Ebay vs Blocket: گەورەترین شوێنی فرۆشتن له ئینترنێتدا گەیشته وڵاتی سوید.
یەكێك له هۆ سەرەكیەكانی كردنەوەی بنكەیەكی ئینترنەتی له سویددا بۆ Ebay، ئەوەیه كه دانیشتوانی سوید دووهەمین خەڵكی ئورووپان كه له ڕێگای ئینترنێتەوه مامەڵە دەكەن. دیاره دانیشتوانی بریتانیا له سویدیەكانیش زیاتر لەو ڕیگایەوه شتومەكی خۆیان دەكڕن.
شایانی باسه ئەو ماڵپەڕەی بۆ سویدیەكان كراوەتەوه، هەموو مینوەكان و نێوەڕۆكەكەشی به زمانی سویدیه و سویدیەكان دەتوانن به دراوی خۆشیان كه كرۆنه، مامەڵەكانیان بكەن. ئەگەریش پێیان خۆش بێ دەتوانن ئاگادارییەكانی خۆیان له سەر ئەو ماڵپەڕه بڵاو بكەنەوه. له هەمووشی باشتر ئەوەیه كه له سەرەتادا هەموو خزمەتگوزاییەكان به خۆڕایین.