بەپێی یان به پێی؟
دڵنیام پێکەوه هاوبیرین که (بەپێی) و (به پێی) دوو شتی جیاوازن، وا نییه؟
بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بچینه پێش زۆر باشه.
بەڵام ڕاستیت دەوێ من به پێی لالۆ دەرناچم، ئەو زۆر خێرا دەڕوات.
کاک دیاکۆ، کێشەی کورد لەوەدایه ئەو وشەگەلەی که پێکەوه له چەند وشه پێکدێن، بەجیا دەنووسن. ئەم بەجیانووسینه هەڵه دروست دەکات و ئەگەر مرۆڤ پێشتر ڕستەکەی نەخوێندبێتەوه، به دڵنیایییەوه تووشی هەڵه دەبێت له خوێندنەوەی.
کورد دەنووسێ:
ڕی و ڕەسم (تازه ئەوه من خۆم [ ڕ ] دەنووسم، دەنا زۆربەی کورد فێری ئەوه بووه له سەرەتای وشەدا [ ر ] بنووسێ، بۆ؟ "لەبەرئەوەی هیچ وشەیەک له کوردیدا نییه که به [ ر ]ی بێ حەوت بنووسرێت." پاساوێکی زۆر بێ واتا). دروستەکەی ڕێوڕەسمه نەک ڕێ و ڕەسم.
له گەڵ هەڵەیه، لەگەڵ ڕاسته.
له مەڕ هەڵەیه، لەمەڕ ڕاسته.
هەڵس و کەوت هەڵەیه، هەڵسوکەوت ڕاسته.
هەل و مەرج هەڵەیه، هەلومەرج ڕاسته. و هەزارانی دیکه.
کورد بوون واتایەک دەدات و کوردبوون واتایەکی دی، بەڵام زۆر کەم وا هەیه کورد له نووسیندا گوی بەم وردەکارییانه بدات. بەتایبەت ماوەیەکه له باشووری کوردستان سەیر خەریکی تێکدانی ڕێنووسی کوردین. ئەوان دێن هەرچی وشەی بچووکی وەک (به، له، وا، که، هتد) هەیه بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک به وشەی پێش خۆیانەوه دەلکێنن، وەکو: کەبەنزینخانه، لەهەولێر هتد. هەندێک کەس هاتوونەته سەر ئەو باوەڕەی که بۆ نموونه وشەی "لەگەڵ" پێکەوه دەنووسرێت؛ ئەمه وای کردووه کەسانی دیکەیش لاسایی ئەم کەسانه بکەنەوه، بەڵام نازانن چۆن. ئەو ناشارەزایانه پێیان وایه هەرچی وشەی بچووک هەیه دەبێ به وشەی دیکەوەی بلکێنن لەبەرئەوەی بچووکن.
کاک دیاکۆ، وێدەچێ تەنیا ئێمه تامەزرۆ بەم باسه بین؟ چما کەسی دی تێکەڵ نابێ؟
تێکەڵ نەبوون به باسەکه له لای من تەنیا ئەو هۆی هەیه که من ئەوەنده شارەزای زمانی کوردی نیم که خۆم تێکەڵی باسەکه بکەم. بۆ یەکی وەک من گوێ گرتن ئێستا باشترین کاره، ئەوەی من لێره فێری دەبم له شوێنی تر به کاری دێنم. (بەکار درووسته یان به کار؟) :)
حەیف ئەوەیه له سەر ئەو بنەمایەی ئێوه و لێره باسی ڕێنووسی زمانی کوردی دەکەن، کتێبک نییه مرۆڤ کەڵکی لێ وەرگرێ (لێ وەرگرێ یان لێوەرگرێ؟) و به دیاری بیدات به چوار کەسی تریش. ئەوه جێی داخه.
ئێستا خۆ هەر کەوتوومەته ئارەزوو کردن، تووخوا کەی یان بڵێی کێ ڕۆژێک فەرهەنگێکی فارسی، تورکی و عەرەبی به کوردی بنووسێ، شتێک له مایەی هەنبانه بۆرینەی مامۆستا هەژار. ئاخر کەسێک تەواوی ژیانی به زمانی بێگانه فێر بووه و ئێستا هەموو هەوڵی خۆی دەدا فێری زمانی زگماگی خۆی بێت، پێویستی به بوونی چەند کتێبی تر جگه له هەنبانه بۆرینه و فەرهەنگەکانی تر هەیه.
ئەگه کاک دیاکۆ و هاوڕێیانی که دەتوانن و لێی دەزانن، کتێبێکی ڕێنووسی کوردی بنووسن و کەمێک باشتر شێوەی نووسینی "sammansatta ord" له کوردیدا شی بکەنەوه، بەڵێنیتان پێ دەدەم هەر من به چەند مانگ خۆم فێری درووست نووسینی کوردی بکەم و ببم به بەڵای گیانی ئەوانەی به هەڵه دەنووسن و خۆ فێر ناکەن!
ئیتر خۆشیتان.
بۆ دەستپێکردن ئەمە خراپ نییە:
http://www.zkurd.org/?Besh=witar&kar=asayi&jimare=114