چەند بردەبردێکی کۆتایی ساڵ: ئەگەر ئاوڕێک لەم ساڵە بدەینەوە و هەندێک له ڕووداوەکانی بخەینەوە ڕوو، لەوانەیە بتوانین ناوی بنێین ساڵی MyDoom، ئەو کرمەی سەری لە ئێمە و مایکرۆسۆفت شێواندبوو. یان ساڵی وێنە ڕەنگاو ڕەنگەکانی مەریخ کە NASA توانی بەهۆی Spirit ی ئەستێرەی دەستکرد بیانگرێت.
ساڵی AMD و بڵاوکردنەوەی پرۆسێسۆری 64بت.
ساڵی گووگڵ بە زمانی کوردی و هەواڵە دڵتەزێنەکانی تەقینەوەکانی هەولێر.
ساڵێکی پڕ لە کرم؛ NetSky.B و Bagle و Sasser و دەیانی تر. ساڵی گووگڵ و سندووقە 1 گیگابایتییەکەی Gmail.
ساڵی ماڵئاوایی کردنی SHIFT+H یان ساڵی SP2 بو ویندۆزی XP.
ئەی دێتەوە بیرتان ئەو کوڕەی بەدوا کەسێک دەگەڕا بیخنکێنێت؟
درێژە.
لەوانەیە ساڵی داهاتوو زۆر جیاواز نەبێت، هەرچەندە Firfox دەکرێت شوێنی Internet Explorer لەق بکات. لەوانەشە ساڵی کرم و ڤایرۆسی تەلەفۆنە مۆبایلەکان بێت.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە هیوادارین حکوومەتی هەرێم بە رەسمی وەک هەرێمێکی فیدیرال داوای دۆمەینی KU بکات، بەخوا فرۆشتنەوەی دۆمەینەکان پارەیەکی باشی تێدایە.
ساڵی گەشەکردنی IT لە ناو کوردستان، هیوادارین میری کوردستان هیچ پرۆگرامێک نەکڕێت پشتیوانی تەواوی زمانی کوردی نەکات.
بیستوومە بۆ زانکۆی هەولێر خەریکن هەزاران کۆمپیوتەر دابین دەکەن، هەمووی ویندۆز. ناتوانن بە ماکرۆهین بڵێن ئێمە پێویستیمان بە زمانی کوردی هەیە؟ بیستووشمە داوای DELL یان کردووه، وادەزانن کراسی Armani ـیە.
دیارە ئەم ساڵ میری دەبێت وشیار تر بێت، هەر کۆنتراکتێک دەبێت بەرامبەر بە خزمەتێکی گەل بێت. (ئەمە تەنها خەونێکە).
هیوادارین ئەمساڵ بتوانین کەلێنی درووستبووی نێوان ئنتەرنێتی سۆرانی و کرمانجی کەمتربکەینەوە. بەڵام پێش هەموو شتێک هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی Kurditgroup.
ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز، هیوادارم لە کاتی ساڵ نوێ بوونەوە لە باوەشی خۆشەویستەکانتان بن. ئەوەی وەکوو منیشه، هەر گوێشی مەدەری.