تۆ لێرەیت

ماڵەوە سه‌‌کۆ زمانی کوردی

مانای کازیوە چییە

Kurditgroup_Anon

Kurditgroup_Anon

بڵاوکراوەتەوە

2006/09/03

دۆخی بوچوون

خوێندنەوە  ۔5۔ )

سڵاو دەمەوێت بزانم مانای کازیوە چییە بە کوردی..
سوپاس بۆ هەموو لایەک

کازیوە = کازێوە، تاریک و ڕوونی بەرەبەیان، بەرەبەیان، ڕووناکیی نێوان شەو و ڕۆژ، ئەو کاتەی کە شەو خەریکه دەڕەوێتەوە و ئامادەیە ڕۆژ هەڵبێت و دنیا تاریک و ڕوونە. = (سحر، فجر کاذب).
بۆ زانیاریت بە پێچەوانەکەی لە کاتی ئێواراندا دەڵێن: "بوولێڵە".

كاك دیاكۆ،
وا بزانم "بوولێڵە" ناوێکی هاوبەشە بۆ کاتی کازیوە و زەردەپەڕ.

بوولێڵە: نێوان شەو و ڕۆژان، تاریکی و ڕۆشنایی تێکەڵ لە ئێوار و بەیاندا. [هوا گرگ و میش]. بڕوانە هەنبانەبۆرینە، هەژار، لاپەڕە ٦٤.

زەردەپەڕ: [Last moments of evening twilight] (فەرهەنگی شارەزوور، شەفیق قەزاز، لاپەڕە ٣٢٣.

زەردەپەڕ: تیشكی نزیك ڕۆژاوابوون. (هەنبانەبۆرینە، لاپەڕە ٣٨٧).

گزنگ: سەرەتای تاوی بەیانی. (هەنبانەبۆرینە، لاپەڕە ٦٩٥).

کاک عەبدوڵا،
ئەگەر لە کەسێکی ئاسایی پرسیاری واتای "هەسارە" و "ئەستێرە" و "ستارە" بکەی، له وەڵامدا دەڵێ هەموویان یەک شتن؛ ڕەنگە لە فەرهەنگێکی گشتیی وەکوو "هەنبانەبۆرینە"شدا هەر وا بنووسرێت؛ بەڵام لە فەرهەنگێکی زانستیدا دەبینی "هەسارە" بۆ "سیارە"ی فارسی و "planet"ی ئینگلیزی بەکار دەچێت نەک بۆ ئەستێرە.
نموونە زۆرە، بۆ نموونە؛ بگەڕێ بۆ جیاوازیی "قرژاڵ" و "قرژانگ" لە فەرهەنگێکی گشتی و لە پەرتووکێکی زانیاریدا.
هەندێ کەس "بوولێڵە" بۆ کاتی بەیانیان و ئێواران بەکار دەبەن، بەڵام کەسانێکیش هەن کە پێیان گونجاوترە "کازیوە" و "بوولێڵە" تۆزێ جیاتر کەنەوە؛ پێم باشە سەیرێکی فەرهەنگۆکەکانی "ناڵەی جودایی"، "تاریک و ڕوون" و هەروەها فەرهەنگەکانی "قامووسی زمانی کوردی" و "هەرمان"یش بکەیت.
من پێم وایە گەر بتوانین "هەسارە" و "ئەستێرە" لەبەر تەوزیم جیا کەینەوە، بێگومان دەشتوانین دوو تاریکوڕوونی بەیانیان و ئێوارانیش دەستنیشان کەین.

هەر بژیت!

كاك دیاكۆ،
هەنبانەبۆرینە ئەوەندەش گشتی نییە کە واتاکانی وشەیەکی وەك "بوولێڵە" ڕوون نەکاتەوه؛ ئەگەر وردتر لەم فەرهەنگەدا بگەڕێین، دەزانین کە ئەم وشەیە ناوێکی هاوبەشە بۆ هەدوو تاریکوڕوونی بەیانیان و ئێواران و هەروەها ناویشە بۆ‌ تاریکوڕوونی ئێواران بەتایبەت:

بوومەلێڵ: ١) شەوەکی، هەوەڵ بەرەبەیان ٢) پاش نوێژی شێوان، بوولێڵە. [١) نگا: بوولێڵە؛ ٢) بعد از غروب]. هەنبانەبۆرینە، ل ٦٥.

شەوگور: کازێوە، بوولێڵە، بەیان بەربوون، شەڤگور. [گرگ و میش اول بامداد]. هەنبانەبۆرینە، ل ٤٩٣.

هەر ساغ و تەندروست بن!

کاک عەبدوڵڵای هێژا سڵاو،
من هیچ لاریم لە ڕوونکردنەوەکانی هەنبانەبۆرینە نییە و نەشموتووە که ڕاڤە و لێکدانەوەکانی لەو بوارەدا هەڵەن، من ناڕاستەوخۆ ئاماژەم بە ناقەتیسبوونی زمانی کوردی کردووە. دیارە مەبەستەکەی من باش لای بەڕێزت ڕوون نییە، هیوادارم بتوانی ئەو سەرچاوانەی ئاماژەم پێ کردوون چاو لێ بکەی. بەتایبەت هۆنراوەکانی مامۆستا هیمنیش کە کازیوە و بوولێڵەی تێدا بەکار بردوون بخوێنیتەوە. هیوادارم مەبەستەکەی من بپێکی.
هەر بژیت.