تۆ لێرەیت

ماڵەوە سه‌‌کۆ زمانی کوردی

وشەی (و)

Kurditgroup_Anon

Kurditgroup_Anon

بڵاوکراوەتەوە

2004/10/29

دۆخی بوچوون

خوێندنەوە  ۔41۔ )

هەموو نەتەوەیەک لای خۆی هەوڵی داوە ڕێنووسێکی هاوبەشی هەبێ و بڕیاری داوە کە وشەکان چۆن بنووسرێنەوە. دیارە ئێمەی کوردیش لەو بوارەدا هەوڵی خۆمان داوە، بەڵام ڕەنگە پێویست بێ زیاتر لەسەری بدوێین.
یەکێک لەو شتانە کە زۆرجار سەرنجم ڕادەکێشێ نووسینی وشەی (و)ە کە بەپێی بڕیاری کۆڕی زانیاریی کوردستان دەبێ وەک وشەیەکی سەربەخۆ چاوی لێ بکرێ، کەچی هەندێ کەس بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەو یاسایە دەیلکێنن بە وشەکەی پێشیەوە، نموونە:
بەردو ئاسن ـ کوڕو کچ ـ مەل‌و باڵندە و هتد.
لەو وشانە وشەی (و) بۆ خۆی وشەیەکی سەربەخۆیە و نابێ بلکێندرێن بە وشەی پێشیانەوە واتە دەبێ هەموو کاتێ بە جیا ئاوا بنووسرێن:
بەرد و ئاسن ـ کوڕ و کچ ـ مەل و باڵندە و هتد.

ئەو بڕیارەی کۆڕی زانیاری زۆر گونجاو و لەبارە، لە زمانەکانی دیکەشدا بە جیا دەنووسرێن، لە ئینگلیزیدا قەت نانووسن:(Iand you) بەڵکوو دەنووسن:
(I and you)
لە فارسیدا نانووسن (منو تو) یان (من‌و تو) بەڵکوو دەنووسن: (من و تو).

هیوادارم ئەوانەی بە کوردی دەنووسن ئەو بڕیارەی کۆڕی زانیاریی کوردە ڕەچاو بکەن.

سڵاو هاوڕێیان،

وشەی (و) یان ئامرازی پێوەندی (و) هەم سەربەخۆیە و هەمیش ناسەربەخۆ. نموونەش زۆرن کە کاک دیاکۆ خستوونیە ڕوو. نامەوێت وتەکانی کاک دیاکۆ دووبارە بکەمەوە چونە منیش لەگەڵ قسەکانیدام. کشتوکاڵ ( کشت + و + کاڵ) کە لە دوو وشەی سەبەخۆ پێکهاتووە و واتای جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئەو وشە ناسادەیەی کە دروستیان کردووه پێکەوە بە هۆی وشە یان ئامرازی پەیوەندی (و)ەوە‌. بەڵام من پێم وایە که باشتر وایە‌ کشت‌وکاڵ یان دەنگ‌وباس بە ڕاست نەزانرێ و ئەگەر بڕیارمان دا کە پێکەوەیان بلکێنین با تەواو پێکەوەیان بلکێنین، واتە بنووسرێت کشتوکاڵ و دەنگوباس و ئەم ڕێسا و ڕێوشوێنە بێشک بە سەر هەموو ئەو وشە ناسادانەدا کە لێرەدا مەبەستمانە پێڕەو بکرێت.
ئەگەر منیش کاک هیوا بوومایە دەمنووسی "نیەتمە منیش جیا ئەینووسم" و "وەک چینی بینووسیایە". واتە تۆزێک زیاتریش لە وشەی "وورد بونەوە" ورد دەبوومەوە و دەمنووسی...

بەڕاستی ئەم باسانە زۆر گرنگ و بەجێن و هیوادارم بەردەوام بن!
سەرکەوتووش بن!

لە جێی بەردیش بوومایە دەمنووسی "پرسیار و وەڵام" لە سەرەوە لە نێوان "هەواڵەکان" و "داگرتن"دا.

من وورد بومەتەوە لەو مەسەلەیە کاک دیاکۆ، پێش ئەوەی لێرە بنووسم وەک خەتاتێک بە جیا ئەمنووسی بەڵام دوای ئەمبینی بۆ هەندێ پیت ئەلکێنراو بۆ هەندێکیش نە ئەلکێنرا، بەڵام لێرە وابزانم بە هەڵە فێری بووبووم جەنابتان و کۆڕی زانیاری ڕاست ئەکەن بۆ نموونە ئەمانە باون:
کوڕو کچ
ژن و مێرد
ماڵ و حاڵ
دارو بەرد
ڕۆژو شەو
یانی ڕ، ر، د، ز، ژ، و هەندێکی تریش وابزانم بەڵام بە بڕوای منیش (فلسێک ناژی) ئەبێ جیا بێت، نیەتمە منیش جیا ئەینوسم. کوڕ و کچ
(تۆزێکیش زەحمەتە بەڵام خۆ کورد وەک چینی بینوسیایە هەموومان ئینتیحارمان ئەکرد!!)
دەستخۆش بابەتێکی بەپێز و گرنگە

بیرم چوو،ڕاستکردنەوەیەکی بچووک: ووشەی (و) نا، بەڵکو: ئامرازی پەیوەندی (و)

کاک هیوا گیان ڕاستە (و) ئامرازێکی بەیەکەوەبەستنە، بەڵام لەبیرمان بێ هاوکات وشەیەکیشە هەر وەک and لە زمانی ئینگلیزیدا. من بۆیە سوور بووم لەسەر ئەوەی کە وەک وشەیەک دەستنیشانی بکەم بۆ ئەوەی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و نەیلکێنین بە وشەیەکی ترەوە.
بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین که (و) هەندێ جار دوو وشە پێکەوە دەلکێنێ و بەو پێکەوەلکاندنە مانایەکی سەربەخۆ دروست دەکا. بۆ نموونە:
(دەنگ + باس) هەر کامەیان بە تەنیا مانایەک دەدەن کە لە مانای ئەو وشەکە دوورە، بەڵام پێکەوە یەک مانای تر دروست دەکەن کە نوێیە، ئەو کاتە مادام مانایەکی نوێیان پێک هێناوە دەبێ بە وشەیەکی نوێ و دەبێ پێکەوە بلکێندرێن، واتە دەبێ بنووسین: دەنگوباس، نەک دەنگ و باس.
هیوادارم ڕوون بێت کە (و) لە چ شوێنێکدا سەربەخۆیە و لە چ شوێنێکدا سەربەخۆ نییە.
سەیری ئەم نموونەیە بکە:
سلێمانی و هەولێر دوو شارن.
لەو ڕستەیە ناتوانین بنووسین سلێمانیوهەولێر... چونکوو پێکەوە مانایەکی نوێ دروست ناکەن و هەر بە تەنیا مانایان هەیە.
بەڵام:
مشت + مڕ هەر کامەیان بە تەنیا مانایەک دەدەن و ئەگەر پێکەوە بنووسرێن مانایەکی نوێ دروست دەکەن و بە مانای موناقەشە دێت، بۆیە دەبێ پێکەوە بیاننووسین: مشتومڕ. چونکوو ئێستە مانایەکی نوێی دروست کردووە کە نە مانای (مشت) و نە مانای (مڕ)ە، بەڵکوو شتێکی نوێیه.

کەوا بێ (و) هەندێ جار سەربەخۆیە و هەندێ جاریش ناسەربەخۆ.

شتێکی تر، بەخوا کاک هیوا ئەگەر من لە باتیی تۆ بم قەت دوو (و) لە سەرەتای وشە نانووسم واتە نانووسم: ووشە بەڵکوو دەنووسم: وشە.

نووسینی (وو) لە سەرەتای وشە هەڵەیەکی زۆر زۆر گەورەیە ئەگەر لە باری ڕێزمانەوە سەیری بکەین.

لەگەڵ ڕێز و ئاواتی سەرکەوتن!

یانی کاک ئەمیر هەموو کارەکان لەسەر ئەم (و) ـەی من وەستاون.
ئاخر هەر ڕۆژەو قسەیەک دەکرێت.
منیش لەسەر قسەی دوو زمانەوان بەیەکەوەم لکاندن، ئەو کات وتم باشە، ئەی وشەی (زووو درەنگ) ؟ خۆ لە هیچ زمانێکدا 3 پیت بەدوا یەک نایەن. وتیان ئاخر ئوم دوو (وو) ـه لە فۆلکلۆری کوردی یەک دانە پیتە.

بەخوا باش سەرتان لێ شێواندووین.

نەخێر کاک بەرد. من قەت لە خۆمەوە یان لە فۆلکلۆرەوە شت ناهێنم، بەڵکوو لە ئەنجامی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و بە پێی ناوەندە بڕواپێکراوەکانی زمانی کوردی شتێک دەنووسم یان ڕاست دەکەمەوە.
بۆ (زووو درەنگ)ـەکەشت دەتوانی خۆت لەو کێشەیە لادەیت بەم شێوەیە:
"درەنگ و زوو" ئەگەر وشەکان لە ڕستەدا مەبەستت بوو بە جیا بەکاریان بێنی. بەڵام کە ویستیشت واتایەکی تر ببەخشێت و پێکەوەیان بلکێنی ڕاست بنووسە "درەنگوزوو".

ئینجا هەر بڵێ لە فۆلکلۆردا ئاوایە. کە حاڵی بووین مەرجیشە‌ تێ بگەین :)!

برای بەڕێزم کاک ئەمیر گیان، خۆ من ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ تۆ سازنەداوە، من باسی ڕابردوویەکی دووردەکەم. درنگووزووش نابێت semantic error چونکە درەنگ پێش زوو نایەت؟

کە حاڵی بووین مەرجە تێش بگەین.

i re-open it
وشەم نەبیستوەو ناشی نووسم! من ووشەیان فێرکردووم، سەیرێکی قامووسەکانتان بکەن!
"وو" یەکێکە لە پیتە بزوێنە نەگبەتەکانی کوردی

تۆزێک تێکەڵتان کردوە:
ئەو دەنگوباس و گفتوگۆ و کشتوکاڵەی ئێوە باسی ئەکەن،لەوێدا (و)‌ ئامرازی پەیوەندی نیەو بەڵکو ناوبەندە،"دەنگوباس" ووشەی داڕێژراوە "ناو+ناوبەند+ناو"
بۆیە ئامرازی پەیوەندی نیە!

پاشان زمان حسابێکی تایبەت ئەکا بۆ بەکارهێنان: من دڵنیام لەوکتێبە کوردیانەی خوێندومەتەوە قسەکەی خۆمەو بەڵگەشم هاوڵاتی و کوردستانی نوێ یە!
خۆتان سەیری بکەن: (لە ڕاستیا زۆر لایەنگری لە دانەنانی بۆشای یەکەم ئەکرێت گەر بە ووردی سەیری بکەن!)
کوردی و فارسی ، گەل و ووڵات، نان و ماست،
دارو بەرد
قازو قوڵنگ
کوردو عەرەب
چاو قاوە (چا و قاوە؟!!)، قاوەو چا(قاوە و چا؟!)
بە کورتی واتە: لەدوای ئەوپیتانەوەی کە نالکێن "و" دێت بێ بۆشایی، وە لەپاش ئەو پیتانەی کە دەلکێن ئەوا بۆشایی دێت!
چاک ووردبوومەتەوەو لە ژیانیشمدا ئەمە یەک وردبوونەوە بەو ووردیە تەماشا بکەم!
له فەرهەنکەی جافیش وورد بەرەوە!
چارە بۆ زووو درەنگ، کاکە ئەمیر بەوە نابێت ووشەکە بگۆڕیت، بەڵکو یاساکانی زمان (چۆن ئاسانە لەسەر زمان) ئەوە چاری ئەکات ئەویش بەوەی :
زووو درەنگ = لە کوردیدا ئەگەر 3 "و" هات یەکیان لا ئەبرێت لەبەر ئاسانی لەسەر زمان (وابزانم لە پۆلی 5 ئەخوێنرێت! ڕاستم کەنەوە گەر هەڵەم)
کاکە بەرد:
پرسیارو وەڵام زۆر ڕاستەو عەیبی نیە!
بوو بە ڕەخنەی کابرای دەرهێنەر، پاشان بۆشایی دانان لە نێوان "و" و ووشەکە خۆی پیتچنین ئاسانتر ئەکات، ئەتوانی ئەوە باشترین بەڵگەت بێت بۆی، وە لە دوای ئەو پیتانەوەی کە نالکێن ئاسانترو جوانتریشە بۆشایی هەر دانەنرێت!
(بە تایبەت بەم کیبۆردی حازریە)

منیش لەگەڵ تۆم وتووێژم ساز____نەداوە. ئەوە کاک دیاکۆ بوو کە ئەم باسەی کردەوە. ئەگەر هەڵەی واتایی لە وشەکەدا هەیە چۆن بڕیار درا کە "دەنگ" لە پێش "باس" دا بێت لە (دەنگوباس) و حیکمەت لە پێشدانووسینی
"بەر" چییە لە "بەرودوا"دا؟ باشە بڵێین "بەر" پێش "دوا" دێت، ئەی لە "سەروبەر" چۆن بوو "سەر" پێش کەوت؟

هیوادارم کە "زانیاری‌خۆت"یش بگۆڕدرێت بۆ "زانیاریی خۆت"، چونکە "زانیاری" خۆی ناوە و پێویستی بە ئامرازی پەیوەندی "ی"یە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ "خۆت". ئەمەش لە نێوان "بگەڕی" و "چوونا دەرڤە" لە سەرەوە.

بێگومان کە حاڵی بوون پێویستیشە تێ بگەن!

کاک هیوا، تۆ هەم لە ناڵ دەدەی هەم لە بزماریش!
مرۆڤ نابێت ئەوەندە ڕاڕا بێت. لە سەرەوە شتێکی ترت وتووە و ئێستا پێچەوانەکەی ئەڵێی (ووشەی (و) نا، بەڵکو: ئامرازی پەیوەندی (و)) لە سەرەوە و ((و)‌ ئامرازی پەیوەندی نیەو بەڵکو ناوبەنده) لە خوارەوە.

ئەوە هەر لە دوو "واو"ەکەت مەپرسە کە چەند هەڵەیە... ڕێزمان پەیوەندی بەوەوە نییە کە تۆ لە قوتابخانە یان پۆلی پێنجەمدا چی و چۆنت خوێندووە.

ئەگەر پیتە بزوێنی "وو" لە سەرەتای وشەوە هات هەمیشە هەمزە دەگرێت لە سەرەتاوە، واتە هەمزەی لە پێشەوە پێوە دەلکێنرێت و ئەمەش بۆ هەموو پیتە بزوێنەکانی تری کوردی ڕاستە.
ئوورانووس نەک وورانووس
ئوورشەلیم نەک وورشەلیم
ئیسلام نەک یسلام
ئێران نەک ێران
ئۆباڵ نەک ۆباڵ
ئەمیر نەک ەمیر
ئوزبەکستان نەک وزبەکستان

سەبارەت بە "و"یش لە وشەی "پرسیار و وەڵام"دا "و" بۆ خۆی وشەیەکی سەربەخۆیە و بۆیە پێویستە سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئیتر پیتچنینیش ئاسان بکات یان نا ئەوە نابێ ڕێزمانکەمان لێ بگۆڕێت، واتە ئێمە پێویستە پیتچنین وا لێ بکەین کە لەگەڵ ڕێزمانماندا بگونجێت نەک بە پێچەوانە.

منیش حەز ناکەم گفتوگۆی دووبارە بەردەوام بکەم و کەللەڕەقی باش نییە لە ئاست ڕاستییەکاندا.
بژین!

من نە لە ناڵ ئەدەم و نە لە بزمار، من باسی ڕێزمان ئەکەم!

دیسان هەڵەیت، مەسەلەکه هیچ کەللە ڕەقی نیە لای من جا نازانم بۆ لای جەنابتان!

من یەکەم جار پێم ووتی "و" ووشە نیەو بەڵکو ئەوەی تۆ باسی ئەکەیت ئەوە ئامرازی پەیوەندیە!
ئێستاش دیسان پێت ئەڵێمەوە کەوا "و" لە ووشەی داڕێژراوی "کشتوکاڵ" ئامرازی پەیوەندی نیە بەڵکو ناوبەندە.
زیاد لە 15 شێواز هەیە بۆ درووست کردننی ووشەی داڕێژراو، بابەتەکەی تر باسی بابەتەکەی د. مارف ئەکات، ئەتوانی سەیرێکی بکەیت

بۆیە "و"ی ناوبەند و "و" ی ئامرازی پەیوەندی کە سەربابەتی ئەم باسەیە، زۆر جیاوازن، هیوادارم ئێستا ڕوون بێت کە من تاقەتی ناڵ و بزمارم نیە!

کاک هیوا،
ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە "و"ی سەربەخۆ ئامرزی پەیوەندییە و "و" ی لکاو ناوبەندە. ئیتر تاقەتی مشتومڕی "ووشه" پڕهووشەکەی تۆشم نییە.
حەزیش بە وتووێژ لەتەک تۆدا ناکەم بەڵکوو من ئارەزووم ڕێزمانە نەک وەک بەعزێ دەروێشئاسا شوێن خەڵک بکەوم و لە کەلی شەیتان نەیەمە خوارێ و هەرچییان وت هەر ئەوە بێت. حەز ئەکەم منیش ئەم گفتوگۆیە لێرەدا ببڕینمەوە. من وەڵامی بەردم نەداوە تا مەسەلەکە نەگاتە دڵئێشان و شتی تایبەت بە کەس (شخصی).

هیوادارم هەوڵ بدەی بتوانی ڕاستییەکان قەبووڵ بکەی!

هەندێ شت بۆ سەکۆ جوان نیە...ئیمەیڵێک ئەخەمە خزمەتت!

لە پێشدا بڵێم نووسینی من ڕوو بە کەسێکی تایبەتی بە مەبەستی ڕقەبەری نییە و بەس دەمەوێ ڕاستییەکان ڕوون کەمەوە.

بەداخەوە باسە شیرینەکە خەریکە بۆنی توندوتیژیی لێ دێت. وا باش نییە، باشتر وایە خۆمان لە دەمارگیری (تعصب) دوور خەینەوە و لایەنە ژیربێژییەکەی لێک بدەینەوە. کاریشمان بەوە نەبێ بە چی ڕاهاتووین. من بە منداڵی هەم فێرکرابووم و هەمیش ڕاهاتبووم بە فارسی شت بنووسم، ئایا دەبێ دەسبەرداری نەبم چونکوو وا فێرکرابووم؟!!

بۆ ئەوەی کێشەی (وو) شی کەینەوە باشترە سەیرێکی ئێرە بکەین:

لە ئەلفوبێی کوردیدا بە پیتی لاتین بزوێنێکی زۆر کورتمان هەیە کە لە ئەلفوبێی سۆرانی عەرەبیدا نیمانە ئەویش بزوێنی فرە کورتی (i)یه. وەکوو:
(min = من)، (jin = ژن)، (birdin = بردن)، (xistin = خستن)، (win = ون)، (wird =ورد).

هەروەها:
w = و
u = و
û = وو
o = ۆ
ئەمانە بزوێنن:
u = و
û = وو
o = ۆ
بەڵام ئەمە نەبزوێنە: w = و
یاسا: به ‌گشتی، دوو بزوێن بە شوێن یەکدا نانووسرێن.

لە لاتیندا ئەگەر بنووسن (سوور) ئاوا دەنووسن: sûr
هەروەها: dûr, çinûr, sinûr, pûr
بەس ئەگەر بنووسن وانە دەنووسن: wane نەک: ûane چونکوو a خۆی بزوێنە و ناتوانین پێش لە a بزوێنی û بنووسین، واتە نابێ بنووسین ûa بەڵکوو بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبین لە نەبزوێنی w کەڵک وەردەگرین و دەنووسین: wa کە بە سۆرانیش دەبێتە (وا) نەک (ووا).

هەروەها دەنووسن:wis, wirç, wişe, wişyar, wirg
هیچ کاتێ نانووسن: ûis, ûirç, ûişe, ûişyar, ûirg
ئەگەر بێت و سەیری ئەو نموونەیە بکەین و بنووسین: ووس، وورچ، ووشە، ووشیار، وورگ، دەبینین چ هەڵەیەکی گەورەیە بە بەراورد لەگەڵ لاتینییەکەدا. جا بۆیە دەبێ بنووسین: وس، ورچ، وشە، وشیار، ورگ.
ئەگەر دەنگی (و) ورد بینەوە دەبینین پاش هەر کام لەوانە بزوێنی فرە کورتی (i) دێت کەوابێ نابێ لە پێشیاندا کە دەکاتە سەرەتای وشەکان بزوێنی (وو) بنووسین.

بە ڕای من زۆر ئاسایییە کە مرۆڤ ڕۆژێ لە ڕۆژان شتێک بە هەڵە فێر بووبێ، بەس زۆر باش‌ دەبێ کە مرۆڤ هەستی دەمارگیریی لا دروست نەبێ و بتوانێ بە ئاسانی شتە ڕاستەکان وەرگرێ.
زمانیش وەکوو زۆر دیاردەی تری ئەم دنیایە گۆڕانکاریی بەسەر دێت و هەر دەم شتێکی نهێنی و شاراوەی دەکەوێتە دەر.
زمان زمانی هەموومانە و دەبێ پێکەوە خزمەتی بکەین بۆ ئەوەی هەرچی باشتر ببێ.
هەرچی لە گۆڤار یان ڕۆژنامەیەکدا بڵاو دەبێتەوە مەرج نییە بێهەڵە بێ.

بەو هیوایەی وتووێژەکانمان دوور لە توندوتیژی و تەنها لەسەر بنەمای ڕێز و دەرخستنی ڕاستییەکان بن.

لەگەڵ ڕێزمدا.

سڵاو هاوڕییان،

دەستان خۆش، دەست خۆش کاک دیاکۆ بۆ ئەو ڕوون کردنەوە بەسووده.
ئەوەی ڕاستی بێت من شارەزای زمانی کوردی نیم بە باشی بگرە هیچ زمانێک بۆیە لەم گۆمە خۆم ناخنكێنم.
زۆریش ئاسایە نەزانم چونکە بواری من ئەوە نیە. زۆریش مەمنوون ئەبم هەڵەیەکم هەبوو ڕاست بکرێمەوه.
مەسەلەیەکی عەرەبی هەیە کە بە باشی لە بیرم نیه و ئەڵێ:
احب ان اکون عبدا لم علمنی کلمه.

ئیتر من وە خێر و تۆ وە سڵامەت:)

کاکە دیاکۆ نازانم ئەو تعصب و شتە لە کوێوە هات و باسی کێش ئەکەی بەخوا، پاشان باسەکەش من گەر پێم خۆش نەبێت لەسەری ناڕۆم و لە قسەکانی منیشدا 1 ووشەی ناشیرینی تیا نەبوو.

سوپاس بۆ ڕوونکردنەوەکەت بەڵام پێم خۆش بوو بزانم بەراورد کردن لەگەڵ لاتینی و یاساکانی لاتینی بۆ خۆی تا چەن ڕاستە؟ چوونکە هەموو ئەوانەی کە جەنابت باست کردن هەمووی لە ڕاست و ڕێک ئەچێت بەمەرجێک پرسیارەکەی سەرەوە وەڵامی ئەڕێی هەبێت.
ئەمینۆ گوتەنی منیش ئەمە یەک ئەوەی کە جەنابت باست کردوون بیبیستم.
سوپاس

کاک هیوا گیان سڵاوت لێ بێت بەڕێزم، وەک پێشتر نووسیومە حەز ناکەم کەس نووسینەکان بە کەسی وەرگرێ. هیوادارم لێرە هەرچی دەنووسرێ تەنیا بەمەبەستی ڕوونکردنەوە و خزمەت بێت و بەس، نەک هیچی تر.
بە ڕای من زۆر گرنگە کە بابەتێ بخوڵقێ و باسی لەسەر بکرێ. دڵنیام تۆ خۆشت زۆرت پێ باشە. هەموومان هەوڵ دەدەین لەم دەرفەتانەی ئێرە ئەو پەڕی سوود وەرگرین. بەڵام وەک ڕەنگە بەڕێزیشت هەستت کردبێ باسەکە بەتایبەت لەگەڵ هێژا کاک ئەمیر، تۆزێ بۆنی توندوتیژیی لێ دێت. ئەوە ئەوپەڕی ناخۆشییە.
با کەس بەرانبەری کەس نەوەستێ و هەوڵ بدەین کێشە ئاڵۆزەکان شی و ڕاڤە بکەین بۆ یەکتر.
منیش وەکوو بەڕێزت زۆر باش دەزانم کە سەدان کتێبی کوردیمان هەیە هەر لە پەڕتووکەکانی قوتابخانەکانەوە بگرە تا گۆڤار و ... بزوێنی (وو) لە سەرەتای وشەدا بەکار دەبەن. زۆر قامووس و فەرهەنگیشم هەیە کە ئەو هەڵەیەیان کردووە، وەک خۆت فەرمووتە ئەوانەش فێرکراون کە بەو شێوەیە بنووسن، بەڵام مەرج نییە هەرچی فێرکاری بێ هەڵەی تێدا نەبێ. کتێبی زۆریشم لایە کە بە 1 واو شتەکان دەست پێ دەکەن.
بەڵام لەبیرت نەچێ شتەکان دەتوانن ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێ و پێویستە ڕای خۆمان بگۆڕین. منیش وەکوو بەڕێزت زۆر ساڵان (وو)م لە سەرەتای وشەکاندا دەنووسی و پێشم وا بوو ڕاستترین شتە دەیکەم. زۆر ساڵان لە سەرەتای وشەدا (ر)ی سادەم لە جیاتیی (ڕ) دەنووسی و پێم وا بوو ڕاستە. زۆر جاران (بەروار)م لە جیاتیی (ڕێکەوت) نووسیوە، بەڵام وردە وردە بۆم ڕوون بووەتەوە کە هەڵە بوون و زۆر بە ئاسانی قوبووڵم کردوون و ڕای خۆمم لەسەریان گۆڕی.
کە دەڵێم دەمارگیری، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر شتێ ڕوون بووەوە و سەلمێنرا کە هەڵەیە زۆر باشە وازی لێ بێنین، ئەگەر لەسەر هەڵەکەمان سوور بووین تەنها لەبەر ئەوەی کەسێ وەک خۆمان ئەو شتەمان بۆ شی دەکاتەوه، ئەوە دیارە تووشی دەمارگیری بووین، دەمارگیری چاوی مرۆڤ لە ئاستی ڕاستییەکان دادەخات و نایەڵێ ڕاستییەکان ببینێ.
بۆ ئەوەی باسی (وو)ی سەرەتای وشە ڕوون کرێتەوە کاک ئەمیر بە شێوەیەک ویستوویەتی شتەکان بسەلمێنێ، منیش لە پاڵپشتی لەسەر ئەو بۆچوونەی بەڕێزی نموونەم بە لاتین هێنایەوە و بەو شێوەیە بەراوردکاریم کرد، بەڵکوو زیاتر ڕوون ببێتەوە.
من بەڵێنت دەدەمێ ئەو ڕوونکردنەوانە هەموویان ڕاستن. ئەوانە شتێک نین کە من یان کاک ئەمیر یان کەسێکی تر دامان هێنابێ، ئەوانە تایبەتمەندییەکانی زمانەکەمانن کە وردە وردە دەرکەوتوون.
کۆڕی زانیاریی کوردستانیش هەر ئەو ڕایەی قوبووڵە و بڕیاری لەسەر داوە. بۆ ئەوەی قسەکانم بسەلمێنم هەوڵ دەدەم بەستەرەکەیان بخەمە بەر دەستتان تا بزانن کە چۆن (کۆڕی زانیاریی کوردستان)یش پاڵپشتیی لەو بۆچوونانە کردووە.
جارێ ئەم نووسینە دەنێرم لە پەیامێکی نوێتردا بەستەرەکەتان پێشکەش دەکەم، هیوادارم نەیان سڕیبێەتەوە.
جا هیوادارم ئەگەر قسەكانی ئێمە نەیتوانیبێ ئەو ڕاستییە دەرخات، باسەكەی (كۆڕی زانیاریی كوردستان) بتوانێ بیسەلمێنێ و ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتای وشە (وو) دەنووسن ڕای خۆیان بگۆڕن.

دەستتان ڕا دەگوشم بۆ خزمەتەکانتان لە پێناوی وشەی کوردیدا.

لەگەڵ ڕێزمدا.

بابەتەکە لە سایتی www.araspublisher.com لە ناو فەرهەنگی ڕاژەدا بە شێوەی پی‌دی‌ئێف دانرابوو، بەداخەوە ئەو ناونیشانە لای من ناکرێتەوە، نازانم بۆ، دڵنیام زۆرتان ئەوەتان بینیوە. هیوادارم ئەو سایتە زووتر بکرێتەوە یان ئەگەر ئادریسی نوێتری هەیە ئاگادار کرێینەوە،
هەڵبەت من خۆم بابەتەکەم لەوێ داگرتووە و ئەگەر سایتە نەکرایەوە دەتوانم لە شوێنێک بابەتەکە دانێم کە هەمووان بیبینن.

لەگەڵ ڕێزمدا.

ئێستا که باس، باسی زمانەوانییه، دیارە من گرفتم له کاتی نووسین به کوردی زۆره، ئەمەش نموونەیەک: له کاتی نووسینی "ی" و "یی"، سەرم لێدەشێوێت، بەومانایه قەت دڵنیا نیم کەی دەبێتە "ی" و کەی و کام وشە و لەکوێ به "یی" کۆتای دێت!

ئەگەر یاسایەکی تایبەت بۆ ئەم بابەته هەیه، تکایه لێرە باسی بکەن با منیش فێری بم. یان بڵێن له کوێ‌ دەست دەکەوێت با خۆم پەیدای بکەم.

سەرکەوتوو بن!

سوپاس ماندوو نەبیت کاکە دیاکۆ. بەدوایدا ئەچم منیش

بەڕێز پرسیار، ئەگەر سەرنجت دابێ لە ژێر ئەو هێڵەی کە کێشاومە ڕێک باسی ئەو مەبەستەشم کردووە. بەڵام:

وشە لە کاتی (مالکیت)دا 1 (ی) دەگرێ. وەک: دار (ی) بەرز = داری بەرز.
خانوو (ی) جوان = خانووی جوان.

بەڵام ئەگەر وشەکە خۆی بە (ی) تەواو بووبێ، لە کاتی (مالکیت)دا دیسانەوە 1 (ی)ی تری پێ زیاد دەکەین کە پێکەوە دەبنە (یی)، وەک:
سەوزی
سەوزی (ی) گەڵا = سەوزیی گەڵا.
بەرزی (ی) چیا = بەرزیی چیا.
گەرمی (ی) هەوا = گەرمیی هەوا.

هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵی من، هەر 1 (ی) دەگرن وەک ئەوەی نووسیوتە.
چونکوو ـ خۆشەویست ـ و ـ دڵ ـ خۆیان تەنها بە پیتی (ت) و (ڵ) کۆتایییان هاتووە و تەنها 1 (ی) دەگرن.

لەگەڵ ڕێزمدا.

بەڕێز دیاکۆ، به زمانێکی ساکار ڕوونت کردبووه و زۆر سوپاس. بەڵام باسی یەک شتت نەکردبوو. "ی" مالکیت. نموونه:‌

( هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی من!) لێرەدا، خۆشەویستی من درووسته یان خۆشەویستیی من؟ کەی -( که باسی "مالکیت" دەکەین)- ، "ی" دەنووسین و کەی "یی"؟

ئەگەر بنووسین "هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دلی من" ئایا هەم خۆشەویست و هەم دڵ"یی" دەگرن یان بەس یەکیان؟ حەز دەکەم بزانم: چــــــــــۆن؟ بــــــــــۆ؟

سوپاس بۆ یارمەتییەکانت

کاکە دیاکۆ، من بەلامەوە نامۆیه که چۆن سێدانه "ی" له وشەی "دڵنیاییەوه" بەدوای یەکەوە دێن؟ نازانم کۆری زانیاری کوردستان چۆنی بیر کردۆتەوە، بەڵام له زۆربەی زمانەکانی‌تر چەندانه کۆنسۆنات قەت بەدوای یەکدا نایەت. مەگە زمانی فەنلاندی که ...

بە باوەری من ئەوەی پرسیار گۆمانی بۆی چووه و بەردەقانیش پێی وایه راسته، واته "بە دڵنیاییەکی زۆرترەوه ..."

له مەر وشەی بێدەنگی: کاکە گیان که دەڵێی بێدەنگی بشکێنه، دەبێ "ی" که جێگری "تۆ" بێ، به کاری بگری، واته : بێدەنگیی بشکێنه! "ی" دووهەم له بێدەنگیی جێی "تۆ" دەگرێتەوە.

له کۆتایشدا هیوادارم بەردەوام بن، چوونکه بەراستی باسێکی بەنرخه.

براتان نامۆ

دەست خۆش و سوپاس.

ڕاسته، منیش سەرنجی ئەو بەشەم دابوو، بەلام مەبەستم ئەوە بوو که له ناو ڕەستەیەکدا چەنددانە وشە هەبێت که به "ی" کۆتاییان دێت، ئایا هەر هەموو وشەکان دەبن بە "یی" ؟‌ یانی وانییه که بەس وشەی ئاخر ببێت به "یی"؟ لەو نموونەی من هێنابوومەوە دوو وشە بوون که به "ی" کۆتاییان دێت، نازانم، له بە‌رچاو کەمێک سەیر دەنوێنێت که هەردوویان "یی" بگرن. من پێموابوو وشەی ئاخر - لێرەدا دڵ- "یی" دەگرێتەوە و پێویست ناکات وشەکانی پێش ئەویش "یی" بگرن! جا من بیر له ڕستەی وا دەکەمەوە که چەنددانه وشە‌ی تێدا که خۆیان به "ی" تەواو دەبن؟ بۆ نموونه سە، چوار وشەی "ی"داری تێدا بێت، بەڕاست هەر هەموو دەبن بە "یی"؟ کەمێک سەیر و کەمێک "ناشیرن" دیاره :(‌

ئاخر شت: ئایا یاسایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی بزانین "تر" چۆن دەنووسرێت؟ کەی دەنووسین : ‌"باشتر"، کەی دەنووسین: "باش‌تر" ؟‌

من لە سەر ئیزنت نووسراوەکانی ئەو ماڵپەری پێت ناساندبووم print دەکەم، بەو هیوایەی کوردییەکی باش فێر بم!

سەرکەوتوو بیت!

ببوورە بەڵام باش لە مەبەستەکەت تێ ناگەم، من نەم وتووە هەموویان (یی) دەگرن. تکایە چاوێکی تری پێدا بخشێنە.
بەس کێ دەڵێ تۆ خراپ کوردی دەنووسی؟ جا هەموو کەس وەک تۆ بنووسن کێشەمان چییە؟

بەڵام: دوو جۆر (تر)مان هەیه:
1. کاتێ بۆ بەراوردکردن بەکار دەبرێ. ئەو کاتە دەبێ بلکێندرێ بە وشەکەوە: ئەو گوڵە لەو گوڵە جوانترە.
جوانتر، جوانترین، شیرینتر، شیرینترین.

2. ئەگەر بە واتای (دیکە) بێت، ئەو کاتە دەبێ جیا بنووسرێ:
پیاوێکی تر هات بۆ ئێرە.
ساڵێکی تر. کوڕێکی تر، پێنووسێکی تر.

لێرە دەتوانی لەسەری زیاتر بخوێنیتەوە:

ڕێنووسی كوردی، بەشی ٦

لەوێ کە من دەنووسم "هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵی من"، لێرە هەم خۆشەویست و هەم دڵ به "ی" کۆتاییان دێت، باشه، هەم خۆشەویست و هەم دڵ یەكدانه "ی"تر دەگرن؟ یان بەس دڵ؟ واته: " هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵیی من" ڕاسته، یان دەبێ ‌بنووسم : هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستیی دڵیی من؟‌

ئەگەر هات و بەدوای وشەی "دڵی" یەک یان دوو وشەی تر بێت، ئەو کات چی؟ نموونه: "هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵی بابی خۆت" حەز دەکەم ئەم دوو ڕەستەیەم به درووستی بۆ بنووسییەوه:

1) "هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵی من"

2) "هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستی دڵی بابی خۆت"

نازانم توانیومە مەبەستم ڕوونتر بکەمەوە یا نا؟ (لێرەدا "ڕوون" و "تر" دەبێت بە سەر یەکەوە بنووسرێن چوونکه ئێستا بە مەبەستی بەراوردکردن بەکاری دێنم:) )

وشەکان خۆیان (هاوڕێ)، (خۆشەویست)، (دڵ) و (باب)ن و هیچکامیان لە ئاخردا (ی)یان نییە و پیتی پەیوەندی بە 1 (ی) دەگرن و پێویست ناکا ببن بە (یی).
ئەگەر ڕستەکەت گەلێ وشەی تری تێدا بێ و هیچکامیان بە (ی) کۆتایییان هاتبێ هەر 1 (ی) دەگرن، بەڵام ئەگەر خۆیان بە (ی) کۆتایییان بێت ئەوا دەبێ بە (یی).

هاوڕێی خۆشەویستی زانای ئازای ڕووناکبیری پاڵەوانی قارەمانی لێهاتووی بەپەرۆشی خەمخۆری دڵسۆزی دەنگخۆشی من.

بەڵام:
خۆشەویستیی مەم و زین ئەفسانەیی بوو.

لێرە خۆشەویستی خۆی بە (ی) کۆتاییی هاتووە و پیتی پەیوەندیی (ی)شی پێ زیاد کراوە و بووە بە (یی): خۆشەویستیی مەم و زین... نەك خۆشەویستی مەم و زین...

هیوادارم جیاوازییان ڕوون بیت.

زۆر زۆر سوپاس. هەر دێت و ڕوونتر دەەبێتەوە :)

ڕاستییەکه ئەوەیه من له هەندەران و به گەوره ساڵی، هەوڵم داوه خۆم فێری کوردی بکەم. یەکەم و تەنیا مامۆستای من مامۆستا شاکڵی بووه و که باوەڕدەکەم زانییاری زمانەوانییەکەی زۆر باشە. بەڵام هێشتاش زۆرجار تێدەمێنم چۆن وشەیەک بنووسم، ئەوەش تاوانی خۆمه ... بەهەرحاڵ....

من ئاوا فێر بووم که هەندە جار "ی" دەگەرێتەوە سەر pronouns ( ئەگەر لە سۆئید بیت ئەوە هەمان personliga pronomen ) ، هەندێ جار لە نووسیندا "من و تۆ و ئەو ..." نانووسرێن. بۆ نموونه: باشی؟ یانی:‌ تــــــــۆ باشـــــــی؟ (سڵاو و حاڵ پرسین)

"ی" لێرەدا pronominal suffix ە، دەتوانم هەم بنووسم : تۆ دڵنیای؟ یان بەس بنووسم: دڵنیای؟

ئێستا من بەدوای قسەکانی ئێوەدا ئاوا دەکەم که "یی" تەنیا کاتێ که وشەکه خۆی به "ی" کۆتایی هاتبێت. وەک: "بێ‌دەنگی" : "بـــــــۆ بێ‌دەنگیی؟" یان "بێ‌دەنگیی بشکێنه!"

هیوادارم زۆرم ماندووم نەکردبێتی. خۆم، ئەگە به هەڵەدا نەچووبێم، هەست دەکەم لەمەودوا به دڵنیایەکی زۆرترەوه دەتوانم به کوردی بنووسم!

هەنگاوی دوایی: "بێ" بە سەر یەکەوە دەنووسرێت یان به جیا؟
( وادیارە وا زوو ڕزگارت نابێت!)‌

زۆر سوپاس!

تووشی گومان بووم : دەبا نووسیبام "دڵنیاییەکی زۆرترەوه ..." وایه؟

هەندێ جار ڕەنگە لە زمانی کوردیدا ‌بێ (جێناوەکانیش) کارمان جێبەجێ ببێ:
تۆ چۆنی؟ ڕەنگە ئەوە هەڵە نەبێ بەڵام خۆت دەزانی لە کاتی قسەکردندا بەس دەڵێین (چۆنی؟). مرۆڤ لە کاتە تایبەتەکاندا دەتوانێ هەست بکا ئایا جێناوی دەوێ یان نا.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کێشەی (ی) هەرچی زۆرتر بیری لێ بکەیتەوە باشتر چارەسەر دەبێ.
سەیری ئێرە بکە:
مەم و زین خۆشەویستی یەکتر بوون، خۆشەویستیی مەم و زین بێوێنە بوو.

بۆ بێدەنگی؟ بێدەنگی بشکێنە!
بەڵام:
بێدەنگیی ئەم ژوورە زۆر سامناکە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

چ کاتێ (بێ) دەلکێت بە وشەوە یان نالکێت بە وشەوە؟
ئەوە پرسیارێکی گرنگە و لە کوردیشدا یاسای خۆی هەیە وەکوو زمانە ئەورووپییەکان:
ئەگەر بزانی لە زمانی ئینگلیزیدا چ جیاوازییەک لە نێوان (without) و (less) هەیە زۆر با ئاسانی لە کوردیدا جیاوازییان تێ دەگەی.
(I don´t go without you). بێ تۆ ناڕۆم، بەبێ تۆ ناڕۆم.
(He is homeless). ئەو بێماڵە.

هەر کاتێ (بێ) مانای (بە‌بێ without) بدات ئەوە سەربەخۆ دەنووسرێت.
هەر کاتێ (بێ) مانای ئەوە بدات کە تۆ ئەو شتەت نییە، ئەوا دەلکێندرێت بە وشەکەی پێشیەوە:
بێکار، بێپارە، بێخانوو، بێباوک، بێکەس.

کوڕێکی بێکەسم بینی کە بێ کەس (بەبێ کەس، بەبێ ئەوەی کەسێکی هەبێت) لەو شارەدا دەسووڕایەوە.

ئەو منداڵە بێپارەیە، بێ پارە ژیان ئەستەمە.

دەبێ زۆر وریا بین کە ئەو دوو (بێ)یە زۆر لە یەک دەچن و هەندێ جار ڕەنگە ئاسان نەبێ جیاوازییان هەست پێ بکەین.
مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە گۆڤاری (مامۆستا)دا زۆر بەباشی ئەو یاسایەی ڕەچاو دەکرد.
لە سویدیشدا جیاوازیی هەیە لە نێوانیاندا.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆڕی زانیاریی کوردستان دەبێ بنووسی:
(‌دڵنیایییەکی زۆرترەوە). واتە: دڵنیایی + یەکی = دڵنیایی‌یەکی = دڵنیایییەکی.
واتە بە سێ (ی).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

من بەم پرسیارانە ماندوو نابم و زۆریشم پێ خۆشە، چ باشتر کە بتوانین کێشەکانی ڕێنووسی کوردی لەم سەکۆیەدا بخەیەنە بەر باس لێوردبوونەوە.

هەر پرسیارێکت لەو بوارانەدا هەبوو بەگوێرەی توانا لە خزمەتدام.

سەرکەوتوو بی.

کاک نامۆ،

جەنابتان سێ گومانتان بردووە کە هەموویان وا نین.
یەکەم: (له مەر وشەی بێدەنگی: کاکە گیان که دەڵێی بێدەنگی بشکێنه، دەبێ "ی" که جێگری "تۆ" بێ، به کاری بگری، واته : بێدەنگیی بشکێنه! "ی" دووهەم له بێدەنگیی جێی "تۆ" دەگرێتەوە.) لێرەدا و لە هەر جێیەکی تر "ی" جێگری "تۆ" نییە و نابێت. مەبەستیشت بۆ ڕاناوی لکاوی خاوەندارێتی بێت بۆ "تۆ" تەنیا "ت"یە کە لێرەدا هیچ ئاماژەی پێ نەکراوە لەوانەیە مەبەست بە "بێدەنگی" گشتی بێت و مەبەست لە "بێدەنگی" کەسێکی دیاریکراو نەبێت. ‌ لە ڕستەی داخوازی (فەرمانی)ی "بێدەنگی بشکێنە!" تەنیا کاتێک ڕاناوی لکاوی خاوەندارێتی "ی" پێ زیاد دەکرێت کە تۆ مەبەستت "بێدەنگی"ی کەسی سێیەمی تاک بێت ئەو کاتە دەنووسرێت "بێدەنگیی بشکێنە!" و "ی" لێرەدا ڕاناوی لکاوی خاوەندارێتی سێیەم کەسی تاکە واتە (ئەو) کە واتای ڕستەکەمان دەبێت بە‌ "بێدەنگیی ئەو بشکێنە!".
ڕاناوە لکاوەکانی خاوەندارێتی:
یەکەم کەسی تاک= م
دووەم کەسی تاک= ت
سێیەم کەسی تاک= ی

یەکەم کەسی کۆ= مان
دووەم کەسی کۆ= تان
سێیەم کەسی کۆ= یان

دووەم: سەبارەت بە لەدوویەکهاتنی چەند پیتێکی بێدەنگ، وا بزانم زمانەکانی پۆڵەندی و هەنگاری وایە نەک فینلەندی. من خۆم لە فینلەدا دەژیم و فینلەندیم خوێندووە و شتی وام بەرچاو نەکەوتووە.

سێیەم: هیچ ڕاست نییە کە بنووسرێت " بە ڵنیاییەکی زۆرترەوە..."، بەڵکوو دەبێ بنووسرێت "بە دڵنیایییەکی زۆرترەوە.."

تێبینییە‌ک سەبارەت بە "بێ":
کاتێک پێشگری "بێ" لکا بە وشەوه (ناوێکەوە)‌ ئەوە وشەکه (ناوەکە)‌ دەکات "ئاوەڵناو" :
بێ+هیوا= بێهیوا، کە واتای "هیوابڕاو، نائومێد" دەبەخشێت.
بێ+کەس=بێکەس، کە واتای "تەنیا" دەبەخشێت.
بێ+وەی=بێوەی، کە واتای "هێمن، ئاشتیخواز" دەبەخشێت.
بێ+پارە=بێپاره، کە واتای "هەژار" دەبەخشێت.

بەڵام کاتێک کە "بێ" نەلکێنرا بە وشەی دوای خۆیەوە ئەوا وشەی دروستبوو دەبێت بە "ئاوەڵفرمان، ئاوەڵکردار":
"بێ دەنگ" کە واتای " بە بێدەنگی" دەبەخشێت.
"بێ کار" کە واتای "بە بێکاری" دەبەخشێت.
"بێ کەس" کە واتای "بە بێکەسی" دەبەخشێت.
هتد...

بژین!

بەڕێز کاک ئەمیر سوپاس بۆ ڕوونکردنەوە بەپێزەکانت.

بەڕێز (پرسیار)؛
ڕێگەم بدە لە پێشدا ڕاستکردنەوەیەک لەسەر نووسینەکەت بکەم کە پێت سەیرە چۆن چەند کۆنسۆنانتێک بەدوای یەکدا دێن!!
دیارە مەبەستت کۆنسۆنانت نییە و مەبەستت ڤۆکاڵە. چونکوو زۆر وشە هەیە کە چەندین کۆنسۆنانت تیایدا بەدوای یەکدا دێن.
consonant = نەبزوێن
vocal = بزوێن
سەیری ئەم وشانە بکە کە چۆن نەبزوێنەکان بەدوای یەکدا دێن:
alphabet لەو وشەیەدا lph کۆنسۆنانتن کە بەدوای یەکدا هاتوون.
alright لەو وشەیەدا ght کۆنسۆنانتن کە بەدوای یەکدا دێن.
دڵنیام ئەگەر سەیری فەرهەنگێک بکەی سەدان وشەی وات بۆ دەدۆزرێتەوە.
کەوابێ مەبەستت بزوێنە واتە ڤۆکاڵ نەک کۆنسۆنانت.

ئەگەریش پێت سەیر بێت کە چۆن سێ بزوێن بەدوای یەکدا دێن، ئەوا ئێمەش وەکوو کورد‌ زۆر جار هاوارمان کردووە کە لە زمانی کوردیدا دوو بزوێن نابێ پێکەوە بنووسرێن، نەخوازەڵا سێ بزوێن کە هەر نابێ. تەنانەت لە ڕوونکردنەوەکانی من بۆ بەڕێزت ئەوەت بینیوە.
ئەگەر مەبەستت ئەوە بێ کە ئەو سێ (ی)یەی کە لەنێو وشەی دڵنیایییەوە دەیبینی، چین؟ ئەگەر بزوێن نین؟!!، دەبێ بڵێم ئەو سیانە ئاوان:
یییـ = کە پێک هاتوون لە یـ (نەبزوێن) + ــیـ (بزوێن) + ــیـ (نەبزوێن).

نابێ پێت وا بێ چونکوو هەر سیانیان شێوەیان لە یەک دەچێ ئەوە بزوێنن، ئەوە یەکێک لە کێشەکانی ئەلفوبێی عەرەبییە کە بۆ نەبزوێنی (y) و بۆ بزوێنی (î) هەر پیتی (ی)ی هەیە.
لە ئەلفبێی لاتیندا زۆر بەباشی جیایان دەکەیتەوە:
دڵنیایییەوە = dillnîyayîyewe
کە باشترە تۆزێ لە یەک دووریان کەینەوە:
dillnîya y î y ewe
لێرە دەبینی y î y کە ئاوان: (نەبزوێن + بزوێن + نەبزوێن).
واتە نە سێ کۆنسۆنانتن و نە سێ ڤۆکاڵن.
بەڵام بڵێین چی کە لەم ئەلفبێیەی کە لە زمانی عەرەبی وەرمان گرتووە تەنها یەک نیگار بۆ (y) و (î) هەیە، بۆیە بەڕێزیشت پێت وایە کە سێ پیتی وەکوو یەک بەدوای یەکدا نووسراون.

کەوابێ کۆڕی زانیاریی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە کە زۆر زانستانەیە ئەو بڕیارەی داوە.

با چەند نموونەی تریش بنووسین:
ئاسایی یە = ئاسایییە = asa yî ye
ڕەشایی یە = ڕەشایییە = reşayîye
سەوزایی یە = سەوزایییە = sewzayîye
نەرمایی یە = نەرمایییە = nermayîye
شینایی یە = شینایییە = şînayîye

لەو بابەتەی (ڕێنووسی یەکگرتووی زمانی کوردی) کە لە زانستپەروەران دانراوە و پێشتر بەستەرەکەم بۆت نووسی هەموو ئەوانە ڕوون کراونەتەوە.

پرسیارەکانت زۆر گرنگن و جێگەی تێڕامانن.

لەگەڵ ڕێزمدا.

داوای لێبووردن دەکەم کە لە جیاتیی ناوی کاک (نامۆ) نووسیومە (پرسیار)، دیارە لە وەڵامی بەڕێز کاک نامۆدایە.

سەرکەوتنتان ئاواتمە!

بەڕێز دیاکۆ،

ئەوەی سەبارەت به "بێ" باست کرد، شتەکانی بۆ من زۆر ڕوون کردەوه. سوپاس. ئەگە بەگەرێینەوه سەر "ی"، ڕاستیت دەوێت منیش دەگەڵ سێ "ی" بەدوای یەکدا له یەک وشەدا کەمێک موشکیلەم هەیه. به " قیافه" زۆر جوان نییه و له خوێندنەوەشدا له لای من زۆر نامۆیه. ڕەنگه چونکه تازەیه، نازانم.

یەک پرسیار. ئەگەر ئەم ئەم سێ "ی" بەسەر یەکەوە نەنووسم، هەڵەیەکی گەورەم کردووه؟ ئەگە بنووسم :‌ "زۆر ئاسایی‌یه"، ئەم شینایی‌یه، ...

دیسان سوپاس بۆ وڵامەکانت

بەو جۆرەش خەڵک لێت تێ دەگا، بەڵام ئەوەی من باسم کرد بڕیاری کۆڕی زانیاریی کوردستانە.
بۆ ئەوەی هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی شت نەنووسێ زۆر گرنگە لە دەوری تەوەرەیک کۆ بینەوە، چی باشترە لە کۆڕێکی زمانەوانی!

بەڕێز دیاکۆ،

دیاره منیش باوەڕم به بوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو هەیه و هەموو هەوڵم بۆ هەڵه نەنووسین هەر بەو مەبەستەیه.

بەڕێز پریسم ئایا ئەگەر ئەم سێدانه "ی" بەسەر یەکەوەه نەنووسم هەڵەیەکی گەو‌رەم کردوو یا نا، که له وڵامدا گوتبووتان "بەو جۆرەش خەڵک لێت تێ دەگا"، کەچی ئەوە وڵامی پرسیاری من نییه. به هەڵه نووسین ئەوەندە باوە که زۆربەمان له ئیتر هەر هەستی پێناکەین چ بگات بەئەوەی لێی تێنەگەین! بەهەرحاڵ پرسیاری من ئەوە بوو ئایا "هەڵەیه" ئەگەر ئاوای بنووسم؟ خۆ ماناکەی ناگۆڕدرێت و له سێدانه "ی" کەم ناکەمەوه، هەرویستم بزانه هەڵەیه ئاوا نووسین یا نا.

له زمانی سۆئێدی چەنددانه وشه هەن بۆ نموونه tillampa (ئەم a دەبێت دوو نوقتەی لەسەر بێت) که له دوو وشەی till و lampa ( ئەم a دوو نوقتەی لەسەرە) پێکهاتووه. کەچی کاتی نووسین یەکدانه L کەمدەبێتەوە و بەس به دووL دەنووسرێت به جێی سێدانه L. له زمانی کوردی هیچ یاسا ئاوامان نییه؟

کاتێکی شادت بێت!

بەڕێز پرسیار

هیوادارم بەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە ئەوەت بۆ سەلمێنرابێ کە ئەو سێ دەنگە وەکوو یەک نین، نموونە:
تیر = tîr
تەیر = teyr

دەبینی لە لاتیندا دوو پیتی جیاوازن بەڵام لە سۆرانی هێشتا 1 پیتی هەیە (ئەویش یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەو ئەلفبێیەیە).
واتە ئەگەر هەر سیانیان پێکەوە بنووسی لەڕاستیدا سێ پیتی وەکوو یەکت نەنووسیوە و ناتوانی لەگەڵ سویدییەکەدا بەراوردی بکەی.

لەبیرت بێ کە پیتی (ی) لەو پیتانەیە کە دەتوانێ بلکێ بە پیتەکانی پێش و پاش خۆیەوە، لەبیرت بێ کە وتوومانە لە زمانی کوردیدا (ە، یە) بە سەربەخۆ نانووسین و دەیلکێنین بە وشەکەی پێشیانەوە:
(نانووسین: پیاو ە، دەنووسین: پیاوە.
نانووسین. کوردی یە، دەنووسین: کوردییە.
کەوابێ ئەگەر بنووسین ئاسایی یه، ئاسایی‌یە‌، لەو ڕێسایە لامان داوە، مەگەر وەکوو (ئاوارتە = استثنا)یەک بڵێین با لەم دۆخەدا وا بێ، ئەویش باشترە کۆڕێکی زمانەوانیی کوردی ئەو بڕیارە بدات، کە لێرەدا کۆڕی زانیاریی کوردستان بڕیاری داوە پێکەوە بن) بۆیە منیش وام بۆ نووسیویت.

ڕای تاکەکەسیی منت ویستووە، بەڕای من ئەگەر جیا بن ڕەنگە باشتر بخوێنرێنەوە و هەر لەبەر ئەو مەبەستە هەڵەیەکی گەورەت نەکردووە، بەڵام بە باشی دەزانم تا بڕیاری کۆڕێکی متمانەپێکراوتر یان نوێتر هەر لەسەر ئەو بڕیارە بڕۆین. من وەكوو تاكەكەسێک لەوە زیاتر ناتوانم پێت بڵێم نووسینەکەی تۆ هەڵەیە یان ڕاستە. من خۆم دەنووسم ئاسایییە (لە سەرەتا تۆزێ نامۆ بوو بەڵام ئێستە لە لام زۆر زۆر ئاسایییه)

ئایا ئێستە بە بوونی ئەو هەموو کێشەیە کە لە زمانەکەماندا هەمانە تۆش وەکوو من ئاواتەخواز نیت (ئا ئێسته)‌ لە کوردستاندا کۆڕێکی زانیاریی کوردی لە ئارادا بوایە بۆ چارەسەرکردنی گەلێ کێشەی زمانەوانی، بۆ ئەوەی هەرکەس بە ئارەزووی خۆی شت نەنووسێ؟! کۆڕێ کە بکرێ لە تەواوی دنیاوە بەرهەمەکانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت ببینرێ و پەیوەندیی پێوە بکرێ و بیروڕا لەگەڵیاندا ئاڵوگۆڕ بکرێ؟!!

ئێ، بچینە سەر کێشەی تر؟!!

لەگەڵ ڕێزی تایبەتیم.

ئەم کاتەت باش بەڕێز دیاکۆ،

پرسیاری ئەمجارەم : بۆ شێوەی بەکار هێنانی "پێ" و "لێ" یاسایەکی تایبەتیمان هەیه؟‌

پێیگوت درووسته یان پێی گوت؟ لێی دا یان لێیدا؟

پێشەکی سوپاس :)‌

سڵاو، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە زۆر دوورودرێژ نەبێ، لە بەشێکی نوێدا دەینووسین.

دەستان خۆش هاوڕێیان
کاک دیاکۆ ئایا ئەمە هەڵەیە؟

دێڕی سێیەم: سەوزاییی شاخەکان بەرەو نەمان ناچن.
منیش ئەڵێم وشەی شینایییی دێڕی سێیەم‌.
ئەو کاتە ئەبێت بە نەبزوێن + بزوێن + نەبزوێن + نەبزوێن

دووبارە دەستان خۆش

کاک هونەر گیان بۆ ئەوەی باشتر ڕوونکاری بکەین با سەیری نموونەیەک بکەین:

(دار) + ی + بەرز = داری بەرز.
(شینایی) + ی + دێڕی سێیەم: شیناییی دێڕی سێیەم.

کەوا بێ بەڕێزت لە نموونەکەتدا یەک (ی)ت زیادە نووسیوە، واتا نابێتە:
(شینایی) + ی + ی + دێڕی سێیەم = شینایییی دێڕی سێیەم. (هەڵەیە).
بەڵکوو ڕاستەکەی ئەمەیە:
(شینایی) + ی + دێڕی سێیەم = شیناییی دێڕی سێیەم.
شینا ی ی ی (ییی): (ی)ی یەکەم نەبزوێنە، دووەم بزوێنە و سێیەم کە (ی)ی پەیوەندییە نەبزوێنە: shînayî y dêrrî sêyem

سەرکەوتوو بیت!