تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

چۆن هەواڵ و بابەتێکی تێر و تەسەڵ ئەنوسرێت؟

zandy

Zandy

بڵاوکراوەتەوە

2011/11/25

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔29۔ )

 

نوسینی بابەت و هەواڵ کارێکی ئاسان نییە و یاسا و ڕێسایی خۆی هەیە، ئینجا ئەگەر بابەتەکە تەکنەلۆجیای زانیاری بێت و سەرچاوەکە زمانێکی تربێت کاری نووسەر قورستریش دەبێت و زانینی چەندزمانێک بەس نییە بۆ نووسینی بابەت و هەوالێ ئایتی، جگە لەوانەش باشترین ڕۆژنامەنووس ، ناتوانێت بابەتێک یا هەواڵێکی تەکنەلۆجیای زانیاری بنوسێت، گەر خۆی شارەزایی لەبواری ئایتی دا نەبێت وبە باشی لەبابەتەکە نەگات.
بۆیە لەخوارەوە لەچەند خاڵێکدا ، چۆنیەتی نوسینی بابەت و هەواڵ ڕووندەکەینەوە، هیوادارم هەموو نووسەرەکانی کوردئایتی گرووپ و نووسەرەکانی مالپەڕەکانی تریش ڕەچاوی بکەن بۆ ئەوەی بابەتەکانیان بەباشترین شێوە بنوسن، مەبەست لەنوسینی ئەم بابەتە لەوە نییە کەنوسەرەکان ئەم زانیاریانەیان نەبێت، بەڵکو بۆ وەبیرهێنانەوە و هاتنی نوسەرە نوێیەکانیشە.
ســـەرچـــــــاوە
بۆ ئەوەی هەواڵێک یا بابەتیک بنوسین پێویستە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و دەوڵمەندمان هەبێت یا بەلایەنی کەمەوە سەرچاوەیەکمان هەبێت، چونکە هەموو سەرچاوەکان جێگای باوەڕنین ، هەمو هەواڵەکان ڕاست و دروست نین بۆیە گرنگە سەرچاوەکە ناسراو جێگای متمانەبێت.
دوای ئەوەی سەرچاوەمان هەبوو، ئەبێت بەووردی بابەتەکە بخوێنینەوەو گرنگترین ڕووداوە گرنگەکان و ناوەکان ژمارەکان ، ڕێزبەند بنوسین تا کۆتایی لەپەڕەیەکی نوێدا.
ســـــــــەردێڕ
لێرەدا ئەبێ بەکورتی ،سەردێڕێک هەڵبژێرین، چونکە سەردێڕەکەیە کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشی بۆ بابەتەکە، مەرجیش نییە، سەردێڕەکە وەکو سەرچاوەکە وەربگڕێین، بۆیە ئەگەر سەردێڕ سەرنج ڕاکێش نەبێت، کەواتە چاوەڕێ مەبە، هەواڵەکەت بخوێنرێتەوە.
پێشـــــــەکی
لێرە ئەبێ بەکورتی دەستبکەین بەسەرەتای نووسین بابەتەکە وەو ئەبی پەیوەندی بەسەردێڕەکەوە هەبێت، هەروەها لێرەشدا ئەبێ زۆر زیرەکانە بنوسی بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەر ڕابکێشی بۆ بەردەوامی لەخوێندنەوەی بابەتەکە.
نــاوەڕٶک
لێرە دەچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەوەو درێژتر باسی ڕووداوەکان دەکەین و نووسەر بواری هەیە پاراوی پێنوسی خۆی پێشانبدات و ڕووداوەکان باسبکات، هەوروەها بوار هەیە بۆ نووسەر تێبینی و بۆچوونی خۆشی بنوسێت، بەڵام نوسەر بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نیە دەستکاری لێدوانی کەسایەتییەکان بکات ، کاتیک وتەبێژێک بۆ BBC دەدوێ ئەبێ نووسەر وەکو خۆی بیگوازێتەوە، یان ئەگەر بەستەرێک دابنێن ، تەنیا ئەو وشەیەی دەمانەوێ بیکەین بە بەستەر دەینووسین و ئیشارەتی ئەکەین ، دوای کرتە لە شەشەم وێنۆچکە (ئایکۆن) لەسەرەوە لەلای چەپ لەپەنجەرەی نوسین ئەکەین و بەستەرەکە کۆپی دەکەین کرتە لە Insert ئەکەین ئیتر وشە ئیشارەتکراوەکە ئەبی بەبەستەر.
ئەگەر ئەم وشانەمان ( کێ، لەکوێ، بۆچی وە کەی ) هەموو کات لەبیربێت و لێی تێبگەین ئەوا هەمووکاتێ بابەتی تێروتەسەل دەنوسین ، لێرە مەبەست لەکێ، ناوی کەسایەتیەکانی بابەتەکەیە، مەبەست لە کوێ، جێگای رووداوەکەیە، مەبەست لە بۆچێ، هۆکارەکان باس دەکەین، مەبەست لە کەی، واتە کەی ئەو شتانە ڕوویانداوە، کەی ئەو ڤایرۆسە بڵاوبۆتە کەی ئەو بەرنامەیە وەشێنراوە یا کەی ئەو تەلەفۆنە دروستکرا و هتد..........
کــۆتایی هێنــان
لێرە ئەبێ بزانین چۆن کۆتایی بە هەواڵەکە یا بابەتەکە دە‌هێنین، بۆ نمونە دەتوانین ئەم وشانە بەکاربهێنن ( شایانی باسە، شایانی وتنە، شایانی ئاماژەپێکردنە، جیگای باسە، جێگای سەرنجە و هتد.....) پاش ئەوە ئەگەر ئامێرێک بێت نرخەکەی و کەی دەنێردرێتە بازاڕەوە ، ئەگەر ڤایرۆسێک بێت، باس دەکەین چۆن چارەسەر دەکرێت و بەم شێوەیە کۆتایی دەهێنین.
تێبینی:-
لەکاتی وەرگێرانی بابەت لەزمانەکانی ترەوە ئەبێ نووسەر سەردانی فەرهەنگی تەکەنلۆجیای زانیاری زاسنتپەروەران بکات، چونکە تاکە فەرهەنگی ئایتییە کەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی کراوە یان فەرهەنگی Dictio ی کوردئایتی گرووپ کە ڕۆژانە دەوڵمەندئەکرێت بەوشەی نوێ.
وەئەگەر نووسەرێک شارەزایی لە دانانی بەستەر و BB-code و HTML- Code نەبێت ، باشترە بابەتەکەی ڕاستەخۆ بڵاونەکاتەوە بینێرێت بۆ پێداچوونەوە و نابێت ڕاستەوخۆ بڵاوی بکاتەوە، یائەگەر نوسەرێک دڵنیا نەبێت لە تەواوی هەواڵەکەی ڕاستەوخۆ بڵاوی نەکاتەوە بەهەمان شێوە بینێرێت بۆ پێداچوونەوە، وە ئەگەر هەر هەوالێکیش هەڵەی زۆری تێدابێت و کاتی زۆری بوێت و یان دووبارەبێت بەداوای لیبوردنەوە بڵاوناکرێتەوە یا لادەبرێت، بەداخەوە ئێمەی کورد دڵمان زۆرناسکە، هیوادارم شتی وا ڕوونەدات، بەڵام گەر ڕوویدا تکایە بەدلێکی فراوانەوە وەریبگرن.
هەروەها لە لاپەڕەی سەرەکی تەنیا بابەت و هەواڵی نوێ بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر بابەتەکەت ئەم مەرجەی نەبوو، ئەتوانیت لە گۆشەی لینک و پرۆگرام بڵاویبکەیتەوە.
لەکۆتـــاییدا هیوادارم هەموو ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەین بۆ جوانترکردنی ماڵەکەتان (کوردئایتی گرووپ).
نوێ و زۆر گرنگ پێوسیتە بیخوێنیتەوە
بۆدانانی نیشانەکانی نوسین وەکو خاڵ، کۆما، کەوان ، نیشانەی پرسیار و هتد............
پاشکۆقەبارە
نیشانەکانی زمانی کوردی.pdf89.15 ک.ب.

بۆچوونەکان

ناوێرم پێشنیاری بەشێکی tutorial بکەم، ئەوکات کە ئەمیش دەچوە ژێر یەکێک لە پۆلێنەکانی taxonomyیەکەی دروپاڵ، بەردۆ باش ئەزانێت کە قودرەتی دروپاڵ لە پۆلێنکردنەکەیدایە، بەڵام ئەزانم 101 ئیشی هەیە. مەجبور ئەم بابەتە یان ئەبێ لە سەکۆ sticky بکرێت، یان ئەچێتە خوارەوە و دیارنامێنێططط!

دەست خۆش کاک زەندی ، بەخوا من تائێستاش کێشەم لەگەڵ BBcode هەیە .

بژین،

سوپاس برادەران، لەڕاستیدا مینش نەمتوانیوە ڕەچاوی ئەوە بکەم.
کاک هیوا@ باوەڕبکە بەتەمابووم لەخوارەوە بنوسم ، هەرکەس لای خۆی بکاتە فاڤۆریت، بۆ ئەوەی ، نوقم نەبێ، بەڵام بیرم چوو، بەڵام بیرۆکەکەی تۆ جوانترە ، یا باشتر وایە ، لەوجێگەی دەتەوێ دەستبکەیت بەهەواڵ نوسین، ئەمە وەکو پەیامێک بێتە پێشەوە، بنوسرێت، پێش نوسینی ، بابەت و هەواڵ ، تکایە ئەم پەیامە بخوێنەرەوە، دوای ئەوە بەناوی کوردئایتی گرووپەبێت باشترە و ناوی کەسی لەسەر نەبێت.
کاک جوتیار @
ئەتوانی ئەم بەستەرە لای خۆت بکەیتە فاڤۆریت، ئیتر، هەمووکات بەردەست ئەبێت.

undefined

دەست خۆش كاكە زندی گیان بەراستی بابەتێكی بەسوودو رازاوەیە بەتایبەت بۆ من .

دەستت خۆش کاک زەندی دیارە کاری جوانت وروژاندووە و وە گرنگترینیان پشت بەستن بەسەرچاوەی بەهێز و متمانەدار
وە خاڵێکی تر ئەوەیە ئێمەى کورد کێشەمان هەیە لەزماندا وە نەمانتوانییوە ببینە خاوەنی زمانێکی یەکگرتوو بەڵام پێویستە نووسەر زیاتر لە گەیاندنی هەواڵەکە گرنگی بەزمانی کوردییەکی پوخت بدات فەرهەنگ ناتوانێت شێوازێکی ئاخاوتنت بۆ دروست بکات کە لە نووسەرێکی باش بچیت بەڵکو هاوکارە بۆ دۆزینەوەى وشەکان ئەوەى پێویستە لە نووسینی بابەت نووسەر دەبێت خۆی شێوازی بابەتەکە بگونجێنێت و خۆی بەدووربگرێت لە وشەی عەرەبی ..هتد

دەستت خۆش بابەتێکی جوانە بەهیوای زیاتر هۆشیاری ..

I added your subject to my favourite
دەست خۆش کاک زەندی منیش لەگەڵ بۆچوونی کاک هیوای بەڕێزم هیوادارم ئەم بابەتە نەچێتە خوارەوە بە شێوازێک دانرێت کە هەمیشە لەبەر چاو بێت یاخود لە کاتی نوسینی بابەتێک بە شێوەیەکی خۆکار بێتە پێش چاو پێش دەست کردن بە نوسینی بابەتەکە. سەبارەت بەوەی کە ئێمەی کورد دڵمان ناسکە کاک زەندی بڕوا ناکەم کەس دڵی بشکێت ئەگەر بەڕێوبەران تیشک بخەنە سەر هەڵەکان ئەوە هەڵەکان دووبارە نابنەوە، یاخوود ئەتوانن نوسەران بە پەیامی تایبەت ئاگادارکەنەوە. ڕاستە چاودێری کردنی هەموو ووردەکارییەکان کارێکی ئاسان نیە بەڵام هەندێک جار بۆچوونەکان زیاتر پێویستیان بە چاودێری کردنە وەک لە بابەتەکان سەرکەوتوبێت نوسەری ئەم بابەتە و کوردئایتیگرووپ .
ناشرین نیە ئەگەر شتێک نەزانین ناشرین ئەوەیە کە نەزانین و فێر نەبین.

دەستخۆش کاکە زەندی، ماندووش نەبی. چەند تێبینییەک:
خۆزگە سەرنجی وێنەرانت بۆ لای خاڵبەندی لە نووسیندا رابکێشایە، چوونکە ئەمە یەکێک لە بنەڕەتیترین بەشی نووسینە، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێندێک هاوڕێ و میوانی ئەم ماڵپەڕەوە رەچاو ناکرێ. شوێنی خاڵ، داش و باقی هێما و ئیشارەتەکان لە کوێن، ئەرکی کەوانە چیە و لە کوێدا دەبێ هەبێ لە کوێدا دەبێ نیە، گیومە بۆ چیە و دەبێ لە کوێدا بێ. گرینگر لەمانە ئەوەیە کە راستەوڕات لە دوای خاڵ و وێرگۆل ئیتر بۆشایی دێ، بەڵام لە پێشیانەوە بۆشایی نیە و یەکڕاست دوای دوایین وشە دادەنرێن.
چونکە ئەوەندەی من بزانم کەوانە () لە هەواڵدا نایە و ئەگەریش بێ بۆ راڤەکردنە ئەویش زیاتر بۆ مەبەستی خودی نووسەر. ناوەکان کە لە هواڵەکاندا دێن یان دەبێ وەک خۆیان بنووسرێنەوە یان دەبێ بکرێن بە کوردی ئیتر پێویست ناکا بخرێنە کەوانەوە. هەروەها گیومە "" لە هەواڵدا دەگمەنە و نایە مەگەر زیاتر بۆ خۆمان وەک کورد ئەو کارە بکەین.
ـ فەرهەنگی تکنۆلۆجیای زکورد، بەربەست کراوە و بۆ خۆیشت باش دەزانی کە ئەم بوارە رۆژانە وشەی نوێی پێ زیاد دەبێ و یان هەموو وشەکانی ئەو بوارە لەو فەرهەنگە چۆلەیەدا جێ نەکراونەتەوە، ئەو کاتە ئەرکی نووسەری هەواڵەکە چیە؟
ـ ئەرکی سەرشانی هەواڵنووسە کە هەردوو زمانەکە بە باشی بزانێ، تەنیا بەس نیە بکرێ بە کوردیەکی هاکەزایی. رێنووسی زمانی کوردی لەم بوارەدا زۆر بنچینەییە. هێندیك شت هەیە دەبێ بۆ خۆمان لەسەری ساغ ببینەوە. بۆ وێنە پیتی "واو" کە بە "و" دەخوێندرێتەوە، بە "وە" بینووسین کە منیش پێم دروستترە یان هەر وەک جاران بە "و" بینووسین؟ هەروەها وشەکانی "نووسەر" و "نووسین" ئایا بە ١ یان ٢ واو دەنووسرێن؟
ـ لەو هەواڵانەید کە وەردەگێڕدرێن، رەنگە بەشێکی زۆر سەرنج راکێش و پڕ زانیاریی بێ، بەڵام بەدوایدا چەند دێڕ نووسراون کە بایەخێکی ئەوتۆیان لەسەر هەواڵەکە نیە یان پێوەندیان بە مەبەستەکەی ئێمەوە نیە. لەو شوێنانەدا وەرگێڕ یان نووسەری هەواڵەکە دەتوانی ٣ خاڵ ... دابنێ، ئەگەر خوێنەر حەزی لێ بوو بۆ خۆی بچێ سەرچاوەکەی ببینێ و پاشماوەکەی بخوێنێتەوە.
من دیسان دەستخۆشیت لێ دەکەم و بە هیوام لەم پێوەدییەدا زیاتر بنووسی و روونکردنەوە بدەی.
هاوڕێیانتریش بیروبۆچوونی باشیان نووسیوە کە دەستی ئەوانیش خۆش بێ کە بەردەوام لە هاندان و پڕنێوەڕۆکتر کردنی باسەکاندا ئامادەن.

دەستخۆش کاک حامید@ بۆ تێبنییەکانت، بێگومان ئەم بابەتە کاک بەردەقانی ئاگادارە لەماوەیەکی زۆر کەما ئامادەم کرد، بۆ نا و بخرێتە ناو کەوان یا گیومە، خۆ ئێمە لەسەرچاوەکان کە ئەیخوێنینەوە ، لەکەواندا نین، ناو زیاتر لە ناردنی ئیمێڵ و نوسینی ڕاپۆرتدا دەکرێتەوە کەوانەوە، بەڵام کاتێ بۆ نمونە، کەسێک ناوی "بێڵ" کە ناوێکی ئینگلیزیە تۆ ئەگەر نەکەیتەوە نێوان گیومەیەکەوە، لەگەڵ پاچو خاکەناز و بێڵەکەی خۆمان تێکەڵ بێ، چونکە ئێمە بە پیتی عەرەبی دەنوسین.لەم بابەتەدا مەبەستمان لەوە نەبوو، کە من بە ووردی مەبەستم لەکەوانە و کۆما و خاڵ، ئەم شتانەبێت، کەوانە من بۆ خۆم لەکاتیکدا بەکاری ئەهێنم و تا ئێستاش بەکارم هێناوە بۆ ئەو وشانەی کەهەمان واتایان هەبێت ، ئەگەر تەماشابکەیت هەر لەم بابەتەدا، وێنۆچکە(ئایکۆن)م بەکارهێناوە کەواتە لێرەدا مەبەستم ئەوەیە وێنۆچکە واتەکەی ئایکۆنە، دیارە ئەمانەی ئامەژەت پێکردووە بەشیوەی تریش بەکاردێن، بەڵام زیاتر مەبەستمان ، هەر نەبێت باشتربین لە ئێستا، ئەگەرنا ناکرێ لەبابەتێکی وادا ، پیشانی بدەین لەکوێدا کۆماو لەکوێدا خاڵدا دائەنێین .
من بۆخۆم چەند جاریک داوام لەکاک زمانیار کردووە، کە زمانزانێکی باشی زمانی کوردییە، لەکەموکوڕی و هەڵە ئاگادارم بکاتەوە، مەمنوم ئەگەر تۆش لەهەر بابەتێکدا هەڵەیەکت بینی، ئاگادارم بکەیتەوە، چونکە کەسمان بێ هەڵە و کەموکووڕی نین، بەڵام ئەتوانین خۆمان باشتربکەین وە بەهەڵەش، فێرئەبین.
دوای تێبینیەکانت، پێداچوونەوەیەکم کرد، باسی پیتی "و" کردووە، بەڕاستی ئەوەیان کارێکی ئاسان نییە، من لەم چەند ساڵەی دواییدا بیستومە کە دوو پیتی "وو" لەسەرەتای وشەوە نایات.
وشە،ورد، وزە، ئەمانە هەر دوو پیتی "وو" بوون، مینش نازانم بۆ وای لێهات ، وشەی نووسەر، لە گوگڵ بگەڕێ ، سەدان کەس بە یەک "و" نوسیویانە و سەدانیش بە دوو " وو"
ڕۆژنامەنوس، ڕۆژنامەنووس. هەردوکی هەن، ئەمانە باسی زیاتر هەڵدەگرن، بەڵام ئێمە ئێستا سەدان و شەی عەرەبی و فارسی لەجێگەی وشە کوردییەکان بەکاردەهێنین، جارێ چارەسەری ئەوە بکەین ، ئەوەنەی تریش بەڕەخنەگرتن فێردەبین، مەبەستم تەنیا ئەم مالپەڕە نییە.
دووبارە دەستخۆش تێبینیەکانت جوانە، ئەگەر بتوانین ڕەچاوی بکەین، من بۆ خۆم ئەوەندەی بزانم ڕەچاوی دەکەم.
کاک حامیدی بەڕێز@ لەئێستا بەداوە هەرچی هەڵەیەکمانت بینی چاوی لێمەپۆشە، هەر لەهێما و پیت و هتد......
بەوشێوەیە هەموومان باشتر ئەبین.

سڵاو... ماندوو نه بی( ئاغازه ندی)...بابه تێکی به پێزه بۆ نووسه ر له هه ربوارێک؟له بۆ زۆر که س ئه یانه و ێ بنووسن وه ک به نده، شرۆڤه ئه کرێ به سه ره تای بیرکردنه وه ئاماده کاری بۆ ده ستدان به نوسه ر بوون ده سپێک.؛له خالی سفر هه تائاستێکی باش.

هەربژى کاک زەندى،

بە هیواى ئەوەى لە داهاتوو هەواڵەکان بە شێوەێکى دروست بنوسرێت،لە زانستپەروەرانى کورد هەندێک بابەت هەبوو حەزم کرد لێرە دایبنێم :) لەوانەیە سودى هەبێت :)
http://zkurd.org/?Besh=babet&babet=8

بژی کاک ئامانجی بەڕێز،
بەستەرێکی بەسودە، نازانم چۆنە تائێستا بەرچاوم نەکەوتووە!

زۆر سپاس کاکە زەندی دڵ گەورە و ئازیز، رێزت بێ گومان هەمیشە لەسەر سەرە. ئەوەش کە نووسیتە بە هەموویەوە لەگەڵتم. بەستەرەکەی زکوردیش کە کاکە ئامانج دایناوە زۆر بەکەڵکە و دەستی خۆش بێ.
دووبارە دەستی هەردووکتان خۆش. سەرکەوتوو بن.

بابەتێکی جوان و بەکەڵکە.
منیش دەمەوێت ئەم تێبینیە زیادبکەم.
دەربارەی (ئە) و (دە) کە دیارە (دە) لە نووسیندا دەنووسرێت و راستە.
چەند نمونەیەک
دەکرێت نەک ئەکرێت
دەنووسرێت نەک ئەنووسرێت
دەچێت نەک ئەچێت
دەخوێنێت نەک ئەخوێنێت ...هتد
بەهیوای ئەوەی کە هەموو هاوڕێیان لەکاتی نووسینی هەواڵ و لە نووسینی بۆچوونەکانیشدا رەچاوی ئەم خاڵانە بکەن، کە باسکراون.

دەستخۆشی لە کاك زەندی و بۆچووننووسەکانی تریش دەکەم بۆ ئەم باسە گرنگە.

ئەو تێبینییەی کاك تێکۆشەریش زۆر ڕاستە و وێژەییترە کە لە دەمەکانی فرمان (کردار)ی ڕانەبوردوو "دەنووسرێت" و ڕابوردووی بەردەوام "دەنووسرا" بە نیشانەی پێشگری (دە) لەباتی (ئە) بەکار بچێت. چونکە وەکوو وترا (ئە)ش دروستە، بەڵام زیاتر لاوەکی و ڕەمەکییە و (دە) دروستترە لەباری وێژەیی و نووسینەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، گەر بەراوردێكی سەرەتای نووسینی کوردی هەر لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییەوە تا ئەم سەردەمە نوێیەی کە شۆڕشێكی زانیاری بەخۆوە دیوە، بەکارهێنانی (ئە) زۆر کەم بۆتەوە و بەرەو نەمان چووە؛ کە ئەمەم لەلا پێڤاژۆ (پرۆسە)یەکی تەندروستە و لە زمانەکانی تردا وەکوو ئینگلیزی بەدی دەکرێت و یەكێکە لە هێماکانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زمان. بەڵام ئەم جۆرە پەرەسەندنانە بۆ زمانی کوردی گرنگییەکەی زیاترە، چونکە دەرهاویشتەیەکی ئەرێنییە بۆ خەمڵینی زمانێكی یەكگرتووی وێژە و نووسینی زمانە شیرینە بێكەسەکەمان.

جێی خۆیەتی کە بەبیر خۆم و کاك تێكۆشەر و گشت نووسیارانی کورد بێنمەوە کە نووسینی (ڕ) لە سەرەتای وشەشدا هەر پێویستە بە (ڕ) بنووسرێت؛ دەبێت ئەو ڕا کلاسیکە ئیتر لە سەردەمی تەکنۆلۆجیای زانیارییەکاندا با و بنەمای دروستی نەماوە و دەبێت بە فەرامۆشی بسپێرین کە دەیگوت: "دەبێت پیتی (ڕ) لە سەرەتای وشەدا بە (ر) واتە ڕێی ناقەڵەو بنووسرێت، چونکە هیچ وشەیەكمان نییە لە كوردیدا بە (ر) یان ڕێی ناقەڵەو دەست پێبکات و هەمووی بە ڕێی قەڵەوە دەست پێدەکات و دەخوێنرێتەوە." بەشی دووەمی ڕستەکە ڕاستە، بەڵام بەشی یەکەم چەوتە و بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە زانیاری شۆڕشێکی ئەلەکترۆنیی وای بەخۆوە دیوە کە تەنانەت جیاكردنەوەی پیتەکانیش دەبێت حیسابی وردی بۆ بکرێت، کە گەڕان بۆ وشە و دەستەواژەكان لە ئینتەرنێتدا دیارترین نموونەیە بۆ ئەم پێویستییە. بۆ نموونە کە من بمەوێت بۆ (ڕاست) یان (ڕەچاو) بگەڕێم، قەت بەم شێوەیە بۆم نادۆزرێتەوە کە بنووسم (راست) و (رەچاو).

سەرکەوتوو بن!

دەستخۆش بەڵام پێم سەیرە کە دەڵێی: (ئە)ش دروستە، بەڵام زیاتر لاوەکی و ڕەمەکییە! چونکە زۆربەی نووسینە کۆنەکان بە جۆرە نووسراون. من هەر ئێستا کور و کوردستانی محەممە ئەمین زکیم لەبەر دەستدایە و "ئە"ی بەکار هێناوە! رەمەکی و لاوەکی یانێ شتێک کە زۆر بێ بایەخ و بەکارنەهاتوو نەک ئەوەی کە لە سەدان کتێب و بەڵگەی مێژوویدا بەکار هاتبێ.
لەسەر "ڕ" لە سەرەتادا. ئەمە چ پێوەندی بە تکنۆلۆژیاوە هەیە؟! خۆ پێشتریش "ڕ" هەبووە و هیچ پێویستیشیان بە تکنۆلۆژیا نەبووە. تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە هەموو "ڕ"کان لە سەرەتادا قەڵاون بۆیە پێویست ناکا بە "ڕ" بنووسرێن. خۆ ئێمە ناتوانین بۆ خۆمان بڕیار لە سەر رێزمانی کوردی بدەن! ئەم پێویستە ناوەندێکی زمانزانی بیکا. یان کۆڕێکی خاوەن بڕیاردان. نەک ئێمە ئەوەی پێمان خۆش بێ یەکسەر و بێ ئەملاو ئەولا بە خەڵکی بڵێین وا بکەن. ئەمەش خۆ کەسیک بۆ خۆی داینهێناوە. دەیان کەسی خاوەن بڕوای زمانەوانی لەسەر دواون.
من رێزێک زۆرم بۆ بۆچوونەکانت هەیە، بەڕاستیش زۆر جوان بۆ هێندیک بابەتی زمانەوانی دەچی. بەڵام من لەگەڵ ئەوەدا نیم بە خەڵکی بڵێین وا بکەن و وا نەکەن لە بەر ئەوە "ئە"مە دروست و ئەوە درووست نیە.
سەرکەوتوو بی.

سەرەتا منیش دەستخۆشیتان پێدەڵێم و سوپاستان دەکەم كە تێبینی و بۆچوونەکانی خۆتان دەربڕیوە.
ئەزیزم، پێویست ناكات وا بەو هەستیاری و حەساسییەتەوە بۆچوونەكانم وەرگریت و لێكدانەوەی نەشیاوی بۆ بکەیت.

سەبارەت بە (ئە) و ڕەمەكی و لاوکیبوونی، سەرەتا دەبێت ئەوەت بەبیر بێنمەوە کە جەنابتان بەلینگەوقووچی لە مانای لاوەکی و ڕەمەكی گەیشتوون. لاوەکی یاخود ڕەمەکی بەو مانایە نایەت کە بەکار ناهێنرێت و بێبایەخە، وەك تۆ لێکتداوەتەوە؛ ئەگەر ئێستا تۆ من بوویتایە، دەتگوت قسەت خستۆتە سەر زمانم... هههها. نەخێر، بەڕێزم لاوەکی واتە سەرزارەکیی خەڵك و بەبایەخ و بەکارهێنراو لای خەڵك و لە ئاخافتنی زارەکی (شفاهی)دا، كە دروست دەکاتە پێچەوانەی ئەو بەرداشتەی تۆ كردووتە. تەنیا مەبەستی من لە زمانی وێژە و نووسینی نوێدا بوو کە بەپێی کات کەم بۆتەوە و بەرەو نەمان چووە و دەچێت. منیش لەگەڵ ئەوەم کە لە کۆندا بەو شێوەیە نووسراوە و بگرە ڕێنووسەکەشی ئاوا بووە (أ)، بۆ نموونە لەوانە ئەم ڕستەیەیان "ئەو ئیرادەی كرد و ئەز ئیدارەی نەكرد." بە ڕێنووس و ئیملای ئەوکاتە ئاوا نووسیبا "أو إرادەي كرد و أز إدارەی نكرد.".

وەكوو لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا، پاش ئەو وەرچەرخانە ئەلەکترۆنییەی لە تەکنەلۆجیای زانیارییەكاندا هاتۆتە ئاراوە، پێوەندییەکان ئەوەندە توندوتۆڵ و ورد بۆتەوە، كە پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە نەك تەنیا بە پیتەكاندا، بەڵکوو بە گشت بوارەكانی زانیاریدا بچینەوە. بەم پێیەش زمان بەشێكی گرنگی تەکنەلۆژیای زانیارییە بۆ هەر میللەتێك، کە لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایەدا كارلێكی زۆر نزیكیان پێکەوە هەیە. هەرکەس لێدوانی سەرەوەی بەدیقەت و لە ڕوانگەیەكی دوور لە دەمارگیرییەوە بخوێنێتەوە، بەئاسانی و ڕاشكاوانە تێدەگات لەبەرچی نابێت لە سەرەتای وشەدا (ڕ) بە (ر) بنووسرێت. ئەوەندە بەسە كە هەر پیتە و ڕەسمێكی تایبەتی بۆ دانراوە بەو پێیەی هەر دەنگێك لە كوردی و هەر زمانێكی تردا بۆ خۆی یەکەیەکی سەربەخۆیە و دەبێت هەر واش ڕەفتار (مامەڵە)ی لەگەڵدا بكرێت.

باشە، پێمانناڵێیت ئەو ناوەندە زمانزانی و کٶڕە بڕیاردەرە كامەیە و و لەكوێیە كە ئەوەندە دڵسۆزە تا هانای بۆ ببەین و چارەی كێشەکانی زمانەکەمانی پێبكەین؟!!! بەڕێزم، كوردی هەر وا بێكەس و بێدەسەڵات بووە، بۆیە كەسانێكی وەكوو من و تۆیش زكی پێدەسووتێت!!!

سەبارەت بەوەی كە بە خەڵکم وتبێت وا بكەن و وا نەکەن، لەو باوەڕەدا نیم لەمەشدا پێكابێتت. من ئێستاش و بەردەوام هەرچی لەگەڵ ڕێنووسی كوردیدا نەیەتەوە و هەڵە بێت، بەپێی توانا دەستنیشانی دەکەم و ئەگەر دروستەکەی هەبوو، ئەوە بۆیان ڕوون دەکەمەوە و ڕایاندەسپێرم كە دروستەکەی بنووسن. بەڵام بڕیاری کۆتایی لای تاکەکەسەکان خۆیانە و کەسیش ناچار نەكراوە كە چۆن بنووسێت. هەرچیم کردبێت، تەنیا بەرچاوڕوونییە و قەت ڕاستەوخۆ بە كەسم نەوتووە و ناڵێم كە ناچاریت بە شێوەیەك بنووسیت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە مافی بێئەملاوئەولای خۆمی دەزانم كە بەرگری لە بۆچوونە زمانەوانییەکانی خۆم بەبەڵگەوە بكەم و ڕەخنەی بنیاتنەر و زانستیش لە هەرکەس و هەرلایەنێك بێت، بگرم و هیچکەسێكیش ئەو توانستەی نییە ئەو مافەم لێ زەوت بکات. لە لایەکی تریشەوە بە هەمان ئەو مافانە بۆ لایەنەکەی تر و بەرامبەرەکەشم قایلم و زۆریش شانازی دەكەم کە هەرکەس لە بوارەکەی خۆیدا بەبوێری و ڕاشكاوانە ڕای خۆی دەربڕێت.

لەگەڵ ڕێزی منیش بۆ بۆچوونەكانت و بەتەنگەوەهاتن و دڵسۆزیت بۆ زمانی كوردی. بەڕاستی کەم کەس دەناسم کە وەك جەنابت گوێ بە زمانی كوردی بدات و بەجیددی مشتومڕ لەوبارەوە بكات. بۆیە دڵنیا بە كە من تا ئەو ڕادەیەی لێدوانەکانتان ڕێزی تێدا بێت، پێی قەڵس و تووڕە نابم و بگرە دڵخۆشتر دەبم و ئەم شێوە گفتوگۆیانە بە ڕێڕەوێكی سروشتی و تەندروست دەزانم بۆ زانین و فێربوونی زیاتر بۆ خۆم و بەرامبەرەكەم و كەسانی تری خوێنەریش.

سەركەوتن بۆ هەموو لایەك!

تۆ لە من تێنەگەیشتووی بۆیە وات نووسیوە، یان بەراستی مانای "رەمەکی"نازانی. مانای دیکەی "رەمەکی" "لەگۆترەیە"، ئەگەر سەرنجیش بدەی "لاوەکی" ماناکەی بە خۆیەوەیە. واتە ئەسڵ نیە و لە لاوەیە کەواتە زۆر گرینگ نیە.
لەسەر ئەویتریشی بۆ هەموو کاتێک بەو سێوە هەڵدەچێ و یەک تۆمار پاکانە دێنیتەوە؟! یان پێت خۆش نیە کەسیتر بیروڕای خۆی دەرببڕێ و دەتەوێ تەنیا بیروڕای خۆت بسەپێنی. ئەمەش مەگەر هەر بە لای خۆتەوە پەسند بێ!
خۆزگە یەکجار بە بێ هەڵچوون و تووند نووسین، بە ئارامی نووسینەکانت دەخوێندەوە و بە ئارامی وڵامت دەدایەوە. پیاوی حەسێبی لە نووسینەکەتدا دیارە خوێن بەری چاوی گرتووی.
مەبەستی من بە گشیتی یە کە بە کورتیش دەینووسم بۆ ئەوەی جەنابت تاکوو کۆتاییەکەی دەخوێنیەوە، هەوەڵەکەیت لە بیر نەچێ.
باش بیری لێ بکەوە کە ئەگەر ئێمە بێن و ئەوەی تۆ دەیڵێی بە بێ ئەملاو ئەولا بەجێی بێنین، ئەمە دەکاتە تەنیا دە کەس لە چەند میلیۆن لەو خەڵکەی ئەو زمانە بەکار دێنن. با ١٠ کەس نەبێ و هەموو کوردئایتی و زانستپەروەران و هێندێکیتریشی پێ زیاد بکەین بوو بە ١٠٠ کەس ئەی پاشماوەی ئەو هەموو خەڵکە چی بکا؟
باشە ئێمە کێین کە بێین بە بێ پرس و ڕا بە کەیفی خۆمان دایتاشین و بڕیار بدەین؟ کەس بەقسەمان دەکا؟! هەر ماڵپەڕ و بڵاگ و گرووپێک بێن و بۆ خۆیان رێزمانێک و شێوە نووسینێک بۆ خۆیان داتاشن خۆ ئەمە رۆژ نابێتەوە. دەبێ زۆر لەوە بەربڵاوتر بیری لێ بکەیتەوە. بچۆن ناوەندێکی زمانناسی هەڵبژێرە چەند کەسی خاوەن بیروڕای زمانەوانی لە دەوری خۆت کۆ بکەوە، بە فەرمی بڕیار بدەن، منیش بەسەرچاو لە بۆچوونەکانتان دەرناچم. بەراستی ئەمە تۆ دەیکەی لە بێسەروبەرەیی کورد و هەژاری زمانی کوردییدایە. دەنا لە هیچ میللەتیکیتردا بەم شێوە کار ناکرێ.
من مەبەستم تۆی "نەوعی" نیە. بە گشتی هەر کەسێک بە تەنیا بڕیا بدا پێی دەڵێم. دەبێ ئەوە باش بزانین کە هەرکەسە و بۆ خۆی بە تەنیا شێوە نووسینێک بۆ خۆی هەڵبژێری دەبێ بە شەلەم شۆربایەک ئەوسەری نەبێتەوە.
تۆ دڵسۆزی دروستە، من هیچ شکم لەوەدا نیە، پێشتریش لێرە و لە سەکۆکەیتریشدا نووسین زۆر بۆچوونی باشت لەسەر زمان هەیە، هیچ لاریشم لەوە نیە دەیزانی، دڵنیا بە پێمخۆشە دە هێندەیتریش بزانی. بەڵام بە کورد و کرمانجی من لەو باوەڕەدا نیم کە تاکە کەسێک بڵێ وا دروستە و وا هەڵەیە و دەبێ ئێمە وا بکەین. ئەمەیە کە من پێم ناحەقییە لە بەرامەبەر زمانەکەماندا.
خۆشم گەرەکی و رێزیشم بۆت هەیە بەڵام لەم بوارەدا بە رووتی قسەی خۆم دەکەم.
سەرکوتوو بی.

من لێرەدا پێشنیارێکم بۆ ئەو کەسانە کە لێرەدا هەواڵ دەنووسن، هەیە. ئەویش ئەوەیە کە دەبێ جیاوازی بخەینە نێوان "ناو" و "نێو".
هەر وەک لە زمانەکانیتردا باوە کە "ناو" (اسم) یان "نەیم" کە لە زۆر زماندا بەڵام بە دەربڕینی جیاوازەوە بەکاری دێنن، بۆ ناو بەکار بهێنین و "نێو" بۆ "IN" یان "داخل، تو، درون.
نموونە:
ناوی تۆ چیە؟ نەک "نێوی تۆ چیە؟
لە نێو ئەو ماڵەدا. نەک " لە ناو ئەو ماڵەدا"
لە نێوەڕاست، نەک ناوەڕاست.
ناوبانگ نەک "نێوبانگ"
چووتە نێو دڵمەوە (چووەتە دڵمەوە) نەک چووەتە ناو دڵم.
نێو زگ نەک "ناوزگ"
لە نێو دارستاندا، نەک "لە ناو دارستان"دا
لە نێو شاردا، نەک "لە ناوشاردا"
لەو نێوەدا لە ناویم پرسی، نەک "لەو ناوەدا لە ناویم پرسی"
زۆر نموونە و وینەیتر دەتوانم بێنمەوە بەڵام وەک لەسەرەوە نووسیومە ئەمە تەنیا وەک پێشنیارە، ئەگەر راتان لەسەری بێ بۆ خۆمان تەنیا بۆ ئەم گرووپە نەک بۆ خەڵکیتر لەسەری ساغ ببینەوە. چوونکە بەراستی جار و بارە دەبینم هاوڕێیان ئەو دوو "ناوە"، "وشە" یان "دەستەواژە"یە تێکەڵ دەکەن.
وەک وتم بە کورتی "ناو" تەنیا بۆ اسم
نێویش بۆ "داخل، تو"
لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەمووتان

زۆر ڕاستە کاك حەمید!!! تەنها ئەوەی دڵەکە نەبێت!! چونکە لەویدا دەتوانی بڵێی ناو دڵم... جونکە ئەم واتەیە بە زۆری لە نیوان خۆشەویست و عاشقاندا بەکاردەهێنرێت..لەم جۆرە حاڵەتانەشدا باس لە باسی کەسایەتی و دۆزینەوەی کەسایەتی دەکرێت. بۆ نمونە من خۆم لە ناو دڵی تودا دەدۆزمەوە!!!

سڵاو کاکە کەیانی زۆر بەڕێز. دەستەکانت خۆش و ماندووش نەبی. ئەوەش جۆرە بۆچوون و بیرێکە کە جەنابت بۆی دەچێ. بەلام ئەی ناکرێ بۆ هەموو "نێو" و "لەنێو"ێکدا نێو بەکار بێنین؟ چوونکە ئەمەی تۆ دەیڵێی بە جۆرێک هەرچەندە کەمیش بێ هەرمانەکەمان لێ دژوار دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە تازە فێر دەبن، دەبێ بیرە لەوە بکەنەوە بزانن لە کوێدا "نێو" و لە کوێدا "ناو" بەکار بێنن. بەڵام ئەگەر یەکلامان کردەوە ئەوکات زۆر هاسانترە. چوونکە ئەو کات تەنیا ٢ هەڵبژاردنت لە بەردەستایە و هیچیتر، بەڵام ئەگەر وای لێ بێ کە دەنابت نووسیوتە، دەبێ بە سێ و دواتر شتی دیکەشی لێ دەکەوێتەوە کە لە نێوانان دوو کەسدا روو دەدا، روودەدا و ئەمەش بۆ خۆی دیسان بە شوێندا چوونی دەوێ و دیسان پرس و جۆی دەوێ.
سەرکەوتوو بی و زۆریشم پێ خۆش بوو کە بۆچوونی خۆت نووسی. هیوادارم کەسی وەک جەنابتان لەم سەکۆیەدا زیاد بکەن.
بژیت بەسەربەرزی

کاک زەندی دەستخۆش!
شتێکی لەم بابەتەش پێویستە بۆ بی بی کۆدەکان و نموونەیان:
http://zkurd.org/aras/babet/
سوپاس.

تا ئێستا بابەتم بڵاو نەکردۆتە لەبەر ئەوەی نەم ئەزانی چۆن ئامادەی بکەم بەڵام ئێستا دەتوانم بەڵام گەورەترین کێشەی من سەرچاوەیە نازانم ئێوە لە چ سەر چاوەک هەواڵ وەردەگرن؟

ماندوو نەبی رەوەند گیان. جا جیاوازی چیە لە کام سەرچاوەوە بێ، گرینگ ئەوەیە کە هەواڵ بێ و شتی نوێی تێدا بێ و لە سەر زانستی ئای تی بێ. هەموو سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو دەبێ. هەرچەندە زمانی باشتر و زیاتر بزانی هەواڵی زۆرتر و پڕ نێوەڕکتر دەنووسی. سەرکەوتوو بی. ئەگەر گرفتێکیش بوو ئەوا لە خزمەتداین. بژیت.

ئەگەر چەند سەرچاوەیەکم بۆ دانێی زۆر سوپاست دەکەم کاک حامیدی بەرێز

بەسەر چاوە راستەکەم هەر تۆ و هەر سەرچاوە، فەرموو:
http://www.reuters.com/news/technology
http://news.cnet.com/
http://www.newscientist.com/section/tech
http://www.bbc.co.uk/news/technology/
http://www.voanews.com/english/news/science-technology/
بۆ خۆت دەتوانی لە گووگڵ و لە شوێنەکانیتریشدا وشەیەک کە پێوەندی بە ئایتیەوە هەبێ بنووسە بۆت دەدۆزێتەوە. بۆ خۆشت ئەگەر هەست دەکەی کە شوێنێک هەواڵی نوێی و تەڕ و تازە و گەرم و گوڕی پێوەندیدار بە ئایتیەوە بڵاو دەکاتەوە. گەرماوەگەرم بیکە بە کوردییەکەی خۆمان و لێرە داینێ. سەرکەوتوو بی.

دەستەكانت خۆشبێت

پەڕگەیەکی PDF م لابوو، دەربارەی چۆنەتی دانانی خاڵ و کۆما و نیشانەکای تری نوسینی کوردی بەپێوستم زانی، کەخۆشم ناتوانم ١٠٠% لەجێگەی ڕاستدا دایانبنێم، بەڵا خوێندنەوەی زۆر سودی دەبێت.
بینیومە لەنێوان ڕستەیەک و وشەی "بەڵام" دا کۆما دانەنراوە، هەندیک جار دانەنانی یەک خاڵ بەتەواوی واتای ڕستەکە دەگۆڕێت.
نمونەیەکی نەرویجیتان بۆ دەنووسم
Stopp ikke drep بەواتای مەوەستە بیکوژە
بەڵام ئەگەر خاڵێک دابنێین
Stopp. ikke drep واتا، بوەستە. مەیکوژە
خاڵێک لێرە مرۆڤێک ڕزگار دەکات لەکوشتن.

دڵنیام لەکوردیشدا نمونەی وا هەیە، بەلام لەم کاتەدا من لەبیرم نییە، لێرە لەهەواڵدا بینومە کە واتاکەی گۆڕیوە.
سەرکەتووبن

مەبەستت ئەمەیە هاوڕێ: خاڵبەندی ؟

بەڵێ، خەرمان بەرەکەت.
زۆر لەو پەڕگە (PDF) ی من دامناوە، باشترە.
دەستخۆش