چاوپێکەوتنێک:  زۆرجار وەک میوانی سایتێک کە ڕۆژانە سەردانی دەکەیت، لەوانەیە لەخۆت بپرسیت، باشە دەبێت بەڕێوەبەری ئەم سایتە چۆن بیربکاتەوە، یاخود کێشەو گرفتەکانی چین؟
بۆ ئێمە لە Kurd IT Group ـیش زۆر گرنگە بزانین تا چ ڕادەیەک دەتوانین چ ڕۆلێک ببینین. بۆیە هەوڵ دەدەین ناوبەناو چاوپێکەوتنێک سازبکەین لەگەڵ بەڕێوەبەری سایتێک. میوانی ئەم یەکەم جارەمان بەڕێز \'مەجید ئەحمەدی\' سایتی دیمانه‌یە، کە دەمێکە لە نزیکەوە شارەزای ئنتەرنێتی کوردییەو بە ئەوپەڕی سنگ فراوانی وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە، زۆر سوپاسی بەڕێزیان دەکەین.

o پێناسەیەکی کورتی دیمانە. کەی؟ کێ؟
● له 2000دا Dimane.com هاته ئینتەرنێتەوه. هەتا 2003 تەنیا هەڵگری كۆمەڵێك بابەتی ئەدەبی و مێژوویی كورد به زمانەكانی كوردی و سویدی بوو و وەك ماڵپەڕێكی تاكەكەس بەڕێوەدەچوو. له مانگی ئەپریلی 2003دا به شێوەی گۆڤارێكی ئینتەرنێتی هاته بەردەستی خوێنەر.
بەڕێوەبردنی بەشی تەكنیكی ماڵپەڕ خۆمم، بەڵام بەرهەمەكانی دیمانه له نووسینی نووسەرانی كورد و وەرگێڕانی بابەتی بیانی پێكدێت. بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی كارەكان، گروپێكی بەڕێوەبەریی هەیه.
o بەڕای بەڕێزتان، سایتە کوردییەکان تا چ ڕادەیەک خزمەتی خوێنەر دەکەن؟
● هەر كەس خۆی دەزانێ چەندەی خزمەت له ماڵپەڕەكانەوه پێدەگات. واته كەسێكی ناشارەزای ئینتەرنێت كه دێته نێو ماڵپەڕی بۆ نموونه \"كورد ئایتی گرووپ\"، ئەگەر نەزانێ ئەو كەرەسته و خزمەتانەی كه ئێوه خستووتانەته بەردەستی خەڵك بەكار بهێنێ، له ڕوانگەی خۆیەوه هیچ خزمەتێكی لەلایەن ئەو ماڵپەڕەوه پێ نەگەیشتووه. كەواته مرۆڤ بەپێی ئاستی تێگەیشتوویی خۆی دەتوانێ خزمەتەكانی نێو ماڵپەڕه كوردییەكان هەڵسەنگێنێ. ئەمه ئەوه دەگەیێنێ كه زۆرینەیەك له خەڵك بەپێی ویستی خۆی، ئەوەی ئارەزووی دەكات پێیدەگات، لەكاتێكدا هەردەم كەسانێك هەن كه چاوەڕوانی زیاتریان هەیه، ئەوانه كەسانێكن كه ئاستی زانیارییان له جیهانی ئینتەرنێتدا بەرزتره و ئەو زانیارییه بەرزه وەها دەكات چاوەڕوانی زیاتریان له ماڵپەڕی كوردی هەبێت. به پێوانەی ئەو كەسانه، ماڵپەڕی كوردی خزمەتی بەرچاوی بۆ كورد تێدا نییه.
o باشە وەک بەڕێوەبەری ماڵپەڕ، کێشە ڕۆژانەکانی بەڕێوەبردن چین، ئەگەر هەبن؟
● ئێمه له دیمانەدا نوێترین و پیشكەوتووترین كەرەستەی ماڵپەڕمان خستۆته بەردەستی نووسەران و خوێنەران، واته نووسەر دەتوانێ به تۆماركردنی ناوی خۆی و چوونەژوور بۆ بەشی نووسین له ماڵپەڕەكەدا، ڕاستەوخۆ بابەتەكەی بنووسێت و به چركاندنی دوگمەیەك بەڕێی بكات. بۆ نووسینی بابەت له دیمانەدا پێویست به داگرتنی هیچ جۆره پرۆگرامێكی نووسین ناكات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیسان بەهۆی نامۆیی و نائاشنایی نووسەرانی كورد بەم جۆره كەرەستانه، بەشێك له نووسەرەكان ناتوانن وەكو پێویست بەكاری بهێنن، بۆیه نووسینەكانیان به فایل له ڕێگەی ئیمەیلەوه دەنێرن كه دواتر بەشی دانان و وەرگێڕان له فۆنتەكانی دیكەوه بۆ فۆنتی یونیكۆود دێته سەر خۆمان.
o بەڕێزتان دەمێکە سایت بەڕێوەدەبەن، دەتوانن بە شێوەیەکی گشتی \'ئنتەرنێتی کوردی\'، هەڵسەنگێنن؟
● وەك له هەموو بوارەكانی تری ژیاندا ساواین، له بواری ئینتەرنێتیشدا لاوازین. كورد هێشتا ئینتەرنێت بۆ چەند پێداویستی سنووردار بەكاردەهێنێت، واته نووسین و ئالبوومی وێنه و دانانی چەند گۆرانی به چۆنیەتییەكی خراپەوه و له ئاستێكی ساكاردا و هەروەها چوونه Paltalk. خۆ ئەگەر نووسینەكانیش له بواره جۆراوجۆرەكانی پێوەندیدار به ژیانی ڕۆژانه بوونایه دەكرا بێژین چەند قۆناغێكمان بڕیوه، بەڵام بەداخەوه وا نییه. نووسینەكان ئەگەر به ڕێژەی لەسەدا بژمێرین، به باوەڕی من نزیك به 50% سیاسین، 40% ئەدەبین و 10% بۆ گشت بابەتەكانی تر. تۆ به زمانەكانی تر له دوای هەر شتێك بگەڕێی، به نووسینی وشەیەك به سەدان ماڵپەڕت دێته بەردەست كه پێوەندی بەو وشەوه هەیه تۆ لێی گەڕاوی. بەڵام ماڵپەڕی كوردی تەنیا به هۆی چەند وشەوه دێنه ڕوو. مرۆڤ ناتوانێ به نووسینی وشەی بۆ نموونه ئاو ماڵپەڕێكی كوردی كه زانیاری لەمەڕ ئاو تێدا بێت بدۆزێتەوه، له كاتێكدا له زمانەكانی تردا ئاوها نییه. من دەبینم گەنجی كورد هەن كه له بواری ئینتەرنێتدا زۆر هاتوونەته پێش، بەڵام بەداخەوه لەنێو خەڵكی كورددا نەریتێكی ناڕەوا هەیه، ئەویش ئەوەیه كه كاتێك مرۆڤێكی زۆر زیرەك له بوارێكدا هەڵدەكەوێت، نایەت ئەو زیرەكی و زانیارییەی لەپێناوی نەتەوەكەی خۆیدا بەكاربێنێ، بەڵكو لەنێو نەتەوەكانی تردا دەتوێتەوه و خزمەتەكه بەوان دەگەیێنێت. به گشتی دەتوانم بڵێم ئینتەرنێتی كوردی یانی گۆڤاری سیاسی و ئەدەبی و چوونه Paltalk.
o ئایا بۆ سایتە کوردییەکان ئەو ڕێڕەوەی ئێستایان وەرگرتووە؟ یاخود با بڵێین، دەتوانین پێناسەی \'سایتی کوردی\' بکەین؟
● كورد زیاتر لاسایی خۆی دەكاتەوه هەتا نەتەوەكانی تر! بۆ نموونه دانانی ئاڵای كوردستان له ڕاست و چەپی ماڵپەڕەكاندا و دوو كۆتری سپی له هەڵفڕیندا و وێنه و وردەواڵەی جووڵەجووڵ له زۆربەی ماڵپەڕه كوردییەكاندا دەبیندرێن، ئەمه لاسایی كردنەوه له یەكتر نییه؟ ئێستا لەگەڵ ئەوەشدا كه به سەدان ماڵپەڕی كوردیمان هەیه، ناتوانی تەنانەت پێنج ماڵپەڕی كوردی ناو بێنی كه ستاندارد و ڕێسایەكی دیاریكراوی هەبێت. مرۆڤ ناتوانێ لینك بۆ بابەت یان تەنانەت ماڵپەڕێكی كوردی بكات و باوەڕی پێ بێنێ كه ڕۆژێ دواتر ئەم لینكه ماوه و نەمردووه، له كاتێكدا له زمانەكانی تردا بەم شێوەیه نییه؛ تۆ دەتوانی لینك بۆ بابەت یان نووسینی ڕۆژنامەیەك له ماڵپەڕی خۆتدا دابنێی و لێی دڵنیا بی كه بۆ هەمیشه دەمێنێت. تۆ دەپرسی بۆچی ئەم ڕێڕەوەیان گرتووه؟ من دەڵێم بریا ڕێڕەو بوایه، چونكه ڕێڕەو بەو واتایەیه كه ڕێگەیەك هەیه و مرۆڤ دەیگرێتەبەر، بەڵام ئەم شێوه له كاری ماڵپەڕی كوردی خاوەنی هیچ ڕێڕەوێك نییه. جیا له بێ سەروبەری و سەرلێشێواوی ناتوانم ناوێكی دیكەی لێ بنێم. ئەگەریش بپرسین بۆچی وا سەرلێشێواوین، دەبێ بڵێین كاتێك كه بناغەی گشت كارەكانی ترمان به خواروخێچی دانراوه، چۆن دەتوانین له ئینتەرنێتدا كه پێشكەوتووترین كەرەستەی ڕەنگ و دەنگ و پێوەندییه ڕێكوپێك بین؟
o بۆ زۆربەی سایتە کوردییەکان گشتین؟ بۆ سایتی تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو زۆر دەگمەنە؟
● ئەم كەمایەسییه تەنیا له ئینتەرنێتدا نییه، بەڵكو له كتێبخانەكانیشماندا بەرچاوه. كاتێك له كتێبخانەی كوردیدا له سێ دۆڵابدا دوانیان سیاسی و سێیەمینیان ئەدەبی، چۆن دەتوانین ماڵپەڕی هەمه چەشنەمان هەبێت؟ هەركات كتێبخانەكانمان بابەتی تریان جگه له سیاسەت و ئەدەب هاته نێو، ماڵپەڕەكانیشمان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.
o سەردانی سایتێکی سیاسی دەکەیت، لەپڕ دەبینیت لینک بۆ داگرتنی موزیک دانراوه، هۆی ئەم تێکەڵداییە چییە؟
● ئەگەر ماڵپەڕێكی كوردی كه له سیاسەت دەدوێت له نێوەرۆكی خۆیدا دەوڵەمەند بێت و بەردەوام به شێوەیەكی رێكوپێك و بێ پسانەوه نوێ بكرێتەوه و بابەتی بەپێزی سیاسی بخاته بەرچاوی خوێنەر، پەنا ناباته بەر گۆرانی و وێنه به مەبەستی لەدەستنەدانی میوانەكانی. ماڵپەڕی ڕۆژنامەیەكی وڵاتێكی ئەوروپی له كاتێكدا كارەكەی دانانی هەواڵ و دەنگوباسه، قەت ڤیدیۆكلیپی سەربڕینی مرۆڤ وەك هەواڵ دانانێت، بەڵكو تەنیا هەواڵەكه به وێنەیەكی بچووكەوه دادەنێت، كەچی له ماڵپەڕی كوردیدا كه تەنانەت ڕۆژنامەش نییه، دەبینی تەواوی ڤیدیۆكلیپی سەربڕینی دەسكیسی ئیسلامییەكان دادەنێت. گشت ئەم كەمایەسییانه دەگەڕێنەوه بۆ دواكەوتوویی و ناشارەزاییمان.
o بۆ ژمارەی سایتەکانی ناو-وڵات وا کەمە؟
● ئینتەرنێت بەو شێوه بەربڵاوه كه له وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا هەیه، له وڵاتانی بەناو جیهانی سێیەم نییه، بەتایبەت وڵاتانی هەڵكەوتوو له ڕۆژهەڵاتی ناویندا كه هەموو بەشه داگیركراوەكانی كوردستانیان تێدا هەڵكەوتووه. له ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێشتا ئابوونەی ئینتەرنێت بۆ ماڵەكان به شێوەیەكی بەربڵاو نییه، خەڵك بۆ خۆگرێدان به ئینتەرنێت له كارت كەڵك وەردەگرن و به بڕی ئەو دراوەی به كارتەكه دراوه، بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەتوانن بێنه نێو ئینتەرنێتەوه. بەم حاڵه كوا دەتوانن ماڵپەڕ بكەنەوه؟
o ئەگەر سەیری سایتی Kurdland بکەیت، وەک شوێنێکی باش بۆ دۆزینەوەی زۆربەی سایتە کوردییەکان و بە ئاسانی لینکی بۆ هەموویان کردووە‌، بۆت دەردەکەوێت سایتی کوردی تا چ ڕادەیەک لاواز و بێسووده. هەرچەندە بەڕای من زۆربەیان شایانی لینک پێدانان نین، بە ڕای ئێوه، هۆی ئەم لاوازییە چییه؟
● هۆی بەشێكی لاوازی ماڵپەڕی كوردیم له وەڵامەكانی پێشتردا ئاماژه پێكرد. بەڵام بەشێكی گرنگی لاوازی ماڵپەڕی كوردی به باوەڕی من دەگەڕێتەوه بۆئەوەی كه نزیك به 90%ی ماڵپەڕی كوردی لەلایەن تاكەكەسەوه پێكدێت، واته تەنیا 10% لەلایەن سازیی و دامودەزگاكانەوه دەكرێنەوه. تەنانەت دامودەزگاكانیش، بۆ نموونه ئەگەر ڕێكخراوه سیاسییەكان ناوبەرین، دەبینین لەو بوارەدا بایەخێكی ئەوتۆ به كارەكه نادەن و ئەگەر بۆیان بلوێ لەو كەسانه كەڵك وەردەگرن كه ئەندامی حیزبەكەن و كارەكه بەوان دەكەن و دراوی بۆ خەرج ناكەن. جا ئیتر بەرپرسانی سەرێ بەهۆی تێنەگەیشتنیان له ئینتەرنێت و گرنگی نەدان بەو كەرەسته، له كەمایەسییەكانی نێو ماڵپەڕەكانیان تێناگەن.
o کلیشەیەک هەیە لەناو کورد دا، بنێشتە خۆشەیە، بە هۆی گرنگی دواکەوتنی هەموو بوارەکانی ژیان دادەنرێت؛ ئەویش: نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ. ئایا نەبوونی وڵاتێک تا چ ڕادەیەک ڕێگای لە پيشکەوتنی ئنتەرنێتی کوردی گرتووه؟
● نزیك به 13 ساڵه بەشێك له خاكی كوردستان ئەگەر له سیاسەتیشدا سەربەخۆ نەبێت، لانیكەم له بواری كولتور و چاپەمەنی و مێدیادا سەربەخۆیه، بەڵام ئەم سەربەخۆییه گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بۆ كورد له بواری ئینتەرنێتدا به دیاری نەهێناوه. دەبینی لەگەڵ ئەوەشدا كه هێشتا زۆربەی گرێدانی ئینتەرنێتی لەو بەشەی كوردستاندا له ڕێگەی مۆدێمەوەوه، دیسان نووسین و بابەتەكان به فۆرماتی pdf دادەنرێن. من تێناگەم خەڵك چۆن دەتوانن به مۆدێمێكی خاو تەماشای ئەو ڕۆژنامه كوردییانه بكەن كه ڕۆژانه به فۆرماتی pdf دێنه نێو ئینتەرنێتەوه؟ كورد ئەگەر له هەموو پارچەكانیشدا سەربەخۆ بژی، دیسان كاتێكی زۆری دەوێ لەو نەریته بەزۆر داسەپاوانه ڕزگاری بێت و بەپێی ڕەوتی جیهانی هەنگاو بنێ و خۆی لەگەڵ ڕۆژدا بگونجێنێ.
o باشترین سایت، بەڕای ئێوە؟ مەرج نییه کوردی بێت.
● ناتوانم ماڵپەڕێك وەك باشترین ناوبێنم، چونكه له هەموو بوارەكاندا ماڵپە‌ڕی باش زۆر هەن. ئەگەریش له هەر چەشنه ناوێك بێنم، زۆر دەبن.
o سایتێک هەموو ڕۆژێک سەردانی بکەیت. مەرج نییه کوردی بێت.
● kurditgroup.org ،BBC وhotscripts.com.
o ئەگەر وەک خەونێک ڕێگات پێ بدرێت بە کەیفی خۆت سایتێک بە ڕێوەببەیت، کام سایت هەڵدەبژێریت؟ (مەرج نییە کوردی بێت).
● چوونكه دیمانه بەڕێوەدەبەم، لەوەناچێ وەك بەڕێوەبردنی ماڵپەڕێكی تر بۆم وەك خەونێك وابێت، بەڵام حەزم دەكرد بەشی كوردیش له BBCدا هەبوایه و تێیدا كارم بكردایه. بەڵام ئێستا له دیمانەدا بەشێك له ئارەزووەكانم وەدی دێن.
o دوا گۆرانی لە ئنتەرنێت داتگرتبێت کامەیە؟
● لەمێژه گۆرانیم دانەگرتووه، لەبیرم نایەت دوایین جار كام گۆرانیم داگرت!
o لاپەڕەی دەستپێکی ئنتەرنێتت چییە؟
● ئەگەر دیمانه نەبوایه، كورد ئای تی گروپ دەبوو.
o داهاتوو چۆن دەبینن؟
● داهاتووی ئینتەرەنێتی كوردی زۆر گەش نابینم، چونكه كورد له ئینتەرنێتدا زۆر به خاوی دەچێته پێش. ئەم خاوچوونەپێشه وەها دەكات ماڵپەڕەكانمان هەردەم لەدوای ماڵپەڕه پێشكەوتووەكانەوه بن. ئێمه كه ناتوانین له بواری ئینتەرنێتدا داهێنانمان هەبێت، تەنانەت ناتوانین له داهێنانی نەتەوەكانی تر كەڵك وەربگرین.
o دوا وشە؟
● تكایه با واز له pdf و عەلی فۆنت و دیلانان بێنین و ڕوو بكەینه یونیكۆود! ئێمه ئێستا گووگڵ‌مان به كوردی هەیه، بەڵام لەگەڵ هەبوونی هەزاران لاپەڕەی pdfی كوردی، یەكێكیشیان له گووگڵدا نایەنه ڕوو. بەڵام ئەو ماڵپەڕانەی به یونیكۆود بابەتەكانیان دەنووسن نەك هەر خێرا دێنه ڕوو، بەڵكو جێگا ناگرن و تەنانەت به نووسینی وشەیەك له گووگڵ و یاهوو یان شوێنەكانی تردا دێنه بەرچاوی خوێنەر. ئارەزووی سەركەوتن و پێشكەوتنی هەرچی زیاتر بۆ ماڵپەڕی كوردی دەكەم.


Banners


Publish News

Community

Learn PHP

Adsense


Empty

 







 

 

چەند پرۆگرامێکی بەسوود

7zip , IrfanView , AntiVir , 
Minimo , Gimp , Drupal , 
Debian , Apache , PHP , 
Mysql , XAMPP , Lighthttpd , 
Emacs , Notepad2

Short News

 

  Opera 9.6 خێراتر له‌گه‌ڵ هه‌ندێ گۆڕانکاری و تشتی نوێ!
وێبگه‌ڕی Opera 9.6 له وه‌شانی نوێی خۆدا وێڕای به خێراکردنی‌ ، تۆزێ گۆڕانکاری و تشتی ناسک و نوێ پێشکێش ده‌کات وه‌کوو Opera Link ،Feed Preview، و ...


  نوێترین فیلم ببینه‌ به‌خۆڕایی
له ماڵپه‌ڕی The pirate City دا ده‌توانن به‌ خۆڕایی فیلمه‌ نوێیه‌کان ببینن وه‌کوو ‌Hancock,Iron Man,Mamma Mia,Kung Fu Panda و زۆریتر.


  وه‌شــــانی تاقیگاری Ubuntu 8.10
له‌داهاتویه‌کی نزیکدا وه‌شانی ته‌واوی ئوبنتو بڵاو ده‌بێته‌وه ( Ubuntu 8.10) ئه‌گه‌ر ‌ ‌ توانای چاوه‌ڕیکردنت نییه‌ ئه‌وه‌ ده‌توانی ئه‌م وه‌شانه‌ تاقیبکه‌یته‌وه‌.


  Gimp 2.6 وه‌شانی نوێ
پرۆگرامێکی خۆڕایی وێنه‌یه‌ وه‌ک فۆتۆشۆپ ، وه‌ زۆر ده‌وڵمه‌نه‌ده‌ به‌ کرداری جوان " Function " و زۆر گۆڕانکاری چاکسازی له‌م وه‌شانه‌دا کراوه‌.