وێبلاگنووسێكی ئێرانی 2 ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕایەوه.: به پێی ئەو هەواڵەی كه له بەشی فارسی ماڵپەڕی بی بی سی دا بڵاو بووەتەوه، وێبلاگنووسێكی لاوی ئێرانی به ناوی مجتبی سمیعینژاد كه ماوەی 7 مانگ پێش ئێستا گیرابوو، به گوتەی پارێزەرەكەی دیسان 2 ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕاوەتەوه. تاوانەكەش ئەوەیه كه له وێبلاگەكەیدا "سووكایەتی" به عەلی خامنەای ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه...
بە پێی یاسا له ئێراندا هەركەس به هەر شێوەیەك "سووكایەتی" به آيت الله خمينی و یان ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بكا، له 6 مانگ تاكوو 2 ساڵ بەندیخانەی بۆ دەبڕێتەوه. دادگا بەرزترین سنووری سزای ئەم یاسایه بۆ ئەو لاوه بڕیوەتەوه...
به پێی ماددەی 513 ی یاسای سزای ئیسلامی له ئێراندا، هەر كەسێك به "پیرۆزیەكانی ئیسلام" یان هەر یەك له پێغەمبەرانی دینەكان و ئیمامەكانی شێعه سووكایەتی بكا، بۆ ماوەی 1 تا 5 ساڵ بەندیخانەی بۆ دەبڕێتەوه. بەڵام ئەگەر " مشمول حکم ساب النبی" (جنێودەر به پێغەمبەر) بێ، ئەوا ئیعدام دەكرێ.
جاری پێشوو كه ناوبراو گیرا، وێبلاگنووسانی ئێرانی بۆ پشتیوانی لە ئەو، ئیمزا و تۆماری ئینترنێتی زۆریان كۆكردەوه.
شایانی باسه كه ئەم لاوه 25 ساڵ تەمەنیەتی و خوێندكاری بەشی زانستی پێوەندیەكانه، یادداشتەكانی خۆی به ناوی "مدیار" دەنووسی... جاری پێشوو به هۆی ئەوەی كه هەواڵی گیرانی 3 وێبلاگنووسی له وێبلاگەكەیدا بڵاو كردەوه، گیرا... دەڵێن ناوبراو 88 ڕۆژ له بەندیخانەدا له ژووری تاكەكەسیدا ماوەتەوه.
وێبلاگی پێشووی مجتبی سمیعینژاد، بە ناوی "من نه منم" لە بەر ئەوه له ماوەی بەندكرانی پێشوویدا وشەی تێپەڕ بوونەكەی لێ دەركەوتووه، ئیتر لەو كاتەوه كونترۆڵی وێبلاگەكەی له دەستی ئەمدا نەماوه.