شكستێكی گەوره بۆ دروستكەرانی نەرمەواڵەی دابەشكردنی پەڕگەكان: دادگای بەرزی ئامریكا بڕیاری ئەوەی دەركرد كه كومپانیاكانی دابەشكردنی پەڕگه، لەبەرامبەر شێوەی بەكارهێنانی ئەو نەرمەواڵانەدا كه بەكارهێنەرەكانیان بەكاری دێنن، بەرپرسیارن.
ئەم بڕیارەش بەو مانایەیه كه دروستكەرانی نەرمەواڵەی گۆڕینەوەی گۆرانی و فیلم، له بەرامبەر بڵاوبوونەوەی نایاسایی بەرهەمی موسقی و سینمایی له لایەن بكارهێنەراندا بەرپرسیارن.
ئەم بڕیاره چاوەڕوان نەكراوەش دەتوانێ لافاوێكی هێرشی یاسایی دژی تۆڕەكانی گۆڕینەوەی پەڕگەی وەك گروكستەر (Grokster) و مورفیوس (Morpheus) ی بە دواوە بێ.
فایلی ئەم بڕیارەش له لایەن 28 كومپانیای فیلم و گۆرانی دروستكردنەوه كرایەوه، كه هەموویان لەو باوەڕەدا بوون كه بە هۆی كوپی و بڵاو كردنەوەی بەربڵاوی نایاسایی بەرهەمەكانیانەوه زەرەرێكی زۆریان لێ كەوتووه.
بەڵام به لەبەرچاو گرتنی ئەو بڕیاره یاساییەی كه پێش دەرچوونی مەكینە سەرەتاییەكانی تۆمار كردنی ڤیدیۆ له لایەن دادگای بەرزەوه درابوو، چاوەڕوان دەكرا دادوەران به قازنجی دروستكەران و بەكارهێندەرانی نەرمەواڵەی دابەشكردنی پەڕگەكان دەنگ بدەن.
سەركەوتنێكی گەورە
ئەم بڕیاره كە به تەواوەتی دەنگ پەسند كراوه، سەركەوتنێكی گەورەیه بۆ كومپانیاكانی ساز كردنی گۆرانی و ستودیۆكانی فیلمسازی. ئەم فایله یەكێكه له گرینگترین فایلەكانی پێوەندیدار به یاسای مافی پارێزراوی تۆمار كردن "كوپی ڕایت" لەم ساڵانەی دواییدا.
ئەم سكاڵایه له مانگی ئوكتوبەری 2001دا دژی كومپانیای " Streamcast Networks" كه پشیوانی له نەرمەواڵەكانی وەك گروكستر و مورفیوس دەكا، هاته گۆڕێ.
لەو سكاڵایەدا هاتووه كه گوایه "ئستریم كست" به دزینی بی سنووری بەرهەمە موسیقی و سینمایەكان كه له سەر تۆڕەكانی گۆڕینەوەی پەڕگه له گۆڕێدا بووه، پووڵ و پارەیەكی زۆری له گیرفان ئاخنیوە.
سەرەڕای ئەمەش، تێدەكۆشانی ئەوان بۆ ئەوە بوو كه له جەریمەكردنەكەدا شتێكیان دەست بكەوێتەوه، بەڵام به پێچەوانه تووشی شكستێكی زۆرتر بوون، چوونكه دادگاكان یەك له دوای یەك به قازانجی تۆڕەكانی گۆڕینەوەی پەڕگەكان دەنگیان دەدا.
یاسازانانی ئەو دادگایانه پشتیان به بڕیارێك كه له فایلی ساڵی 1984دا له پێوەندی لەگەڵ مەكینەكانی ڤیدیۆیی بتاماكسی سەر به كومپانیای سۆنیدا دەرچووبوو دەبەست. لەو فایلەدا دادگای بەرزی ئامریكا، بڕیاری دابوو كه لەبەر ئەوه زۆربەی خەڵك بۆ كاری یاسایی كەڵك له مەكینەی تۆمار كردنی ڤیدیۆ وەردەگرن، ناكرێ پێشیان پێ بگیردرێ.
بەڵام له نوێترین بڕیاردا، دادوەرانی دادگای بەرز ئەو بڕیارەی پێشوو و هەروەها بڕیاری دادگاكانی ژێردەستیان وەلا ناوه و بڕیارێكی تازەیان داوه. ئەویش ئەوەیه كه دروستكەرانی نەرمەواڵەی گۆڕینەوەی پەڕگە له بەرامبەر شێوەی بەكار هێنانی داهێنراوەكانیاندا، لەو شوێنانەی كه بەكارهێنەرەكان یاساشكێنی دەكەن بەرپرسیارن.
سەرچاوه