ژیانی ناو تۆڕ: هیچ كاتێك باوەڕم نەكردووه ژیانی ئنتەرنێت جیاواز بێت له ژیانی ڕۆژانە. بۆیه باوەڕیشم كردووه هەموو یاسا مرۆڤییەكانی سەر گۆی زەمین له ناو تۆڕیش دەبێت پارێزراوبن. سەیره و سەیریش نییه، مرۆڤێك بێت له شوێن خۆی، خۆی به عەنتەر دابنێت و پێی وابێت ئەگەر هەڵ و مەرج به كەیفی ئەم نەبوو، بۆی هەیه دونیا تێكبدات، وابزانم ئێمەی كوردیش زیاتر لەگەلانی تر قوڕبەسەریمان بەدەست ئەم جۆره ڕەفتارانه دیوه.
لەوانەیه نەزانیت باسی چی دەكەم لەوانەشه بزانیت، ئەوەنده نەبێت كه مرۆڤی ئەمڕۆ وەك مرۆڤی دوێنێ نییه. قسەیەك لێرەدەكەیت لەوانەیه دوای چەند سەعاتێك بۆ سەدان زمان وەربگێڕدرێت، ژیانی ناو ئنتەرنێت كەمێك خێراتره.
باوەڕناكەم كەس له ئێمه كەسێكی تری خۆش نەویستبێت، یان دوو سێ جار دڵی نەشكا بێت، گرنگ نییه، ئەگەر ژیان هەمووی خۆشی بێت ئێستا وازی لێ دێنم. گرنگ ڕێزگرتنه له موقەدەس ترین شت كه مرۆڤێكی ئازاد هەیبێت ئەویش؛ شته تایبەتییەكانییەتی، كه نه تۆ پێویست دەكات بیانزانیت نه هیچ كەسێكی تریش.
باوەڕیشم به ئیدیالیسم نییه، من نه كێنێدیم و نه لوتەر كینگ، بەڵام باوەڕناكەم ڕۆژێك له ڕۆژان به هەڵكەوتیش چاوم له شتی تایبەت به خەڵكی تر كردبێت.
هەندێ هەڵه هەن پێویستییان به دوو كەس هەیه بۆ ئەنجام دانیان. ئەگەر كچێكم لەسەر ئنتەرنێت خۆشویست و رەسمی خۆی بۆ ناردم، دوایی لەیەك جیابووینەوه، منیش دەست بەجێ رەسمەكانیم لێره بڵاوكردە، ئەم كاره دەبێت چەندی به چەند بێت؟
بڵاوكردنەوەی شتێكی وا باوەڕناكەم هیچ جۆره هونەرێك بێت. هەرچەنده وشیاری و ئاگاداری كەسی بەرامبەر پێویسته، پێویست ناكات هەموو جۆره شتێكیش بۆ كەسێكی بێگانه بنێرین.
وەرن با یەكتر هاك بكەین، باوەڕناكەم له زەرەر بەولاوه هیچ سوودێكی هەبێت.
دیاره ئێستا تێدەگەیت مەبەستم چییه. هیچ كەسێكیش نییه لە سەر ئنتەرنێت ئاشكرانەبێت.
گریمان، تۆم هاك كردووەو شتی تایبەتی تۆم له سایتێك بڵاوكردۆتەوه، باوەڕدەكەیت بتوانم ئاشكرانەبم؟ ژمارەی ئای.پی. ئاشكرایه، بۆ دۆمەین و شوێنی دانانی فایلەكان و كاتی بڵاوكردنەوه و زۆر شوێنی تر، بە پێی یاساش ئەم زانیارییه له كاتی پێویست به ناچاری به دادگا دەبەخشرێت.
ئەوه مەیدان و ئەوەش قەیتان، زەمانی فس فس پاڵەوان نەماوه و یەكتر باش دەناسین، هیوادارم له داهاتوو حورمەتی تایبەتییەكانی یەكتر بپارێزین ئەگەرنا بتوانین هەموو تەڵەمشكێك نەمانگرێت، ئەوەی عاقڵیش بێت دەزانێت مەبەستم چییه.