وەشانی بێتای Live Messenger دەرکەوت: لەم وەشانە نێونەتەوەییە نوێیەی جیلی داهاتووی MSN Messenger دا مرۆڤ دەتوانێ لە ڕێگای کومپیۆتەرەکەیەوە تەلەفوون بۆ تەلەفوونی ئاسایی ماڵەوە بکا.
ئەم حەوتووە کومپانیای مایکرۆسافت (Microsoft) سەرقاڵی تاقیکارییە لەسەر وەشانێکی نوێ لە MSN Messenger و دەیەوێ پەرە بەم کەرەستەیەی خۆی بدا.
وەشانی بێتای Live Messenger لە لایەن مایکرۆسافتەوە دراوە بە کەسانێکی تاقیکار کە بەکاری بێنن و ئەوانیش دەتوانن بیدەن بە هاوڕێ و دۆست و ئاشناکانیان و لەگەڵیان تاقی بکەنەوە.
بێجگە لە تەلەفوون کردن لە کومپیۆتەرەو بۆ تەلەفوونی ماڵەوە، بەشێکی دیکە بە ناوی ”Sharing folders” لەم وەشانە نوێیەدا هەیە کە بەکارهێنەران دەتوانن لە نێوان خۆیاندا پەڕگەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن. بێجگە لە گۆڕینەوەی پەڕگەکان، بەکارهێنەران دەتوانن پەڕگەکانیان لە بەشێکی دیکەی ئەم وەشانە بە ناوی Sharing folder لە ڕاژەکارەکانی مایکرۆسافتدا پاشەکەوت بکەن و هەرکاتێک پێیان خۆش بێ بەکاریان بێنن. ئەم کارەش تەنیا بە ڕاکێشانی پەڕگەکان و بەردانیان لە Live Messenger ی ئەو کەسەی کە پێوندیان لەگەڵ گرتووە، دەکرێ.
سەرچاوه