لێكۆڵەرێكی بواری IT بوو به خاوەنی خەڵاتی Levi (Levi- priset): پرۆفسۆرێك بە ناوی Bengt Sandblad له زانكۆی ئۆپسلا (Uppsala universitet) كه ماوەی چەند دەیەیه سەرقاڵی لێكۆلینەوەیه له بواری "بەكارهێنانی ئای تی لە شوێنی كار"دا، خەڵاتی Levi- priset ی پێبەخشرا. ناوبراو لێكۆڵینەوەیەكی قووڵی له بواری پێوەندی نێوان مرۆڤ و كومپیۆتەر، كومپیۆتەر لە هزر و بیری ئیمڕۆدا و هەروەها چاكی و خراپییەكانی ئەو ئامرازه لە سەر ژیانی مرۆڤ و ڕەنگدانەوەی "بە كومپیۆتەر كردن"ی شوێنەكانی كار و كاردانەوەیان لە سەر سروشتی شوێنی كاردا كرادووه.
پرۆفسۆری ناوبراو له ئەنجامی لێكۆلینەوەكەیدا گەیشتووەته ئەو باوەڕه كه "بە كومپیۆتەر كردنی شوێنەكانی كار" دەبێته هۆی دروست بوونی كۆسپێك به ناوی IT- Stress له مرۆڤەكاندا. ئەم كێشەیەش لە خۆیدا دەبێته هۆی تەوژم و نەخۆشی، بەڵام ئەگەر ئەو كەسانه له كاتی خۆیدا یارمەتی بدرێن، به جۆرێك كه بتوانن زاڵ بن به سەر ئەو قەیرانەدا، ئەوا شوێنی كارەكان دڵگیرتر دەبن و ئەوانیش له باری دەروونیەوه حاڵیان باشتر دەبێ و هەر بۆیه كاركردنیشیان پێ خۆشتره.
ئەم رۆفسۆره دەڵێ:" كومپیۆتەر و جۆرەكانی دیكەی ئای تی بۆ ئەوه بەرهەم هاتوون كه یارمەتیمان بدەن ـ نەك ئازارمان بدەن."
جێگای سرنجه كه ئەم خەڵاته نرخەكەی 50000 كرۆنی سویدییە و هەموو ساڵێك له لایە كۆمەڵەی موهەندسەكانەوه، وەك پشتیوانی و هاندەرێك دەدرێ بەو كەسانەی كه له خوێندنگه و زانكۆكاندا له بواری "سروشتی شوێنی كار" دا لێكۆلینەوه دەكەن.