار دەکەیت، کاتی ناردنی نامە دەسنیشان دەکەیت و پارەکەی دەدەیت، پۆستەچی دێت و نامەکەت وەردگرێت، لەسەرهێڵ دەتوانیت هەرکاتێک بزانیت نامەکەت گەیشتۆتە چ شوێنێک.
خەونە؟ نەخێر
تەکنەلۆجیا پشتیوانی دەکات؟ بەڵی
ئەی کێشەکە چییە؟ کێشە لە نەبوونی پرۆسە و ژێرخانە. شەقامەکان ناوییان نییە، ئەمەش چونکە زۆر لە گەڕەکان بە بەرتیل و گەندەڵی دابەشکراون. نەخشە نییە، پیلانێکی شارەوانی نییە. بانکەکان نە لەسەرهێڵ و نە لە ژێرهێل کارناکەن.

نموونە 2: وەرگێڕانی کوردی/ ئنگلیزی
ئەم وەرگێڕە پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن هەیە تا بگاتە ئاستێکی گونجاو و هەمان بڕ ڕستەی وەرگێڕراو. وابزانم لەو ڕۆژەی کە کورد دەستی بە نووسین کردووە کە 400 ساڵ نابێت، هێشتا 10 ملیۆن وشەش نەنووسراوە. بەڵام دەکرێت لەسەر بناغەی یاسای زمان سیستمێکی باش درووستبکرێت. ئەمەش کاری پسپۆڕانی زانکۆ و زمانەوانانە.
کێشەکەش لەوەدایە، زۆربەی مامۆستاکانی زانکۆ ناشارەزان و بە واستە و واستەکاری کراون بە مامۆستا.
لە دوا ناوەندی کوردستان لە هەولێر مامۆستایەکی ئنگلیزیمان هەبوو، لە پڕ کرا بە مامۆستای ئەدەبی ئنگلیزی لە زانکۆ ... باشە ئەم زەلامە دەبێت چ سوودێکی هەبێت بۆ سیستمی وەرگێڕانی کوردی / ئنگلیزی.

هەموو شتێک خەتای حکوومەت نییە:
دەکرا دوو مامۆستای زانکۆ، بانگەوازبکەن تا هەموو خوێنداکارنی زانکۆ بەشداربن لە پڕۆژەی نەخشەکێشی گووگڵ، دڵنیام لە ماوەی هەفتەیەکدا نەخشەی هەموو کۆڵانەکانی کوردستان تەواو دەبوو. ئەگەر شەقامێکیش بێناوە، دەکرا پەیوەندی بە شارەوانی بکرێت بۆ دابینکردنی ناو.

نموونە 3:‌ دیدی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێم
لە یەکێک لە دۆکومێنتەکانیدا کە بە بڕێکی زۆر لەلایەن PwHC دا نووسراوە، ئامۆژگاری پشتیوانی کەرتی تایبەت و بازرگانی سەر ئنتەرنێت دەکرێت.
باشە چۆن؟‌ چۆن ئەم کارە دەکرێت؟
بزانە: من خەڵکی شاری ڕانییەم، کتێبێکم لە سەر ئنتەرنێت کڕیوە لە شاری دهۆک. هیوادارم بەڕێزانی pwhc شیکردنەوەی پرۆسەی ناردن و کڕینی ئەم کتێبە بکەن.
بەڵام، هەرچەندە مەبەستم ڕەخنەگرتن نییە: ئەگەر هاتوو کەسێک دۆکومێنتێکی چەند ملیۆنیم پی بفرۆشێت بە ناوی " چۆنییەتی بەخێوکردنی پینگوین لە شاخەکانی کوردستان "، من ناچارنیم لێی بکڕم و دەتوانم پێی بڵێم پینگوین لە کوردستان بەخێوناکرێت.
سێبارە، پرۆسە.

لەبەرئەوەی کوردستان دەیەوێت لە پڕێکەوە ببێتە کوڕێک ، بۆیە زۆر ڕەشبینم. لەهەمان کاتدا دەسنیشانکردنی پرۆسە و میکانیزم و پێداچوونەوە و دابینکردنی ژێرخان، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە سیاسەت و شێوازی حکومڕانی، ئەمەش خۆت دەتوانیت بڕیاری لەسەر بدەیت.

هەروەک چۆن لە ڕابردوودا و ئێستاش خەڵکانێکی زۆر چاوەڕوانی دەستی ئێوەن و ئەگەر ئێوە نەیکەن کەسی ترمان نییە و نە چاوەڕوانی میری و نە زانکۆ بلیمەتەکانمان دەکەین، بۆیە:
1. هەر ئەندامێکی کوردئایتیگرووپ، پڕۆژەیەک دەسنیشان دەکات.
2. کوردئایتیگرووپ پڕۆژەکە پەسند دەکات و بەڕێوەبەری پڕۆژە دەسنیشان دەکرێت
3. بودجەی پێویستی پرۆژەکە دەسنیشان دەکرێت (مەبەست لێرە کەرستەیە، مەج نییە پارەوپوول بێت)
4. داوای یارمەتی/پەیوەندی لە حکومەتی هەرێم یان سەرمایەداری کورد یان زانکۆکان دەکرێت بە ناوی کوردئایتیگرووپ. (ئەمەش مەبەست پارەوپوول نییە، مەبەست بەشداریکرنییانە لە پڕۆژە)
لێرە ناوی "کوردئایتیگرووپ" تەنها وەک ئاسانکارییەک یان پێناسەر بەکاردێت.

ماڵتان ئاوا

undefined

بۆچوونەکان

دەست و پەنجەکانت خۆش کاک بەردەقانی ئەم یادە لە بەڕێزتان و هەموو ئەندامان و میوانانی کوردئایتگرووپ پیرۆزبێت.
هەوڵ و کۆششی 11 ساڵ کوردئایتیگرووپ و دامەزراندنی پیرۆزە هیوادارم کە ساڵی 2012 ببێتە هۆی کردنەوەی ئەم گرێێیانەی کە لە سەرەوە باس کراوەو چارەسەرکردنیان.

دە‌ستخۆش کاکە‌ بە‌ردە‌قانی ، یادی 11 ساڵە‌ی کورد ئایتی گرووپ پیرۆزبێت لە‌ ئێوە‌ و سە‌رجە‌م ئە‌ندام و جالاکوانان و میوانانی ئە‌م گرووپە‌خۆشە‌ویستە‌.
براکە‌م ... سە‌رجە‌م تێبینیە‌کانتانم لاپە‌سە‌ندە‌و لە‌جێگە‌ی خۆیاندان، بە‌ندەش بۆ دە‌وڵە‌مە‌ند کردنی بابە‌تە‌کە‌تان و زیاتر ئاشنابوون بە‌ کە‌م و کورتیە‌کان و هۆکارێکی تری ئە‌م کە‌متە‌رخە‌میانە‌ تاک و لە‌پاش دا کۆی خە‌ڵک (جگە‌لە‌کە‌مینە‌یە‌ک) بە‌رپرسە‌ لە‌م دوواکە‌وتن و جە‌ق بە‌ستنە‌. براکە‌م ئە‌گە‌ر بە‌هە‌ڵە‌دانە‌جووبم، زۆرێکی خە‌ڵک هێندە‌ێ گرنگی و خولیای کۆکردنە‌وە‌ی پارە (بە‌هە‌رشێوازێک بێت)، ماڵ و خانوو و باڵە‌خانە‌ی بە‌رز و دووا مۆدێلی ئۆتۆمۆبێلن، هێندە‌ بە‌لایانە‌وە‌ گرنگ نیە‌ بۆنموونە‌، کە‌ ژمارە‌ی پۆست و وە‌رگێر و تە‌نانە‌ت بزانن کۆنترۆڵی کردنە‌وە‌ی قاپی ئۆتۆمۆبێلە‌کانیان جۆن کار دە‌کات. بە‌ندە‌تان وای دەبینێت کە‌ خە‌ڵک و هە‌روە‌ها میری(حوکمە‌ت) و دە‌زگاکانی هە‌ر هە‌موویان لە‌ گێژاوێکدان، گە‌ربە‌زووترین کات فریانەکە‌ون و جارە‌یە‌ک بۆ ئە‌م کێشانە‌و سە‌رجە‌م کێشە‌کانی ترنە‌کە‌ن کار لە‌کار ئە‌ترازێت و هێندە‌ی تر دە‌کە‌وینە‌ لێوار و دوواوە‌ی ئە‌م سە‌ردە‌مە‌ تیژرە‌وە‌.
زۆر سوپاس و دووبارە پیرۆزبێت ئە‌م یادە‌ لە‌هە‌مووان....

لەوەتی ئاشنا بووم بە کورد ئایتی گروپ ڕۆژانە سەردانی دەکەم، وا بزانم لە 2006وە. مەگەر کارێکی زۆرم هەبووبێت یان لە ماڵ نەبووبێتم ئەگینا هەر سەردانێم کردوە، زۆریش سوودم بینیەوە زۆر وەڵامی پرسیارەکانم وەرگرتوەتەوە، هیوادارم کوردئایتی گروپ هەمیشە سەرکەوتوو بێت.
پیرۆزبایی لە تۆ کاکە بەردە گیان وەهەموو ئەو هاوڕێیانەی کە شەونخونی ماندویەتیان کێشاوە بەم پڕۆژە جوانەوە، هیوادارم، هیوادارم نەخشەکانی داهاتوو سەرکەوتوو بێت و کورد ئایتیگروپ و پڕۆژەکانی کوردستانیش بگرێتەوە هاندەرێک بێت بۆ وەگرخستنەوەی پرۆژەی گەورەتر،،لۆگۆکەش زۆر جوانە دەست خۆش

پیرۆزبایی 11ساڵی کورد ئای تی گروپ دەکەم دەکەم بە راستی خزمەتی زۆری ئای تی کوردی کوە ئەندامی چالاکی زۆرە
من 2011 بومە ئەندام و ناسیم لە وماوەیەدا بەراستی خزمەتێکی زۆری بە بواری تەکنەلۆجیایی زانایری کوردوە
بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئەندامان و بەرێوبەری کورد ئای تی گروپ

خۆزگە لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە یەكێك بوومایە لە ئەندامەكان
پیرۆزە

پیرۆزە لەهەموو لایەک!
زۆربەی کێشەکانی کوردستانت ورووژاندووە، من هەفتەیەک لەمەوبەر گەڕامەوە لە کوردستان ، زۆر برادەر و خزمان پرسیاریان دەکرد، کوردستان باش پێشکەوتتوە، ئەم وت کوردستان یەک ملیمەتر پێشنەکەوتووە، پێدەکەنیتن،
بەداخەوە لەکوردستان تەنانەت پێناسەی پێشکەوتنیش واتاکەی گۆڕاوە.
ڕاستە لەکوردستاندا، زۆربەی خەڵک مووچەی باش و ئۆتۆمبیلی و نوێ و پارەیەکی زەبەلاح لەبەغدا وەردەگرن بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە، بەشێکی کەمی دابەش ئەکەن ئەوەی تری حەپەلووش ئەکەن، بەڵام ئەوانە پێشکەوتن نین.
هەندێ کاروباری دائیرە و نوێکردنەوەی ڕەگەزنامەم بۆ هاتە پێش، باوەڕتان بێت هەروەکو ١٥ ساڵ لەمەوبەرە، رۆتیناتەکان و بەڕیز وەستان و واستە و واستەکاری.
خزمێکم بەڕێوەبەرە چووین سەعاتێک گەڕاین تا ماڵی کارمەندێک بدۆزینەوە مەعاشی بۆ بەرین، مەعاش وەرگرتن هەروەکو جاران، بە تف پەنجە تەڕئەکرێ و ئەژمێردرێ.
بــــــــــــــــژی سیستەمی ئەلکترۆنی کوردستان........... بژی گەل سالە خڕە و قالە شەل.
بە کورتی و کرمانجی ، کوردستان پێویستی بە:
١/ سیستەمی ئەلکترۆنی و دیگیتالیزەکردنی.
٢/ پلان.
کاتێکی باسی پلان ئەکەم چوار پیتە، بەڵام زیاتر لەچوار هەزار ئەرک لەخۆ ئەگرێ.
کوردستان ٤ بۆ ٥ ملیۆن کەسە، لە زۆربەی شار و شارۆچەکەکان ، بوار نییە پێیدابڕۆی، شەقام نییە پێیدا لێبخورێ، ئافەرین حکومەت ڕۆژی سەدان ئۆتۆمبیلی نوێ دێتە وڵاتەوە، خەڵک هەیە ٣ ئۆتۆمبیلی نوێی هەیە، حکومەت نازانێ بەباج وابکات خەڵک نەتوانێ زیادەڕەوی بکات، ئینجا ئەڵێن شەقامەکان زوو خراپ ئەبن،پیسی ژینگە ئەوە هەر بیری لێناکەنەوە.
هەموو جارێ سەفەر ئەکەم ، بانکەکەم ئەڵێ کاک تۆ پارە بۆ دەرئەکەیت، ئەی ئەو ڤیسا کارتەت بۆچییە؟ بلێم چی، بڵێم ئەچم بۆ جەنگەڵستان؟
هاوڕیێەکم هەیە، ئەی وت، کاتێک ئەیانەوێت بۆ نمونە مەکتەبێ دروستبکەن، بۆ نمونە ، ١ ملیۆن دۆلاری بۆ دەرئەچێ، مەسئولێک ئەیدات بەناسیاوێکی خۆی بە نیوەیی، ئەویش ئەیفرۆشیتەوە بە مقاولێک بە ٣٠٠ هەزار دۆلار، ئەویش ئەیفۆرشێتەوە بە کەسێتر بە ٢٠٠ هەزار دۆلار، زۆرجار چەندجارێک ئەفرۆشرێتەوە، تا دێتە سەر دوا کەسیش ئەبێ قازانج بکات، ناچار ئەبێ بەساختە پرۆژەکەی تەوابکات، کەواتە مەکتەبەکە دوای ٤ ساڵ ئەتەپێ بەسەر خوێندکاراندا.
بێینە سەر باسی نیشتەجێبوون، ئەگەر هەموو خەڵکی چین بگوێزنەوە بۆ کوردستان ئەوەندەمان دەشت هەیە، جێگەمان هەیە بۆ نیشتەجێبوون، بەڵام خانوو هەیە بە ٨٠ دەفتەر، ١٠٠ مەتر زەوی بە ١٥ دەفتەر، یا لەکوێی ئەم دونیایەدا، زەوی گرانترە لەخانوو، لە ئێوە ئەپرسم، ئەمانە وڵات بەڕێوە ئەبەن، ئایە ئەمانە ئەتوانن سیستەمی ئەلکترۆنیمان بۆ بنیاتبنێین؟
گەورەترین کێشە ئەوەیە گوێ لەکەس ناگرن، خەڵک زۆر چۆتە دواوە لە کوردستان، زانکۆکان زۆر لەدواوەن، سەدان کەس بە دوو ئیمتحانی خارجی بەساختە گەیشتونەتە زانکۆ، ئاستی زانستی لە زانکۆ و خوێندنگەکان بەداخەوە زۆر نزمە.
نازانم کاک بەردەقانی ، ئێمە لە کوێوە دەستپێبکەین، نەهێلی ئینتەرنێتی باش هەیە نە بانک هەیە نە سیستەمی ترافیکی هەیە نە پلان هەیە!
ئەم باسانەم بۆ سارکردنەوەتان نییە، بەڵام بەداخەوەئەمە واقیعی ئەمڕۆی کوردستانە، ئەو خەڵکانەی کار بەدەستن، مەگەر بەدەگمەن ، ئەگەرنا کەسیان لەو ئاستەدانین، هەر لە خوێندکاریکەوە تا مامۆستای زانکۆ، ئەفسەر، پۆلیس و هتد........
پەروەردەی سەقەت، چینێکی بەرهەم هێناوە، خەریجی زانکۆیە، قوتوی بیببسی لەپەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکەیە فڕی ئەداتە سەر شەقامەکە. تازە ئەبێ لە ٤٠ ساڵیەوە خەڵک فێربکرێت چۆن بەڕەوڕەوە پێ ئەگرێ.
داوای لێبوردن ئەکەم لە درێژی پەیامەکەم، بەڵام زۆر زرۆم پێییە نازانم لەکوێ هەلێڕێژم، لەوێس بەپێی کات بۆ زۆر کەسی رۆشنبیر و کادری حزبیش ئەم قسانەم کردووە، بەڵام بەهیچ ناچێ. ئیتر ئەمە ئەرکی هەمومانە میلەتەکەمان لەم قۆناغە تێپەڕێنین ، ئیر بە وشیارکردنەوەی خەڵک، بە پێشخستنی بواری ئایتی، بە پرۆژەی جوان و هتد....
زۆربەی وڵاتان بەم قۆناغەدا رۆیشتوون، بەڵام ئەگەر هەموو تەماشاکەربین، لەناو ئەچین، بۆیە ئەبێ خۆمان قۆڵی لێ هەڵماڵین، ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین، ئەوەش ئەرکی هەموو تاکێکی بەشەرەفە، بەڕای من ئەگەر کەسیک نەتوانێ خزمەت بە گەل و نیستمانەکەی بکات ، بۆچی بژێت؟
سەرکەوتوبن

undefined

جارێکی تر پیرۆزە.
ئا ئێستا وەکوو دامەزراوە (پێویست ناکا ناوی بهێنم) بەقەد دنیایەک زەرورین /زەرورم جیمەیڵەکەی گوگڵ کوردی هەبێت!
ئێ چی بکەین؟ نازانم! تەکنۆلۆجیا خۆی ئەکات؟ نەخێر. گوگڵ خۆی ئەیکات؟ پەتاتەن! ئەی زیاد لە ۳٠٠٠ تەنها خوێندکاری ماستەر و دکتۆرا (تەنها لە بەریتانیاو هەموویان مامۆستای زانکۆ) ئەوان چی ئەکەن؟ دیسان نازانم!
من چی بکەم؟ چووم بۆ بەشی http://www.google.com/transconsole/giyl/chooseProjectی گوگڵ وتم بزانم جی مەیڵ لە کوێیە، هیچم دەست نەکەوت. خێرخوازێک پێمان بڵێ لە کوێ خەریکی ئەویش بین با من بیکەم بە پرۆژەی ئەو دامەزراوەی خۆمان، شوکور وا یەکەم کارمەندمان دەست بەکار بوو.
دوبارە پیرۆزە لە کورد [http://kurditgroup.org/front/authors]

پیرۆزە لە هەمووان !
کاک بەردەقانی خۆی و برادەرانیش باسی کێشە و پێشهاتە سەرەکییەکانیان کردووە ،وەکو خۆم بەتەواوی لەگەڵ هەموو بۆچوون و پێشنیارەکانم. یارمەتی / پەیوەندی لەگەڵ دەزگا میرییەکان بە تایبەت (فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری) وەکو کارای یاریدەرەری لێ دێت ،واتا پرۆژە و کارەکان خێراتر دەکات. ئەوان ئارەزووی خۆیانە چۆنن، ئەوەی لێرە گرنگە زیاتر پشتگیرییە بە فەرمی وەکو هەر دەزگا / ڕێکخراو / کۆمپانییەکانی تر.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کوردئایتیگرووپ بەجۆرێکی لێ بێت ،کۆمەڵێ گەنج لە زانکۆ لەژێر چەتری کوردئایتیگرووپ چەند بیرۆکەیەکی پایەدار ئاڵوگۆڕبکەن و ئەفسانەیەک دروستبکەن. لە ڕووی بیرمەندی و لێکدانەوەوە هیچمان کەمتر نییە لەو مرۆڤانەی کە جێ دەستی بیرۆکەکانیان و کارەکانیان بەسەر شاشەی هەموو لاپتۆپێک و بەناو هەموو سیستەمێک و لە هەموو کەلێنێکی ئینتەرنێت و ...هتد هەیە.
بیرۆکە > گرووپ > نەخشە > پرۆژە > بەرهەم !

هەر سەرفرازبن.

بەروارێکی پیرۆزیشە :)

لە هەموومان پیرۆزە بە دڵی خۆش و هیودارم تەمەنی کورد ئایتیگرووپ درێژ و پڕ نێوەڕۆک بێ.
بەردەگیان زۆر کۆسپت هوروژاندووە، پەنجەت لەسەر زۆر خاڵ داناوە کە وەک شدەمار بۆ ئێمەی کورد گرینگن.
بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونەکانی بەردەقانی و میری بەڕێز بەتایبەتی دام.
کاکە زەندیش کە تازە هاتووەتەوە و ئەو سیستمەی بە چاوی خۆی دیوە زۆر برینین بەژانمی کولاندەوە. لەسەر بانک لە کوردستاندا کە هێشتا کەرەستەی دیجیتاڵی بە خۆوە نەدیوە من بیرەوەیی زۆر تاڵم هەیە، هەولێر ئەو کات ٨٠٠ مەزگەوتی چەندین میلیۆنی لێ دروست کرابوو، ١ بانک ئوتوماتی تێدا بوو، بە پێچەوانەی هەموو دونیا کە لە دەرەوە دادەنرێ بۆ ئەوە خەڵکی بەکاری بێنێ، ئەوان لە نێو بانکەکەدا دایاننابوو! هەر جارە ١٠٠ دولار زیاتری نەدەدا، بۆ هەر ١٠٠ دولاریش ٦ دولاری دەبرد. من مەجبوور بووم ١٠٠٠ دولار بۆ بلیتی تەنیا یەک سەر هاتنەوەم دەربێنم. ئیتر بۆ خۆتان حیسابی بکەن. لەوە دەچێ ئێستا ٣ مانک ئوتومات لەو شارەدا هەبێ، ئەویش لەوە دەچێ بانکی تورکیە داینابێ!
لە فڕۆکەخانە دووبەهار گەڕامەوە یەک جار دەبوو مۆری ئیدارە ئیقامە بەسەر پاسەکەوەمە هەبێ، نەبوو کەس نەیزانیبوو، سێهەمین بەهار لە گەڕانەوەدا دەڵێن بۆ مۆر و کاغەزی ئیدارەی ئیقامەت نیە! ئەی پار و پێرارەکە لێرەوە نەهاتووم، ئەوە نیە بۆ خۆتان مۆرتان کردووە؟! دەی ئەو جارەکانیش بە بێ ئیقامە رۆیشتووی وا نابێ، دەبێ بگەڕێیتەوە دواوە! بە هەراوهوریا و پاڕانەوە، بەریاندام، بێمەوە! ئێستاش لەوێ بە وێبکامرا وێنە لە مسافرەکان دەگرن و رەنگە لە بەر جێگای کەمی بۆ پاراستنی ئەو هەموو دیجیتاڵە دوای ماوەیەک بسڕێنەوە، دەنا من ئەوە بۆ ٦ ساڵە دەچێ هەموو نەورۆزان دەگەڕێمەوە هەموو جار وێبکامیرایەک دەنێن بە دەمووچاومەوە!
لە یەکێک لە پێشکەوتورین و رۆشنبیرترین بنکەکانی ئەو شارەدا لە نێو فایلی قەبە قەبەدا دەگەڕان بە شوێن پێناسە و بەڵگەنامە و وێنەی مندا! باوەڕ بکەن کلاسۆری گەورە گەورەی کۆنیان دەهێنا، دەتوت ٣٠ ساڵە پێش لە ئیستایە. سەیر ئەوە بوو کە هەر کارمەندێکیش کومپیۆتەریکی لەسەر مێزەکەی دانابوو!
ئەمانە هەمووی نیشانەی نەبوونی سیستمێکی دیجیتاڵە باشە، ئایا داتابەسێکی یان راژەکارێک کە بتوانی ناوی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی گرووپێک هەرچەند گەورەش بێ کارێکی ئەونە گرانە کە بە حکومەتێک نەکرێ!
تەنیا ئێمەی کورد فەرهەنگ و داتابەیسمان لەسەر ئاژەڵ و گوڵ و گیا و ئەو هەموو سامانە سرووشتیانە نیە کە لە کوردستاندا دەڕوێن! هەموو گەلانی تر تەنیا لە سەر کارگ و پەنیر دەیان و بگرە نزیک ١٠٠ کتێبیان هەیە، ئەونەش هەموو تاکوو ئێستا یان کراونەتە دیجیتاڵ یان بەرە بەرە خەریکە دەکرێن بە دیجیتاڵ.
لە مێدیاکانی وڵاتی سویددا چەندین ساڵە دەستیان بە دیجتاڵە کردنی ئارشیڤێکی گەورە کردووە کە میلیۆنها بەرهەمی تۆمار کراوەی لەسەر قەوانە و کاستی ریکۆردر و باندە کۆنەکان تێدایە، ئەمانەش هەمووی کارگێڕی بۆ تەرخان کراوە و شەو و رۆژ کاریان لەسەر دەکرێ.
ئەگەر لەم پێوەندییەدا و لەسەر تەوەزل بارهێنان و تەمەڵ بارهێنان و پاسیف کردنی ئەو هەموو مرۆڤە لە کوردستان بدوێم کتێبێک هەڵدەگرێ، بەڵام کورد وتەنی هەموو وەک تفێکی سەربەرەوژوورە و دەگەڕێتەوە بۆ نێو چاوانی خۆم. هەر بۆیە بە دیجیتاڵە کردنی هەموو کەرەستەیەک هەرچەندە بچووکیش بە ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتمانپەروەرانە دەزانم لە لایەن هەرکەسەوە بێ. سپاسی ئێوەش دەکەم کە لە بیر و پرۆژەی ئەوتۆدان.

پیرۆز بێت لە هەمووان

پاشکۆقەبارە
Image icon -----1548721.jpg32.7 ک.ب.

سڵاو.
ئەم یادە لە هەموو ئەندامان و کوردستانییەک پیرۆز بێت.

پیرۆزە ، کاک قەزوان ئەو وێنەیە زۆر جوان چاککراوە بژیت . :D

پیرۆزه، جێگەی ڕیزلێنانن کاتێك بچووکترین هەواڵ و کۆششتان داوە بۆ ئەم مێلەتە بێکەسە
باوەڕ بکەن لە میلەتی کرد بێکەس تر نیە لەم سەر گۆی زەوییە.......//
تکایە چاوەڕێ ئەوحوکمەتە مەکەن سوپاستان بکات، ئێستا ئەگەر بۆ هەڵبژاردن لۆگیەکیان بۆ دابنێن لەهەموو کەناڵەکانیان باسی ئەگەن ئەوانە بەرژەوەندی پەرستن
لەگەڵ ڕێزم

پیرۆزبێت لە هەموو بەڕێوبەران و ئەندامان و میوانان تەنیا ڕێزو خۆشەویستیم هەیە بۆ بەڕێوبەرانی ئەم گروپە جوانە هیوای تەمەن درێژی و پڕۆژەی جوانتان لێ دەخوازم .

یادی 11 ساڵە لە هەموو لایەک پیرۆز .

بژین،

دەستان خۆش بە هیوای گەیشتن بە لوتەکەی کاری جوان
هەمیشە سەردانی وێبەکان دەکەین، بەڵام تەنیا کوردئایتیگروپ وەک ماڵی خۆمان دەزانین، بە هیوام ڕۆژێک بێتوو ئێمەش بگەین بەو ئاستە بتوانین لە گروپە خزمەت بکەین.
هەر سەرکەوتوو سەرفراز بن

سپاست دەکەین جەرگۆ گیان، تۆ ئێستاش دەتوانی لەم گرووپەدا هاوکار و یاریدەدەر بی. هەر بژیت.