کرێ پاسەکەم لە مۆبایلەکەم ببڕە!: مۆبایل بەم زوانە بۆی هەیە ببێت بە بلیتی پاسیش، لە هەنگاوێکی کۆمپانیای نۆکیادا بۆ تاقی کردنەوەی سیستمی بلیتی بێسیم بۆ پاسەکانی ئەڵمانیا بە نیازن جۆرە سیستمێکی کرێ پاس لەڕێگای مۆبایلەوە دابهێنن!
سەرەتای ساڵی داهاتوو، گەشتیارانی هاناوی نزیک فرانکفۆرت ئەتوانن مۆبایلەکانیان بەکار بهێنن بۆ دانی پارەی پاس، لەڕێگای خوێنەرەوەیەکی کارت کەوا هەم ئاهەنگ بێت لەگەڵ سیم کارتی بەکارهێنەر.
گەشتیاران پێویستیان بە نۆکیای 3220 ئەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم جۆرە تەکنۆلۆجیایە، ئەم سیستمە نوێیە ڕیزی پاس کەم ئەکاتەوەو کارەکان خێراتر ئەکات، بە قسەی ووتەبێژێکی نۆکیا.
گەورە کۆمپانیای مۆبایل نۆکیا لەگەڵ گەورە کۆمپانیای ئەلیکترۆنیک فیلیپس لە گفتووگۆدان تا فیلیپس جۆرە تەکنۆلۆجیایەک بداتە نۆکیا کەوا بگونجێت لەگەڵ ئەو سیستمەی لە ناو پاسەکانی هاناودا بەکار ئەهێنرێت.
هەر لەو ڕووەوە وا چاوەڕوان ئەکرێ لەمەولا مۆبایل بۆ زۆر مەبەستی دیکە بەکار بهێنرێت جگە لە ئەرکە گرنگ و بەپێزەکەی خۆی، وەرگرتنی زانیاری و کاتی ئەو پاسانەو زۆرشتی دیکەش ئەتوانرێ لە ڕێگای مۆبایلەوە لەبەردەستدا بێت.
بی بی سی