ئۆفیسی 2003: كاتێ وەشانێكی نوێی ئۆفیس بڵاودەبێتەوه، پرسیار له خۆمان دەكەین، ئایا دەبێت گۆڕانكارییەكان چی بن و سوودەكانی به تایبەتی بۆ خۆم چی بن. بەڕای ئێمه زۆر لەو گۆڕانكارییانەی دوای وەشانی حەوتی ئۆفیس، بۆ بەكارهێنەرێكی ئاسایی بێسوودن و كات و پاره به فیڕۆدانه. ئێستا لەم ڕۆژانه، 21 ی ئۆكتۆبەر، ئۆفیسی 2003 بڵاودەبێتەوه و گۆڕانی فرەمەزنی بەسەرداهاتووه. با سەیرێكی هەندێ لەم گۆڕانكارییانه بكەین:
• پێویسته لەسەر كۆمپیوتەرەكەت ویندۆزی 2000 ـی سەرووی SP3 هەبێت و واباشتره ئەگەر ویندۆزەكه XP بێت، كەواته دەگەڵ 9X كاراناكات.
• به ئاسانی زانیاری به شێوەی XML هەڵدەگرێت.
• چەند كەسێك بەیەكەوەو له هەمان كاتدا دەتوانن دەستكاری هەمان فایل بكەن، له ڕێگای تۆڕێكی ناوەكی.
• فایلەكان دەكرێ كلیل بدرێن و خۆت ئەوانه دەستنیشان بكەیت كه مافی كردنەوه یان گۆڕانكارییان هەیه.
لەبەر ئەم 3 هۆیانەی دواوه، بۆ زۆر له كۆمپانیاكانی جیهان، بەكارهێنانی ئۆفیسی 2003 كارێكی زۆر پێویست دەبێت و هەنگاوێكی ئاسانكەره.
بەڵام با بزانین كارێكی وا چەندی پێویسته. گریمان كۆمپانیایێكمان هەیه كه 25 كەس تیایدا كاردەكەن:
• بۆ نوێكردنەوەی ئۆفیسێكی كۆن: 10000€
• بۆ ئەوەی بەیەكەوه بتوانین لەسەر هەمان فایل كاربكەین دەبێت Windows 2003 Enterprise Server به نرخی 2400€ و SharePoint Server به نرخی 7050€ بكڕین.
• ئەگەر له كۆمپانیا هێشتا ویندۆزی XP بەكارنەهێنین، پێویستیمان به بڕی 3250€ دەبێت بۆ نوێكردنەوەی سیستمەكان.
• كەواتە 22700€ ، ئەی ئەگەر كۆمپانیاكەمان له 400 كەس پێكهاتبێ؟
بەم شێوەیە، چۆن وڵاتانی جیهان واز له بەرهەمەكانی مایكرۆسۆفت ناهێنن؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟