دەربارەی ئەم گرووپە

بیرۆکەی دروستبوونی کوردئایتیگرووپ دەگەرێتەوە بۆ زیاتر سەرەتاکانی ساڵی 2001. دیارە لەو کاتانەدا خوێندنەوە و نووسینی کوردی سەرئێشەیەکی زۆری بۆ بەکارهێنەری کورد دروستکردبوو.
لە ڕێگای چەند کەناڵێکی ئنتەرنێتەوە، ژمارەیەک لە خەمخۆران، هەڵسان بە داڕشتنی پیلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یارمەتیدانی بەکارهێنەران و بیرکردنەوە لە داهاتووی ئنتەرنێتی کوردی.

ئەندامانی گرووپ، گرنگییان نەداوە بە خۆناساندن و بەرژەوەندی تاکەکەس، بۆیە تا ئێستاش زۆربەیان بە ناوی خۆیان نەناسراون.

یەکەم کێشە کە پێویستی بە بەرەنگاری بوونەوە بوو، نووسینی کوردی بوو، ئەمەش دەکرێت لەم ڕستەیەدا کورت بکرێتەوە: "ئەگەرهاتوو هەموومان بەیەک شێوە بنووسین، کێشەی خوێندنەوەمان نابێت". ئەمەش واتا بەستانداردکردن.

پیلانی چارەسەرکردن لەچەند هەنگاوێک پێکهاتبوو:
- داهێنانی ستانداردێکی نووسینی کوردی، پێکهاتوو لەو پیتانەی کە لە خشتەکانی یونیکۆوددا دەسنیشانکراون.
- داهێنانی تەختەکلیلێک کە پشتیوانی ئەم ستانداردە بکات و فێربوونی ئاسان بێت.
- دروستکردنی چەند فۆنتێکی کوردی لەسەر بناغەی یونیکۆود.
- دروستکردنی پرۆگرام بۆ وەرگێڕانی دەقە کۆنەکان بۆ سەر ئەم ستانداردە؛ وەرگێڕی فۆنتە کۆنەکان.
- وشیارکردنەوە و یارمەتیدانی بەکارهێنەران و کەمکردنەوەی چالاکی فۆنتەکۆنەکان، وەک پشتیوانی "بۆچوون" بۆ بڵاگنووسی کورد.
- یارمەتیدانی بەڕێوەبەرانی ماڵپەره کوردییەکان.

هەر لەسەرەتاوە دڵنیابووین کە ئەم هانگاوانە درێژخایەنن و پێویستییان بە بەردەوامی هەیە. یەک لەو کێشانەش بریتی بوو لە خودی بەکارهێنەری کورد:
- بۆ ئەم ستانداردانەی کوردئایتیگرووپ بەکاربهێنم؟
- ئەم چارەیەش وەک چارەسەرییەکانی تر پێویستی بە داگرتنی فۆنت هەیە
- سەختە پەنجەم لەسەر تەختەکلیلێکی نوێ ڕابێت.

ئەم پرسیار و تێبینییانە لەوانەیە پەسندبن و وەڵامدانەوەیان پێویستی بە شارەزایی پرسیارکەر هەیە.کوردیاتیگرووپ هەر لەسەرتاوە ئەم دروشمەی هەڵگرتووە: "هەر دەقێک لەسەر ئەم بناغەیە بنووسرێت، دڵنیاین ئێستا و لە داهاتووش لەسەر هەموو سیستمە جیاکاندا، بێ-جیاوازی دەخوێنرێتەوە". سەبارەت بە داگرتنی فۆنتیش کێشەیەکی کاتی بوو، چونکە هەر فۆنتێک هەموو پیتەکانی خشتەی یونیکۆودی تێدابێت، ئەوا پشتیوانی زمانی کوردیش دەکات".

لە هەمان کاتدا ئەم هەنگاوانەی سەرەوە چەند کێشەیەکییان لە ئاستی سیستمەوە هاتبووە پێش، بەتایبەتی بۆ بەکارهێنەرانی ویندۆزەکەی مایکرۆسۆفت:
- بوونی هەڵە لە سیستمی بەیەکەوەلکاندنی پیتەکان.
- نەبوونی فۆنتی گونجاو بۆ نووسینی کوردی.

بۆیە پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێکی گەورەی کاتی ئەندامانی گرووپی گرتبوو و لە ئەنجامدا زۆربەی کێشە سەرەکییەکان چارەکران.

سەرکەوتن، پێویستی بە کاری بەردەوام هەیە. ماڵپەڕی کوردئایتیگرووپیش کاردانەوەیەکی سروشتی بوو. لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنەری کورد، پێویستی بە یارمەتیش زیادبوو.

جێگای شانازی بوو کە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریک و ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاکانیدا ئەم ستانداردە، ئەو کات، نوێیەیان بەکارهێنا و لەگەڵ‌ بەردەوامی کات ژمارەی ماڵپەڕەکانیش زیادیکرد.

ئێمەی گرووپ، هەردەم خۆمان بە خاوەن کێشە زانیوە، نەک تەنها لە بواری نووسین و خوێندنەوە بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تری تەکنەلۆجیای زانیاری و هەوڵمانداوە تا ڕادەیەک نموونەیەکی بەرەوپێشوەچوونی ئای.تی. بین. بۆیەش، هەردەم ئامادەبووین بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژە جیاکاندا کە نموونەیان زۆرن، وەک:‌ دابینکردنی گووگڵ بە کوردی، پشتیوانیکردنی سیسمەکانی مۆبایل، ئەندرۆید و ئایفۆن، فەرهەنگی کراوە، وەرگێڕان و پشتیوانیکردنی چەند سیستم و پرۆگرامی جیاواز.

داهاتوو؟
هەموو ئەندامانی گرووپ بە خۆبەخشانە کاردەکەن، واتا، لەگەڵ کاروباری کوردئایتیگرووپ، هەریەک لەوانەی هەفتەی زیاتر لە 40 کاتژمێر کاربکات. بۆیەش هەندێک لەو پڕۆژە گرنگانە دوادەخرێن یان گرنگییان پێنادرێت.

- ڕێککەوتن لەسەر پیتە کوردییەکان. ئایا کامییان ڕاستە ک یان ك. ئەگەر ئەمەیان بڕیاری لەسەرندرێت، لە داهاتوو سەرئێشەیەکی زۆر دووست دەکات.
- پڕکردنەوەی کەلێنی دروستبوو لە نێوان کوردانی باکوور و پارچەکانی تر. زۆربەی کوردی باکوور ناتوانێت سوود لە بڵاوکراوە کوردییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات ببینن.
- زمانی کوردی پێویستی بە نوێکردنەوە و گونجاندن هەیە، تا پشتیوانی تەکنەلۆجیای نوێ بکات. دروستکردنی ڕێکخراوێکی سەرپەرشتیکار.
- بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا و سیستمە جیاکان.
- زۆربەی ماڵپەڕە کوردییەکان لاوازن، بەتایبەتی ماڵپەڕە فەرمییەکان. بۆیە پێویستە ستاندارێک دابهێنرێت بۆ ماڵپەڕەکان و دابینکردنی خەڵات بۆ ماڵپەڕە کوردییەکان.
- خەڵاتی ساڵانە بۆ باشترین پڕۆژەی ئای.تی.
- ئامۆژگاریکردن بۆ بەکارهێنانی پرۆگرامی سەرچاوەکراوە.
- بەرەنگاریبوونەوەی کۆپیکردنی نایاسایی.
- داهێنانی شێوازی کڕین و فرۆشتن و کاروباری بانک لە ڕێگای ئنتەرنێتەوە.
- بڵاوکردنەوەی گۆڤاری مانگانەی کوردئایتیگرووپ.
- لێکۆڵینەوە و داهێنان (وەرگێڕی زمانی کوردی، ژێرنووسی ڤیدیۆ، هتد...)
ئایا ئەم خاڵانەی سەرەوە دەکرێت ببنە خەمی تەنها گرووپێکی خۆبەخشی سنووردراو لە کات و سەرچاوە، یان پێویستییان بە پشتیوانی حکومەتێک هەیە؟