دەستخۆشی: دەزانم ئێرە بەشی هەواڵەکانە، بەڵام دەشکرێ ناوبەناو بابەتێک بخرێتە ڕوو کە بۆ هەموو لایەک گرنگ بێت.
زۆر جار، کە سەردانی ماڵپەڕێکی کوردی دەکەیت، دەبینیت دەفتەری میوانان دانراوە. باشە هەرچەندە دەفتەری میوانان کەم و کووڕی زۆری هەیە لە گەیاندنی بیروڕای میوان بە بەڕێوەبەران، بەڵام ئەگەر هیچ نەبێت شوێنێکە بۆ نووسینی بیروڕایەک.
دیاره دەفتەری میوانان، مۆدەی نەماوە، ئێستا زیاتر وا باوە، لە هەموو شوێنێکی ماڵپەڕ، میوان توانای کۆمێنت نووسینی هەبێت. ئەمە شتێک بوو لەسەرەتاکانی ئنتەرنێت و ئێمەش دەبێت خۆمان بگونجێنین. دەفتەری میوان بناغەی سەرەکی سایت نییە، هەرچەندە لە کوردەواری بۆتە بەشێکی سەرەکی.
بەهەرحاڵ، دەفتەری میوانانی سایتەکوردییەکان، لە دەستخۆشی بەولاوە هیچی تری تێدانیە. هەندێک جار، سایتەکە ئەوەندە ناشیرین و بڵحە، شایانی سەردانیش نییە، بەڵام لە دەفتەری میوانان دا، کۆمەڵێک دەستخۆشی و بەقوربانتبم دەخوێنیتەوه، بۆ نمووونە:
- \"dast khiosh bo aw kara jwanana heway barhamae zyatre bo dakhwazm\"
- \"ئە م سایتە خزمە ته کی گە و رە یه بۆ کورد\"
ئایا ڕاستگۆیی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری سایتێک شوورەییە؟ نا، دەڵێن ڕەخنەی ڕووخێنەر باش نییە. بۆ باش نییه؟ باشتر نییە لە هەڵخەڵەتاندن؟
خۆزگە، مرۆڤ پێش ئەوەی سایت(ماڵپەڕ)ـێکی درووست دەکرد، پرسیاری لە خۆی دەکرد: ئەم سایتە (بــــۆ) درووست دەکەم؟