سیستەمێك كار بۆ قوتابیان ئاسان دەكا: دوێنێ 16.09.2004 لە كەناڵی
كوردسات بەڕێزێك بەناوی "هەڵگورد" كە قوتابی زانكۆی سلێمانییە، پرۆژەی سیتەمێكی پێشنیار كرد. سیستەمەكە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەبێت و، یارمەتی قوتابیانی دەرچووانی شەشەمی ئامادەیی دەدات لەمەڕ چۆنێتی چوونیان بەرەو زانكۆ و پەیمانگاكان، هەروەها سیستەمەكە ئاسانكاریی دەكات بۆ قوتابیان لە ڕێی ڕوونكردنەوە و ڕێنومایی تەواو بۆ چۆنێتی گۆڕینی زانكۆ و دابەزاندن و بەرزكردنەوەی دژەبڕیار..هتد.
ناوبراو پرۆژەكەی بە بەرنامەی فرۆنت پەیج و جاڤا سكریبت دروست كردبوو و، پرۆتۆتایپێكی نمایش كرد لە بەرنامەكەدا، كە ڕەنج سەنگاوی پێشكەشكەری بوو. شایەنی باسە پرۆژەكە بایەخی خۆی هەیە و دەستخۆشی لە "هەڵگورد" دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە، جێی سەرنجە كە بەڕێزیان ناوی بنكەی زانیاریی database و شێوازی پاراستنی security نەبرد، پاش ئەوەی كە لاپەڕەكە لە وێبدا دەكەیتەوە و، دەچیتە ناو بەكاربردنی سیستەمەكەوە، هەموو ناو و زانیاریی قوتابییەكان لەپەڕەیەكی html دا پیشاندەدرێت، تاكوو ناوی خۆت بدۆزیتەوە، شوێنێكی ئامادەكردووه لەهەمان لاپەڕەدا تیایدا قوتابی ژمارەی خۆی دەنووسێت و بەكرتە كردنی دوگمەی تەنیشتی باز دەداتە ئەوشوێنەی كە زانیاریی قوتاببیەكەی تیایە (ناو، ژمارە، تێكڕایی، قوتابخانە..هتد)..
من وا تێگەیشتم جاڤا سكریپتەكان تەنها بۆ جوانكاریی دەقی سەر ماوسەكە و، پێدانی جووڵە بەكاربرابوو لە سیستەمەكەیدا، هێندەش گرنگی بە جووڵەی دەقەكان دابوو گرنگی بە ئاسان بەكاربردنی پرۆژەكە نەدابوو، هەموو كات دەبوا بگەڕایتایەتەوە سەر پەڕەی سەرەتا تاكوو كردارێكی دیكە هەڵبژێریت..
بوونی پرۆژەیەكی وا كاتێك سەردەگرێت، كە بنكەیەكی زانیاریی ڕێكوپێكی هەبێت، نەك تەنها بۆ قوتابییەكان بەڵكوو بۆ ئەوانەش كە بەڕێوبەرن و كاری تۆماركردنی ناوەكان لە ئەستۆیاندایە، جیاكردنەوەی پارێزگا و ناوچەكانیش هیچ پێویست ناكات هەبێت، چونكە هەر قوتابی و ژمارەیەكی تایبەتی خۆی هەیە دووبارە نابێتەوە!
دووباره دەستخۆشی لە كاك هەڵگورد دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم، سوپاس بۆ كاك ڕەنج سەنگاوی كە بەرنامەی پڕ بایەخ ئامادە دەكات.